چالاكییە وەرزشییەكانی رۆژی كوردستانی دواخران

چالاكییە وەرزشییەكانی رۆژی كوردستانی دواخران

زاری كرمانجی: بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، چالاكییە وەرزشییەكانی رۆژی وەرزشی كوردستانیشی دواخست، كە بڕیاربوو لەم مانگەدا بەو بۆنەیەوە لە سەرتاسەریی كوردستان چەندین چالاكی وەرزشی ئەنجام بدرێن.
رێكخراوی كوردستان سپۆرتس دەی، كە سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی چالاكییە وەرزشییەكانی رۆژی وەرزشی كوردستان دەكات، لە بڵاوكراوەیەكدا، كە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، دواخستنی چالاكییە وەرزشییەكانی ئەمساڵی بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆنا راگەیاند، كە تێدا هاتووە" لەسەر ئاستی زۆربەی شارو شارۆچكەكان بە پلان و بیرۆكەی نوێوە ئامادەكاری تەواو كرابوو، بۆ ئەوەی ئەمساڵیش كەرنەڤاڵێكی وەرزشیی گەورە بەم بۆنەیەوە بۆ وەرزشوانان و وەرزشدۆستان رێكبخرێت".
ئەو رێكخراوە بەڵێنی ئەوە بە وەرزشوانان دەدات كە دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەكەو بەگوێرەی دۆخی كوردستان لە كاتێكی دیكەی ئەمساڵدا رۆژی وەرزشی كوردستان ئەنجام دەدرێت.
ئەمە دەقی بڵاوكراوەكەی رێكخراوی كوردستان سپۆرتس دەیە:
رۆژی وەرزشی كوردستان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دوادەخرێت
هاوشێوەی ساڵی رابردوو وابڕیار بوو لەم مانگە بەبۆنەی رۆژی وەرزشی كوردستان لە سەرتاسەری كوردستان چەندین چالاكی وەرزشی بەڕێوەبچن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، هاوشێوەی سەرجەم چالاكی و پاڵەوانێتییە وەرزشییەكان و بۆنەكانی دیكە رۆژی وەرزشی كوردستانیش بۆ كاتێكی دیكە دوادەخرێت، دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەكەو بەگوێرەی دۆخی كوردستان هەوڵ دەدەین لە كاتێكی دیكەی ئەمساڵ رۆژی وەرزشی كوردستان ئەنجام بدرێت، وەك چۆن لە سەرەتای راگەیاندنی ئەم پرۆژەیەوە بەڵێنمان دابوو، بە هاوكاری وەرزشوانان لەسەر هەوڵەكانمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە نیشتیمانییە بەردەوام دەبین.
لەسەر ئاستی زۆربەی شار و شارۆچكەكان بە پلان و بیرۆكەی نوێوە ئامادەكاری تەواو كرابوون بۆ ئەوەی ئەمساڵیش كەرنەڤاڵێكی وەرزشی گەورە بەم بۆنەیەوە بۆ وەرزشوانان و وەرزشدۆستان رێك بخرێت، كە ساڵی رابردوو یەكەم هەنگاو بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی وەرزشی كوردستان نرا.

زۆرترین بینراو