پەكەكە راستییەكی تاڵە

ئاسۆ حاجی

 

پەكەكە بۆ هاوكاری كردنی ئێران و پاشەكشێ پێكردنی توركیا لە سوریا شەڕی خستەوە ناو باكووری كوردستان و بە دەیان شار و شارۆچكە و گوندی وێران كرد و سەتان هەزار خێزانی ناچاری ئاوارە كردن كرد، پەكەكە بە كوشتنی دوو پۆلیس لە غازی عەنتاب پڕۆسەی ئاشتی تێكدا كە زیاتر لە شەش ساڵ بەردەوام بوو و زۆر دەسكەوتی نەتەوەیی بۆ كورد بەرهەم هێنابوو تا ئەو ڕادەیەی شارەكانی باكووری كوردستان بە تەواوی لەلایەن كوردەوە بەڕێوە دەچوون.
پەكەكە هەموو شتێكی دۆڕاند، باكووری كوردستانی سوتماك كردەوە و لەوێ دۆڕا، نیوەی رۆژئاوای كوردستانی لە دەڤەری عەفرین رادەستی سوپای توركیا كرد و لە رۆژهەڵاتی كوردستان رێگری لە پارتە رەسەنەكانی ئەو پارچەیە دەكا و بۆتە پارێزەری سنوورەكانی ئێران و لە باشووری كوردستانیش بەشێكە لە هەموو ئەو هەوڵانە دراون و دەدرێن بۆ لەناو بردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان، كە تاكە قەوارەی نەتەوەیی و نیشتیمانییە و كوردانی هەر چوار پارچە بە ئومێدەوە لێی دەڕوانن.
ئەوانە حەقیقەتی پەكەكەن و بۆ كورد حەقیقەتی تاڵن بۆیە بۆ هەندێك كەس هەرەس كردنیان زەحمەتە و هەندێكیش لە ژێر سۆز و عاتیفەی میدیای سێبەر و درۆینە خۆیان هاویشتۆتە سەنگەری بەرگریكردنێكی كوێرانە و هەر راستییەك لەوانە بگوترێ وەك دژایەتی كردنی دۆزی كورد و پاڵپشتی كردنی داگیركاری توركیا لێكی دەدەنەوە، بەبێ ئەوەی پرسیار لەوە بكەن ئەو هێزەی پەكەكە لە شەنگال دروستی كرد بۆ دواتر بووە بەشێك لە حەشدی شەعبی و ئێستا ئەوان رێگرن قائیمقام و ئەندامانی ئەنجوومەنی قەزا و بەرپرسی فەرمانگەكان كە كوردن بگەڕێنەوە شەنگال و ئەو قائیمقامە دەپارێزن كە حەشد بە سەر شەنگال سەپاندوویەتی، یان پرسیاری ئەوە بكەن بۆ چی ئێستا كە خەریكە لە كەركوك پاشەكشێ بە حەشد و سوپای عێڕاقی دەكرێ پەكەكە سەر لەنوێ هێز لەو ناوچانە دروست دەكاتەوە، ئایا دەیەوێ وەك پێش شازدەی ئۆكتۆبەر دەست بەسەر ئەو ناوچانە دابگرێتەوە كە ئێران پێویستی پێیانە و ئەو رێگایانە بپارێزێ كە ئێران بە سوریا گرێ دەدەن.
باشترە بە دنیابینییەكی واقعیانە و كوردانە پرسیار بكەین، ئایا باكوور پێویستی بە ئازاد كردنە یان باشوور؟ ئەدی پەكەكە زیاتر لە سی ساڵ ئەو قسەیەی نووسەری تورك ئیسماعیل بێشكچی دووبارە نەدەكردەوە كە دەڵێ :"خراپترین حوكمی كورد لە سەر كورد باشترە لە باشترین حوكمی داگیركەران".
ئایا لە عەفرین رووبەڕووی سوپای توركیا ببیەوە باشترە یا لە سیدەكان و برادۆست بەهانە بۆ سوپای داگیركەری توركیا دروست بكەی و داوەتی داگیركردنی باشووریان بكەی.
لە كوردەواری گۆتنەك هەیە دەڵێ :" ئەوەی لە مازیانت دۆڕاندیە بە ماچیچكان تێنایێتەوە"، پەكەكەش ئەوەی لە باكوور و رۆژئاوا دۆڕاندویەتی بە گێچەڵ كردن بە باشوور و رۆژهەڵات ناتوانێ تێی بێنێتەوە.

زۆرترین بینراو