پەیامێك بۆ چاندنی تۆی بەها باڵاكان

پەیامێك بۆ چاندنی تۆی بەها باڵاكان

پەیام ئیبراهیم عەبدولڕەحمان لە دایكبووی ساڵی ١٩٧٩ لە شاری سلێمانی و هەر لەوێ ژیان بەسەردەبات، دەرچووی بەشی ژمێریارییە لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی، ئەندامە لە چەند رێكخراوێكی مەدەنی و سەرپەرشتیاری بەشی منداڵانە لە كەناڵی پەروەردەیی و كاری راگەیاندن دەكات لە هەمان كەناڵ.
دەمانەوێ گرنگی بە ئەدەبیاتی منداڵان بدەین و قسە لەسەر ژانری چیرۆكی منداڵان بكەین، ئـاوڕێك لە كەسایەتییەكی ئەو بوارە بدەینەوە‌، كە ئەویش خاتوو "پەیام ئیبراهیم عەبدولڕەحمان" ی چیرۆك نووسی بواری منداڵانە.
دیمانە: ڕۆستەم خامۆش- هەولێر
- لە كەیەوە چیرۆك بۆ منداڵان دەنووسی و پەیامت چییە؟
لە ساڵی 2008وە من چیرۆك بۆ منداڵان دەنووسم، یەكەم چیرۆكم بۆ منداڵان بەناوی (گفتوگۆی نێوان میوەكان) بوو لە ساڵی 2010 لە گۆڤاری (خەندە) بڵاوكرایەوە، پەیامی من لە چیرۆكەكانمدا بۆ منداڵان چاندنی تۆی بەها باڵاكانە هەر لەمنداڵییەوە، چونكە سەرجەم زاناكان كۆكن لەسەر ئەوەی كە پێنج ساڵی تەمەنی یەكەم زێڕینترین قۆناغی گەشەیە لەمناڵدا، بۆیە لەو قۆناغەدا دەتوانین پەیامە مرۆڤدۆستانەكانمان بگەیەنین بە منداڵ، بێگومان باشترین هۆكاریش چیرۆكە.
- ناوەڕۆكی چیرۆكەكانت زیاتر باسی چی دەكەن؟
ناوەڕۆكی چیرۆكەكانم هەمەجۆرن، هەموو چیرۆكێك ئامانجێكی لەپشتەوەیە، من هیچ چیرۆكێك نانووسم، كە تیایدا ئامانجێك نەپێكێت، یان پەیامێك نەگەیەنێت، سەرجەم ناوەڕۆكەكانیشیان پەیامی پەروەردەیەكی باش و بەرهەم هێنانی تاكێكی درووستن بۆ كۆمەڵگە.
- دەتەوێ منداڵانی كورد بەچی ئاشنا بكەیت و چی فێرببن لەچیرۆكەكانی تۆ؟
دەمەوێت منداڵانی كورد فێری مرۆڤدۆستی، هاوسۆزی، ئاژەڵدۆستی و بە ژینگەپارێزی ئاشنایان بكەم، بە مافەكانی خۆیان وە دواجار چێژو ئارامییان پێ ببەخشم لەڕێی چیرۆكەكانمەوە.
- ئەو تایبەتمەندییانە چین، كە پێویستە لە چیرۆكی منداڵاندا هەبن؟
چیرۆك بۆ منداڵ تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەبێت چیرۆكی منداڵ بەزمانێكی سادە بنووسرێت، وە دووربێت لە وشەی نەشیاو و توندوتیژی، دووربێت لە هەندێ وشە كەمنداڵ تێی نەگات، دەبێت زیاتر لەسەر زمانی ئاژەڵان و گوڵ و پەپوولەوە نوسرابێتەوە، هەمیشە كۆتاییەكی باش و چێژبەخشی هەبێت.
- دەگوترێ منداڵ زۆر حەز بەچیرۆك دەكات، ئایا بەڕێزت ئەو حەز بەچیرۆك كردنەی منداڵانت بینیوە، كاتێ كە تۆ چیرۆكت بۆ خوێندوونەتەوە؟
بەڵێ منداڵ زۆر حەزی بەگوێگرتن لەچیرۆك هەیە، وە چێژی لێ وەردەگرێ، من هەستم بەوە كردووە كاتێك چیرۆك بۆمنداڵ دەخوێنیتەوە زۆری لاخۆشە و هەست بەئارامیی دەكات، وە دەكەوێتە بیركردنەوە و خەیاڵەوە، بەمەش ئێمە دەتوانین وا لەمنداڵ بكەین بیربكاتەوە و چێژی لێ وەربگرێت.
- ئەو نووسەرەی كە چیرۆك بۆ منداڵان دەنووسێ، پێویستە شارەزایی لە چیدا هەبێ؟
نووسەری منداڵان زۆر گرنگە شارەزایی لەسایكۆلوژیای منداڵدا هەبێت، بۆئەوەی لەكاتی نووسیندا بتوانێت باری دەروونی منداڵ بەهەند وەربگرێت، لەنووسینەكانیدا كاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەروونی منداڵ دابنێت، وەدەبێت شارەزایی باشی هەبێت سەبارەت بە پەروەردەی منداڵ، بۆ ئەوەی بە ئاڕاستەیەكی دروستدا بیان بات.
