پەكەكە بەربەست لە بەرامبەر گەڕانەوەی شنگالییەكان دروست دەكات

پەكەكە بەربەست لە بەرامبەر گەڕانەوەی شنگالییەكان دروست دەكات

رەمەزان هەرنی - شنگال: دوای ئەوەی لە رۆژی 3 ی ئابی ساڵی 2014 چەكدارانی داعش قەزای شنگالیان داگیر كرد، بەو هۆیەوە بە هەزاران كەس رفێنران و دەربەدەربوون، هێزەكانی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە رۆژی 12-11-2015 شارەكەیان ئازاد كردەوە، بەڵام لەبەر هەندێك گرووپی چەكداری تا ئێستا رێژەی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە شارەكە ناگاتە 20%ی خەڵكی ناوچەكە.
مەحما خەلیل, قایمقامی قەزای شنگال بە زاری كرمانجی گووت:" رەوشی شنگال لە رووی ئەمنی و ئابوورییەوە هیچ باش نیە، هەر بۆیە ژمارەیەكی زۆر كەم لە هاووڵاتیانی شارەكە گەڕاونەتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ خزمەتگوزارییەكی ژیانكردن لە شنگال بوونی نیە، حكوومەتی عێراق و حكوومەتی خۆجێی مووسڵ ئاگایان لە شنگال نیە و شارەكەیان بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە.
خەلیل، گووتیشی:" نەگەڕانەوەی هاووڵاتیانی شنگال دوای چەندین ساڵ لە ئازادكردنی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی، بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری، بارودۆخی شارەكە لەرووی ئەمنی خراپە، پەكەكە لەناوچەكەیە، ئەمانە هەموو هۆكارن بۆ نەگەڕانەوەی خەڵكی شارەكە، مەترسی چەكدارانی داعشیش رۆژ بۆ رۆژ زیاتر دەبێت، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەكە شنگال لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بۆردوومان دەكرێت.
قایمقامی شارەكە، ئەوەشی خستەڕوو :" لە سنووری شنگال پەكەكە بوونی هەیە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی ناوچەكە و بەربەست لە بەرامبەر گەرانەوەی شنگالیەكان دروست دەكەن ".
مەحما، زیاتر دەڵێ:" حكوومەتی عێراق لە ئاست گەورەیی كارەساتی شنگال هیچ هەنگاوێكی نەناوە، هەروەها هیچ هەنگاوێكی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و نۆژەنكردنەوەی مەزارگە ئێزدیەكان نەناوە و هیچ بڕە پارەیەكی تەرخان نەكردووە، لە هەمانكاتدا بە توندی دژی ئەو هەنگاوەی حكوومەتی عێراق دەوەستینەوە كە بریاری دروستكردنی كەمپێكیان داوە بۆ خێزانەكانی داعش لە سنووری شنگال، تا كۆتایی رێگری لە كردنەوەی كەمپە دەكەین, ئەگەر حكوومەتی عێراق هەر لەسەر هەڵوێستی خۆ سوور بوو، هەڵوێستی ترمان دەبێت.
قایمقامی شنگال، دەشڵێ:" رێژەی ئەو خێزان و هاووڵاتیانەی دوای ئازادكردنی شنگال لە ساڵی 2015 گەراونەتەوە شارەكە نەگەیشتۆتە 20%، ئەوانی دیكە هەموو لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان دەژین.
مەحما خەلیل، گووتیشی:" وەكو ئیدارەی شنگال و خەڵكی ناوچەكە سوپاسی سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە رۆڵێكی گرنگیان هەبووە لە یارمەتیدانی شنگالیەكان لەرووی ماددی و مەعنەویەوە, لە هەمانكاتدا نێچیرڤان بارزانی لەو كاتەوە نووسینگەیەكی تایبەتی كردۆتەوە كە تایبەتە بە ئازادكردنی رفێنراوەكانی ئێزدی كە بەهۆی ئەو نووسینگەیەوە تا ئێستا زیاتر لە 3500 كەس لەدەست داعش رزگاركراون.
لە كۆتاییدا مەحما خەلیل, قایمقامی قەزای شنگال ئەوەشی گوت:" ئەو كاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو ماستەر پلانێكی دانا بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال، كە بەهۆی شەڕی داعش تەواوی شارەكە وێرانبووە, بەڵام بەداخەوە خیانەتی 16 ی ئۆكتۆبەر ئەو پلانەی لەناو برد تا ئێستا شنگال وەكو خۆ ماوەتەوە و ئاوەدان نەكراوەتەوە".

زۆرترین بینراو