پەیامێک بۆ چاندنی تۆی بەها باڵاکان

پەیامێک بۆ چاندنی تۆی بەها باڵاکان

 "پەیامی من لە چیرۆکەکانمدا بۆ منداڵان چاندنی تووی بەها باڵاكانه‌ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌"

 

پەیام ئیبراهیم عەبدولڕەحمان لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٩ لە شاری سلێمانی و هەر لەوێ ژیان بەسەردەبات، دەرچووی بەشی ژمێریارییە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، ئەندامە لە چەند رێکخراوێکی مەدەنی و سەرپەرشتیاری بەشی منداڵانە لە کەناڵی پەروەردەیی و کاری راگەیاندن دەکات لە هەمان کەناڵ.
ده‌مانه‌وێ گرنگی به‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان بده‌ین و قسه‌ له‌سه‌ر ژانری چیرۆكی منداڵان بكه‌ین، ئـاوڕێک له‌ كه‌سایه‌تییه‌كی ئه‌و بواره‌ بده‌ینه‌وه‌‌، كه‌ ئه‌ویش خاتوو "په‌یام ئیبراهیم عه‌بدولڕه‌حمان" ی چیرۆك نووسی بواری منداڵانه‌.

دیمانه‌: ڕۆسته‌م خامۆش- هه‌ولێر

* له‌ كه‌یه‌وه‌ چیرۆك بۆ منداڵان ده‌نووسی و پەیامت چییە؟
- لە ساڵی 2008وه‌ من چیرۆک بۆ منداڵان دەنووسم.
یەکەم چیرۆکم بۆ منداڵان به‌ناوی (گفتوگۆی نێوان میوه‌كان) بوو لە ساڵی 2010 له‌ گۆڤاری (خه‌نده‌) بڵاوکرایەوە.
پەیامی من لە چیرۆکەکانمدا بۆ منداڵان چاندنی تووی بەها باڵاکانە هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌، چونکە سەرجەم زاناکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پێنج ساڵی تەمەنی یەکەم زێڕینترین قۆناغی گەشەیە لەمناڵدا، بۆیە لەو قۆناغەدا دەتوانین پەیامە مرۆڤدۆستانەکانمان بگەیەنین بە منداڵ، بێگومان باشترین هۆکاریش چیرۆکە.

* ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كانت زیاتر باسی چی ده‌كه‌ن؟
- ناوەڕۆکی چیرۆکەکانم هەمەجۆرن، هەموو چیرۆکێک ئامانجێکی لەپشتەوەیە، من هیچ چیرۆکێک نانووسم، کە تیایدا ئامانجێک نەپێکێت، یان پەیامێک نەگەیەنێت، سەرجەم ناوەڕۆکەکانیشیان پەیامی پەروەردەیەکی باش و بەرهەم هێنانی تاکێکی درووستن بۆ کۆمەڵگه‌.

* ده‌ته‌وێ منداڵانی كورد به‌چی ئاشنا بكه‌یت و چی فێرببن له‌چیرۆكه‌كانی تۆ؟
- دەمەوێت منداڵانی کورد فێری مرۆڤدۆستی، هاوسۆزی، ئاژەڵدۆستی و به‌ ژینگەپارێزی ئاشنایان بکەم، بە مافەکانی خۆیان وە دواجار چێژو ئارامییان پێ ببەخشم لەڕێی چیرۆکەکانمەوە.

* ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ چین، كه‌ پێویسته‌ له‌ چیرۆكی منداڵاندا هه‌بن؟
- چیرۆک بۆ منداڵ تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەبێت چیرۆکی منداڵ بەزمانێکی سادە بنووسرێت، وە دووربێت لە وشەی نەشیاو و توندوتیژی، دووربێت لە هەندێ وشە کەمنداڵ تێی نەگات، دەبێت زیاتر لەسەر زمانی ئاژەڵان و گوڵ و پەپوولەوە نوسرابێتەوە، هەمیشە کۆتاییەکی باش و چێژبەخشی هەبێت.

* ده‌گوترێ منداڵ زۆر حه‌ز به‌چیرۆك ده‌كات، ئایا به‌ڕێزت ئه‌و حه‌ز به‌چیرۆك كردنه‌ی منداڵانت بینیوه‌، كاتێ كه‌ تۆ چیرۆكت بۆ خوێندوونه‌ته‌وه‌؟
- بەڵێ منداڵ زۆر حەزی بەگوێگرتن لەچیرۆک هەیە، وە چێژی لێ وه‌رده‌گرێ، من هەستم بەوە کردووە کاتێک چیرۆک بۆمنداڵ دەخوێنیتەوە زۆری لاخۆشە و هەست بەئارامیی دەکات، وە دەکەوێتە بیرکردنەوە و خەیاڵەوە، بەمەش ئێمە دەتوانین وا لەمنداڵ بکەین بیربکاتەوە و چێژی لێ وه‌ربگرێت.

* ئه‌و نووسه‌ره‌ی كه‌ چیرۆك بۆ منداڵان ده‌نووسێ، پێویسته‌ شاره‌زایی له‌ چیدا هه‌بێ؟
- نووسەری منداڵان زۆر گرنگە شارەزایی لەسایکۆلوژیای منداڵدا هەبێت، بۆئەوەی لەکاتی نووسیندا بتوانێت باری دەروونی منداڵ بەهەند وەربگرێت، لەنووسینەکانیدا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەروونی منداڵ دابنێت، وەدەبێت شارەزایی باشی هەبێت سەبارەت بە پەروەردەی منداڵ، بۆ ئەوەی بە ئاڕاستەیەکی دروستدا بیان بات.

