پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

زاری كرمانجی - پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رۆژی دووشەممەی داهاتوو پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی دوایین ئەنجامی گفتوگۆی شاندەکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ حکومەتی عێراق.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو بچنە پەرلەمان و دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرلەمان روون بکەنەوە.

سامان ئەحمەد به‌كر، بەڕ‌ێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە "هەریەک لە وەزیری دارایی و كاروباری ئابووری، وه‌زیری پلاندانان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، یاوەریی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەن لە هاتنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی "بڕیارە شاندی دانوستانکار لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 2020/12/28، لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی (دارایی و كاروباری ئابووری، كاروباری یاسایی، وزه‌ و سامانە سروشتییەکان) کۆببنەوە و روونکردنەوە لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بخەنەڕوو و دوایین ئەنجامی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بخەنە بەردەم پەرلەمان و وردەکارییەکانی گفتوگۆکان بۆ پەرلەمان روونبكه‌نه‌وه‌".

سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له ‌وه‌ڵامی نووسراوی ژماره‌ 2906ی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له ‌رێكه‌وتی 2020/12/16 ئاراسته‌ی حكومه‌تی كردووه‌ و تیایدا داوای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند كردووه‌، به ‌نووسراوی ژماره‌ 9019 كه‌ له ‌رێكه‌وتی 2020/12/23 ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی كردووه‌، ئاماژه‌ی به‌وه ‌داوه‌ كه ‌رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 2020/12/28، شاندی دانوستانكار له ‌په‌رله‌مان ئاماده‌ ده‌بن.

زۆرترین بینراو