پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی لە یەكەم دیدار

ئارام ئیسماعیل

 

سەرەتای بابەتەكەم بە وتەی وین ڤالتێر دایر (1940-2015ز) نووسەری بەناوبانگی ئەمریكایی دەست پێدەكەم كە دەڵێت" گەر بە دڵێكی پڕ لە هەستی سۆز و خۆشەویستی بۆ دیداری كەسێك بڕۆین، بێ ئەوەی سەیری بكەین سۆزی پێ ببەخشن، پەیوەندیەكی سەرسورهێنەربەرهەم دەهێنین.
لێرەدا پێویستە مامۆستایان بەو هەستەوە بەرەو پیری قوتابییان بڕۆن، بەتایبەتی ئەو قوتابییانەی كە تازە دێنە قوتابخانە و لە پۆلی یەكەم وەردەگیرێن. گەر بتوانن ئەو هەستە ببەخشنە منداڵێك كە تازە هاتووەتە ژینگەیەكی نوێ جیاواز لەو ژینگەیەی كە لێی گەورە بووە و بەخێوكراوە، بێ گومان پەیوەندیەكی تەندروست و سەرسورهێنەر دێتە ئاراوە لە نێوان مامۆستا و قوتابی لە لایەك و قوتابی و قوتابخانە لەلایەكی تر.
بەخشینی بچووكترین سۆز و خۆشەویستی بەقوتابی دەتواندرێت گەورەترین پەیوەندی دروست بكات لە نێوان مامۆستا و قوتابی، كەواتە تا بتوانین پێویستە سۆز و خۆشەویستی بدەینە قوتابی بۆ ئەوەی مامۆستا و قوتابی لا خۆشەویست ببێت.
كاتێك قوتابی مامۆستای خۆی خۆشبوێت، گومانی تێدانییە وانەكەش لای قوتابی خۆشەویست دەبێت و زۆر بە تامەزرۆییەوە وانەكەی دەخوێنێت و لەپۆل دادەنیشێت، چونكە مامۆستاكەی خۆش دەوێت و هەست بە ئاسوودەیی دەكات.
بەپێی تیۆری (فڕۆید) (1865-1939ز) پزیشكی دەروونناسی نەمسایی بێت، كە تەمەنی مرۆڤ دابەشی سەر چەند قوناغێك كردووە، منداڵ لە تەمەنی (6) ساڵی واتە لە قۆناغی پێنجەم كە بە قۆناغی (پوكانەوە) ناوی بردووە، خودی خۆی لەبیردەكات (فەرامۆش) دەكات، خۆیی بە دەورووبەر و ئەوەی لە چوار دەوریەتی سەر قاڵ دەكات، لێرە پێشكەوتنێكی گەورە لە گەشەی عەقڵی و هەڵچوون و كۆمەڵایەتی ڕوو دەدات، منداڵ لەم تەمەنەدا ئاگای لە ملكەچییە بۆ گەورەكان و فەرمانەكانیان جێبەجێ دەكات. بۆیە زۆر گرنگە بتوانین بەشێوەیەكی جوان و تەندروست هەڵسوكەوت لە گەڵ قوتابییەكان بەگشتی و قوتابیانی پۆلی یەكەمدا بەتایبەتی بكەین، چونكە منداڵ زۆر ئارەزووی لەوەیە پەیوەندیەكی باش لە گەڵ مامۆستاكەی هەبێت و هەموو قسەكانی لا باس بكات و لاسایی مامۆستاكەی بكاتەوە.
ئەركی كارگێری قوتابخانەیە كە هەر لە یەكەم هەنگاوی هاتنی قوتابی بۆ قوتابخانە كەشێكی وەهای بۆ بڕەخسێنێت، كە منداڵ هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ نەكات، تەنانەت پێویستە ئەو مامۆستایانە بۆ پۆلی یەكەم دەستنیشان بكات كە نەرم و نیانن و ئەزموونیان هەبێت لە گەڵ قوتابییانی پۆلی یەك. ڕەنگە نموونەی واهەبێت كە مامۆستایەك هەڵسوكەوت و سزایەكی توندی بەكارهێنابێت لە دژی قوتابییەك، بەجۆرێك كە ئەو قوتابییە بۆ یەكجاری وازی لە خوێندن هێنابێت و ئیتر نە گەڕابێتەوە بۆ خوێندن، بەكارهێنانی سزایەكی سووك كە (ڕەنگە تەنها لە ڕوانگەی