پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە لەبارەی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی هەولێر

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە لەبارەی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی هەولێر

 

سەرۆك بارزانی پەیامێكی لەبارەی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی هەولێر بڵاوكردەوە و رایگەیاند، داوا لە هەموو لایەك دەكەم كێشەكانی خۆیان نەهێننە ناو كوردستان و نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە خەڵكی كوردستان.

سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا كە ئەمڕۆ (شەممە 20-7-2019) بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: "زۆر بە گەرمی دەستخۆشی له قارەمانەكانی ئاسایش و دژەتیرۆر و سەرجەم‌ دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان دەكەم كە توانییان بە زووترین كات تاوانباران دەستگیربكەن و وەك هەمیشە سەلماندیان كە جێ متمانە و شانازین".

دەقی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی

دوای كردەوە تیرۆریستییەكەی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی٧ی٢٠١٩، كە لە یەكێك لە رێستورانەكانی هەولێر ڕووی دا و دیپلۆماتكارێكی توركیا و دوو هاووڵاتیی سڤیلی كوردستان بوونە قوربانی، خۆشبەختانە ئەمڕۆ هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆری كوردستان توانییان ئەنجامدەری سەرەكیی تاوانەكە و هاوكارێكیان دەستگیر كرد.

زۆر بە گەرمی دەستخۆشی له قارەمانەكانی ئاسایش و دژە تیرۆر و سەرجەم‌ دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان دەكەم كە توانییان بە زووترین كات تاوانباران دەستگیر بكەن و وەك هەمیشە سەلماندیان كە جێ متمانە و شانازین.

هەروەها سوپاس بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویست كە لەو ماوەیەدا هاوكار و پشتیوانی هێزە ئەمنییەكان بوون. خەڵك و دەزگا ئەمنییەكان جارێكی دی سەلماندیان كوردستان هەرگیز نابێتە پێگەی تیرۆر و هیچ تاوانبارێكیش لە چاوی خەڵكی دڵسۆزی كوردستان و هەڵۆكانی دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان ون نابێت.

هەر لێرەوە داوا لە هەموو لایەك دەكەم كێشەكانی خۆیان نەهێننە ناو كوردستان و نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە خەڵكی كوردستان.

مسعود بارزانی
٢٠ـی٧ـی٢٠١٩

 

زۆرترین بینراو