- بۆچی چیرۆكنووسمان لە بواری منداڵاندا كەمە؟
من زۆر خۆشحاڵم، كە ئەم بوارەم هەڵبژاردووە، وە پێم وایە زۆر گرنگە ئەدەبیاتی منداڵان بەهەند وەربگرین، سەبارەت بەوەی چیرۆكنووسی منداڵانمان كەمە، بەداخەوە كە ئەمە راستە، بەتایبەتی چیرۆكنووسی ژنمان كەمە كە لە بواری منداڵدا بنووسێت، كە ئەمە ئەركێكی زۆر پیرۆزە، هۆكارەكەشی بۆ تێنەگەیشتن لە گرنگی بواری ئەدەبی منداڵاندا دەگەڕێتەوە، كە لە گرنگ و بایەخی ئەدەبی مناڵان و بەتایبەتی چیرۆك تێنەگەیشتوون، وە گرنگی نەدانی تاكەكانی كۆمەڵگە بەخوێندنەوە، تا لەو رێگەیەوە هەست بە گرنگی ئەدەبیاتی منداڵان بكەن.
- تا چەند گەشبینی بە ئێستا و داهاتووی چیرۆكی منداڵان؟
راستی كە بڵێم زۆر گەشبینم، نا.. گەشبین نیم، چونكە نووسەری بواری ئەدەبیاتی منداڵان و بەتایبەت چیرۆكنووسمان كەمن، بەتایبەت تریش ژنان زۆر خەم ساردن لەم بوارەدا، كە ئێمەی ژنان ‌ئەگەر گرنگی بەم بوارە بدەین زۆر سەركەوتوو دەبین و بەرهەمی زۆر باشمان دەبێت، بەحوكمی دایكبوونمان و نزیكی زۆرمان لەمنداڵ و پەروەردەكردنی كە لە ئەستۆی ئێمەدایە، بەهیوام كە گرنگی بەبواری ئەدەبیاتی مندڵان بدرێت بەتایبەت لەلایەن نووسەرە ژنەكانەوە.
- تۆ تا ئێستا بەرهەمی چاپكراوت نیە بۆ منداڵان، بەچ رێگەیەك توانیوتە چیرۆكەكانت بخەیتە بەرچاوی گەشی منداڵان؟
بەڵێ من تائێستا بەرهەمی چاپكراوم نیە، بەڵام لەئێستادا نیازم وایە بەرهەمەكانم كۆبكەمەوە و چاپیان بكەم، بەڵام توانیومە لەڕێگەی تەلەفزیۆنەكان و گۆڤارەكان و ماڵپەڕ و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاویان بكەمەوە، وە خۆم وەك چیرۆكخوێنێكی منداڵیش لەناو باخچەی ساوایان و دایەنگاكان و قوتابخانەكاندا چیرۆكم خوێندۆتەوە بۆ منداڵان و بڵاوم كردونەتەوە، وە لە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی بەرنامەی چیرۆكم پێشكەش كردووە و چەندین چیرۆكی خۆمم پێشكەش بەمنداڵانی ئازیز كردووە.
- لەوەتەی كە بۆ منداڵان دەنووسی و لە پای نووسینەكانت چیت پێشكەشكراوە، كە دڵت پێی خۆشبێ، یان هەست بەچی دەكەی كە پێنووسەكەت بۆ خزمەتی منداڵان تەخان كردووە؟
لەوەتەی بۆ منداڵان دەنووسم چەندین ڕێزلێنانم پێشكەشكراوە، كە سوپاسی ئەو رێكخراو كەسانە ئەكەم كە هەست بەگرنگی ئەم بابەتە دەكەن، وە زۆر دڵخۆشم كە لەبواری ئەدەبیاتی منداڵان بەتایبەت چیرۆك دەنووسم، هەست ئەكەم كە زۆر گرنگ و پێویستە، چونكە سەرجەم زاناكانی بواری دەروونی منداڵ، وە توێژینەوەكانیان پێمان دەڵێن، كە پەروەردەی منداڵ لەسەرەتای تەمەنیدا تاوەكو پێنج بۆ حەوت ساڵی یەكەمی زۆر گرنگە، كە كەسایەتی منداڵ لەم قۆناغەدا دروست دەبێت، وە نووسەری بواری ئەدەبیاتی مناڵان "فلیپ بۆلمان" دەڵێت: خوێندنەوەی چیرۆك و هۆنراوە وەكو خواردن و خواردنەوە گرنگن بۆ منداڵ،
بەهیوام كە دایكان و باوكان و مامۆستایان و بەخێوكاران ئەم بابەتە پشت گوێ نەخەن و منەاڵەكانیان بێ بەش نەكەن لە خوێندنەوەی چیرۆك.

زۆرترین بینراو