* بۆچی چیرۆكنووسمان له‌ بواری منداڵاندا كه‌مه‌؟
- من زۆر خۆشحاڵم، کە ئەم بوارەم هەڵبژاردووە، وە پێم وایە زۆر گرنگە ئەدەبیاتی منداڵان بەهەند وەربگرین، سەبارەت بەوەی چیرۆکنووسی منداڵانمان کەمە، بەداخەوە کە ئەمە راستە، بەتایبەتی چیرۆکنووسی ژنمان کەمە کە لە بواری منداڵدا بنووسێت، کە ئەمە ئەرکێکی زۆر پیرۆزە، هۆکارەکەشی بۆ تێنەگەیشتن لە گرنگی بواری ئەدەبی منداڵاندا دەگەڕێتەوە، کە لە گرنگ و بایەخی ئەدەبی مناڵان و بەتایبەتی چیرۆک تێنەگەیشتوون، وە گرنگی نەدانی تاکەکانی کۆمەڵگه‌ بەخوێندنەوە، تا لەو رێگەیەوە هەست بە گرنگی ئەدەبیاتی منداڵان بکەن.

* تا چه‌ند گه‌شبینی به‌ ئێستا و داهاتووی چیرۆكی منداڵان؟
- راستی کە بڵێم زۆر گەشبینم، نا.. گەشبین نیم، چونکە نووسەری بواری ئەدەبیاتی منداڵان و بەتایبەت چیرۆکنووسمان کەمن، بەتایبەت تریش ژنان زۆر خەم ساردن لەم بوارەدا، کە ئێمەی ژنان ‌ئەگەر گرنگی بەم بوارە بدەین زۆر سەرکەوتوو دەبین و بەرهەمی زۆر باشمان دەبێت، بەحوکمی دایکبوونمان و نزیکی زۆرمان لەمنداڵ و پەروەردەکردنی کە لە ئەستۆی ئێمەدایە، بەهیوام کە گرنگی بەبواری ئەدەبیاتی مندڵان بدرێت بەتایبەت لەلایەن نووسەرە ژنەکانەوە.

* تۆ تا ئێستا به‌رهه‌می چاپكراوت نیه‌ بۆ منداڵان، به‌چ رێگه‌یه‌ك توانیوته‌ چیرۆكه‌كانت بخه‌یته‌ به‌رچاوی گه‌شی منداڵان؟
- به‌ڵێ من تائێستا بەرهەمی چاپکراوم نیە، بەڵام لەئێستادا نیازم وایە بەرهەمەکانم کۆبکەمەوە و چاپیان بکەم، بەڵام توانیومە لەڕێگه‌ی تەلەفزیۆنەکان و گۆڤارەکان و ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویان بکەمەوە، وە خۆم وەک چیرۆکخوێنێکی منداڵیش لەناو باخچەی ساوایان و دایەنگاکان و قوتابخانەکاندا چیرۆکم خوێندۆتەوە بۆ منداڵان و بڵاوم کردونەتەوە، وە لە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی بەرنامەی چیرۆکم پێشکەش کردووە و چەندین چیرۆکی خۆمم پێشکەش بەمنداڵانی ئازیز کردووە.

* له‌وه‌ته‌ی كه‌ بۆ منداڵان ده‌نووسی و له‌ پای نووسینه‌كانت چیت پێشكه‌شكراوه‌، كه‌ دڵت پێی خۆشبێ، یان هه‌ست به‌چی ده‌كه‌ی كه‌ پێنووسه‌كه‌ت بۆ خزمه‌تی منداڵان ته‌خان كردووه‌؟
- لەوەته‌ی بۆ منداڵان دەنووسم چەندین ڕێزلێنانم پێشکەشکراوە، کە سوپاسی ئەو رێکخراو کەسانە ئەکەم کە هەست بەگرنگی ئەم بابەتە دەکەن، وە زۆر دڵخۆشم کە لەبواری ئەدەبیاتی منداڵان بەتایبەت چیرۆک دەنووسم، هەست ئەکەم کە زۆر گرنگ و پێویستە، چونکە سەرجەم زاناکانی بواری دەروونی منداڵ، وە توێژینەوەکانیان پێمان دەڵێن، کە پەروەردەی منداڵ لەسەرەتای تەمەنیدا تاوەکو پێنج بۆ حەوت ساڵی یەکەمی زۆر گرنگە، کە کەسایەتی منداڵ لەم قۆناغەدا دروست دەبێت، وە نووسەری بواری ئەدەبیاتی مناڵان "فلیپ بۆلمان" دەڵێت: خوێندنەوه‌ی چیرۆک و هۆنراوە وەکو خواردن و خواردنەوە گرنگن بۆ منداڵ،
بەهیوام کە دایکان و باوکان و مامۆستایان و بەخێوکاران ئەم بابەتە پشت گوێ نەخەن و منەاڵەکانیان بێ بەش نەکەن لە خوێندنەوەی چیرۆک.

زۆرترین بینراو