پەنجا و پێنج گوندی دەڤەری برادۆست گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە

پەنجا و پێنج گوندی دەڤەری برادۆست گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە

موڕشید برادۆستی - سیدەكان : دەیان گوندی دەڤەری برادۆست لە سنووری كارگێڕی ناحیەی سیدەكان گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و بەدەست كەمی ئاوی دەناڵێنن .
دەڤەری برادۆست دەكەوێتە سنووری شارەدێی سیدەكان سەر بە قەزای سۆران، ناوچەیەكی شاخاوی و بەرفراوانە و لەگەڵ ئەمەشدا كێشەی ئاو لە زۆربەی گوندەكانی هەیە .
عەبدوڵڵا شێخۆ موختاری گوندی نزاری لە دەشتی هێرتێی سیدەكان بە زاری كرمانجی گووت " گوندەكەمان لە زۆربەی خزمەت گوزاریەكان بێبەشن و دیارترینیان بێ ئاویە، ماوەی چەندین ساڵە كێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە و رۆژ بە رۆژیش نزاری بەفراوانی بەخۆیەوە دەبینێت و كێشەی كەم ئاویش گەورەتر ئەبێ، تۆڕی ئاوی گوندەكەمان و سەرچاوەی ئاومان خراپە و پێویستە حكومەت ئاوڕێكمان لێ بداتەوە .
ئەو موختار دەڵێت " پێشتر لێدانی بیر ئاسایی بوو زۆبەی گوەندەكان لە رێگەی بیر رزگار بوونە لە بێئاوی، ئێستا حكومەت هەم رێگرە لە لێدانی بیر و سیستەمی دابەش كردنی ئاویشمان بۆ چاك ناكات و بەردەوام گوندەكەمان كێشە و گرفتی ئاوی هەیە، لە رێگەی وشە داوای كرد ئاوڕێك لە گوندەكەیان بدرێتەوە .
جیا لەو گوندە چەندین گوندی تر لە دەشتی هێرتی دەڤەری برادۆست بە دەست كەم ئاوی دەناڵێنن، عەبدوالڕەزاق كانیەڕەشی موختاری گوندی بەرمیزە لە سیدەكان لە لێدوانێكیدا بە زاری كرمانجی گووت" رێژەی دانیشتوانی گوندەكەمان زیاتر لە 250 ماڵە و بەهۆی كەمی ئاو ژیان و گوزەرانی گوندەكان زەحمەت بووە و بێزار بووینە، ئەمەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی لە گوندەكەمان و گوندەكانی دەورووبەریشمان رێژەیەكی زۆری ماڵان ئێرە جێبهێڵن و روو لە سۆران و سیدەكان بكەن، چەندین جار داواكاری چارەسەر كردنی گرفتی كەم ئاوی گوندەكەشمان بەلایەنی پەیوەندی دار گەیاندوە بەداخەوە تا ئێستە چارە نەكراوە، بۆیە ئەگەر بێتوو كێشەی كەم ئاوی چارەسەر نەكرێت ناچارین گوندەكەمان چۆڵ بكەین، .
هاوكات، جلال قادر هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی مجێسەر سەر بە ناحیەی سیدەكانە بە زاری كرمانجی گووت " ماوەی چەندین ساڵە كێشەی سەرەكی ئێمە لە وەرزی هاویینان كەمی ئاوی خواردنەوەیە، حكومەت رێگە بە خەلكی گوندەكان نادات لەسەر ئەركی خۆیان بیر لێ بدەن و لە كەم ئاوی رزگاریان بێت، بۆیە لە رێگەی زاری كرمانجی داوای چارەسەر دەكەین .
لەلای خۆشیەوە، جامی خورشید بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەكان بە زاری كرمانجی راگەیاند": نزیكەی 55 گوندی برادۆست لە سنووری فەرمانگەكەمان بەهۆی خراپی و كۆنی تۆڕەكانی دابەش كردنی ئاو و نەبوونی حەوز و وشكبوونی سەرووچاوەكانی ئاو بەردەوام كێشە و گرفتی ئاوی خواردنەوە لەو گوندانە هەیە، هاوكات نزیكەی 60 ماڵی گەڕەكی فەرمانبەرانیش هەمان كێشەیان هەیە، بەمەبەستی چارەسەركردنی كاتی حكومەتی هەرێم ساڵانە بە تانكەر ئاو بۆ ئەو گوندانە دابین كردوە بەتایبەت لە وەرزی هاوین كاتێك سەرچاوەی ئاویان بەتەواوی ووشك دەبێ، ئەمەش نابێتە چارەسەری كۆتای و پێویستە كاری چاككردنەوەی تۆڕ یا هێنانەوەی سەرچاوەی ئاویان بۆ بكرێت .
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەكان دەڵێت " تەنها لە ساڵی رابردوو وەكو فەرمانگەی ئاوی سیدەكان بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیمان 22 گوند كاری چاككردنەوەی شەبەكەی ئاویان بۆ كراوە و توانراوە لە نەبوون و كەمی ئاو رزگاریان بكەین، هۆكاری زیاتریش لە كێشەی ئاوی گوندەكان بەرفراوان بوونییانە لە ماوەیەكی زوودا .
گووتیشی " بۆ چارەسەر كردنی كێشەی كەم ئاوی و چاككردنەوەی شەبەكەی ئاوی سیدەكان و گوندەكانی دەورووبەری، بەپێی ئەو دەرخەستانەی ئێمە ئامادەمان كردوە، نزیكەی 15 ملیار دیناری پێویستە، بەو بڕە پارەیە دەتوانرێ كێشەی ئاو لەسەرجەم گوندەكان و گەڕەكەكانی سیدەكان چارەسەر بكەین . لەگەڵ دەستپێ كردنەوەی پڕۆژەكان لەم ساڵدا هەوڵی تەواو دەدەین كێشەی ئاوی خواردنەوەی لەو گوندانە چارە بكەین كە ساڵانێكە بە دەست كەمی ئاو دەناڵێنن .
شایەنی باسە، فەرمانگەی ئاوی سیدەكان 159 فەرمانبەری لەگوندەكان هەیە و 52 فەرمانبەریش لە نێو سەنتەری سیدەكان چاودێری ئاوی خواردنەوە و خاوێن كردنەوەی حەوزەكان دەكەن . سیدەكان خاوەنی 250 گوندە و رێژەی دانیشتوانی زیاتر لە 16 هەزار كەسە .

 

زۆرترین بینراو