چالاكوانێكی ئافرەتان : پێویستە ئافرەت ئەو بەربەستانە بشكێنیت كە دەبنە رێگر بەرامبەر سەركەوتنەكانی

چالاكوانێكی ئافرەتان : پێویستە ئافرەت ئەو بەربەستانە بشكێنیت كە دەبنە رێگر بەرامبەر سەركەوتنەكانی

رەمەزان هەرنی – مێرگەسۆر
ئافرەتان حەز لە سیاسەت و دەركەوتن دەكەن، بەڵام داب و نەریت ناهێڵن ئافرەتان بەو حەزەیان بگەن، بۆیە پێویستە ئافرەتان ئەو بەربەستانە بشكێنن كە دەبنە رێگر لەبەردەم سەركەوتنەكانیان، ئەمە قسەی بەفرین چالاكوانی ئافرەتانە.
ماموستاو چالاكوانی ئافرەتان بەفرین بە زاری كرمانجی گوتی"ئافرەتان بەهۆی داب و نەریتی كۆمەڵگەوە واز لە زۆر لە خەونەكانیان دەهێنن، كۆمەڵگا بەشێوەیەكی رێژەیی زۆر كاریگەری هەیە لەسەر تواناكانی ئافرەتان، بەڵام ئەم حاڵەتە زیاتر لە ساڵانی رابردوو دەبینرا، ئێستا كەمێك باشتر بووە كۆمەڵگا بەرەوپێشچۆنی زیاتری بەخۆیەوە بینیەوەو تاك هۆشیارانەتر هەڵسوكەوت دەكات بەرامبەر ئافرەتان، بۆیە ئەوەش وایكردووە رێژەیەكی زۆر باش لە ئافرەتان لە بوارە جیاوازەكان بە رێك و پێكی كارەكانیان ئەنجام دەدەن لەدەرەوەی ماڵ"،
ماموستا بەفرین باس لە خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایتیەكان دەكات و دەڵێ‌"بەداخەوە لەناو كۆمەڵگای كوردستان رێژەیەكی هەرە زۆر ئافرەت بووینە قوربانی خراپ بە كارهێنانی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان ، بۆ نموونە تا ئێستا ئافرەت ناتوانن بە سەربەستی وێنەكانی لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان پۆست بكات، زۆر جار تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بۆینە هۆكار بۆ جیابۆنەوەی خێزان و كۆتایی بە ژیانی خێزانێك هاتوە قوربانی یەكەم و سەرەتا هەر ئافرەت بووە"،
ئەو چالاكوانەی ئافرەتان ئەوەشی گوت"ئافرەتان بەگشتی متمانەیان بەتواناكانیان هەیە و دڵسۆزانە كار دەكەن، بەڵام بەگشتی لە كوردستان هیچ پاڵپشتیەك بۆ ئافرەتان نابیندرێ كە بە ئاسانی هەنگاو بنێ لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەكانی"،
بەفرین ئەوەشی خستەڕوو"كاتێك پیاو ئافرەت وەك كاڵایەك سەیردەكات تەنها بۆ تێركردنی حەزەكانی خۆی، هیچ كاتێك ئەو پیاوە ناتوانێت یەكسانی دروست بكات لەنێوان هەردوو رەگەز، پێویستە ئافرەت ئەو بەربەستانە بشكێنیت كە دەبنە رێگر بەرامبەر تواناكان و سەركەوتنەكانی خۆی سەری رووم بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆی" .

زۆرترین بینراو