مامۆستایەكە سووك بێت) زۆرجار دەبێتە هۆی خوڵقاندنی كێشەیەكی گەورە و دەرهاوێشتەی زۆر نەرێنی لەسەر كۆمەڵگە جێ دەهێڵێت. تا خۆشەویستی بڵاوبكەینەوە زیاتر ئاسوودە دەبین و پەیوەندیەكان پتەوتر و ئەستوورتر دەبن، هەر پەیوەندیەك لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێز بنیات بنرێت، داهاتوویەكی گەش و ئاسوویەكی ڕوون چاوەڕوانی هەردوولا دەكات، پێچەوانەكەشی هەر دروستە. با لێرەدا بە نموونەیەك لە پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی كۆتایی بەم بابەتە بهێنین.
لە یەكێك لە قوتابخانەكانی وڵاتی فینلەندا مامۆستایەكی پۆلی یەكەم بەناوی (ئۆلیڤەر) زۆر خۆشەویست بوو لەلای قوتابییەكان بەتایبەتی قوتابییەك بەناوی (لۆكاس)، ئەویش بەهۆی ئەوەی زۆر بە سۆز و خوشەویستی وانەكەی كە بیركاری بوو بۆ قوتابیەكان شی دەكردەوە، مامۆستا ئۆلیڤەر ڕێگای جۆراوجۆری بەكاردەهێنا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی ئەو قوتابییانەی كە ئاستیان وەك پێوست نەبوو، یەكێك لەو قوتابییانەش لۆكاس بوو، مامۆستا ئۆلیڤەر لە بابەتی بیركاری لە وانەی كۆكردنەوە لە ڕێگای ماچ كردنەوە قوتابییەكانی فێردەكرد، هەمیشە دوو ماچی لە لای ڕاستی لۆكاس و ماچێكیش لەلای چەپی دەدا و ئینجا پرسیاری لێ دەكرد ئێستا من چەند ماچم لێكردی؟ لۆكاسیش بیری دەكردەوە وەڵامێكی دروستی دەدایەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو پەیوەندیە پتەوتر و خۆشتر دەبوو، بەڵام لە ناكاو هەموو شتێك گۆڕا!مامۆستا ئۆلیڤەر بە ڕووداوێكی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، جا ئێستا كێ وانە بە لۆكاس بڵێتەوە؟ كاتێك مامۆستایەكی نوێ چووە پۆلەكەو ویستی وانەكە بڵێتەوە، لۆكاس پرسیاری كرد ئەرێ كوا مامۆستا ئۆلیڤەر؟ مامۆستا نوێیەكە بێ دەنگ مایەوە، دووبارە لۆكاس هاتەوە دەنگ و پرسی كوا مامۆستا ئۆلیڤەر؟ مامۆستا نوێیەكە ناچاربوو وەڵامی بداتەوە و گووتی" بەداخەوە مامۆستا ئۆلیڤەر گیانی لەدەستداوە، ئەم وەڵامە لۆكاسی زۆر خەمبار كردوو زۆر گریا بۆ مامۆستاكەی، چونكە بێ ئەندازە خۆشی دەویست، لە بەر خۆیەوە دەیگووت"ئەی كێ ئێستا ماچم بكات،ئەوجارەكێ فێری كۆكردنەوەم بكات؟ مامۆستا نوێیەكە دڵی دایەوە و لە باوەشی خۆیكرد و بەڵێنی پێدا كە ئەویش هاوشێوەی مامۆستا ئۆلیڤەر وانەی كۆكردنەوەی پێ بڵێت و نەیهێشت لۆكاس هەست بە دڵتەنگی بكات.
ئەمە نموونەیەكی بچووكە لە پەیوەندیەكی پتەو كە مامۆستا دەتوانێت لە گەڵ قوتابییەكانی دروستی بكات، بۆیە پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین پەیوەندیەكی پتەو و تەندروست لە یەكەم دیدارەوە لە گەڵ قوتابییەكانمان درووست بكەین و وایان لێ بكەین پەیوەستی قوتابخانە ببن و هەوڵ و تێكۆشان بۆ ئامانجەكانیان بدەن.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو