چانسی عەدنان زورفی لە عەلاوی زیاترە

چانسی عەدنان زورفی لە عەلاوی زیاترە

زاری كرمانجی- بەغدا: دوێنی 17-3-2020 لەلایەن د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، عەدنان عەبد خزەیەر عەباس زورفی( عەدنان زورفی) راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی عێراقی.
هەر چەندە چانسی ناوبراو بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەیە بە بەراورد كردن لە گەڵ مەحەمەد تۆفیق عەلاوی زۆر زیاترە و جۆرێك لە كۆدەنگی لەسەرە، بەڵام بێ كێشە و كۆسپ نییە.
عەدنان زورفی، ساڵی 1966 لە نەجەف لە دایكبووە و خاوەنی بڕوانامەی بەكەلۆریۆس و ماستەر و دكتۆرایە لە فقهی ئیسلامی، ئەندامێكی كارای حزبی دەعوە بووە و ساڵی 1983 پەیوەندی پێوە كردوون.
لە لایەن رژێمی بەعسەوە داوا كراو بووە و ساڵی 1988 حوكمی زیندانی هەتایی بەسەر سەپێندراوە، ساڵی 1991 توانیویەتی لە زیندانی ئەبوو غرێب را بكات، و چۆتە ئێران دوای چەند ساڵ مانەوەی لە ئێران روودەكاتە ئەمریكا و لە ساڵی 1994 تا 2003 وەك پەنابەر لەوێ دەمێنێتەوە، دوای گەڕانەوەی لە ئەمریكا بۆ عێراق دەست بەكاری سیاسی دەكات و (حركە الوفا) دامەزراندووە.
دووجار بۆتە پارێزگاری نەجەف، لە بەشی هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆی عێراق كاری كردووە، ئەندام پەرلەمانی عێراقی بووە.
تا ئێستا لێكدانەوەی جیاجیا بۆ عەدنان زورفی دەكرێت، هەر چەندە لە كاتی راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی عێراقی و لە وتارێكیدا كە لە چەندین خاڵ پێكهاتبوو، بەڵێنی چارەسەر كردنی كێشە هەڵپسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدای داوە، بەڵام شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە "ئەوە كەسەكان نین كە بڕیار لەسەر شێوازی مامەلەكردن لەگەڵ دۆخە هەستیارەكانی عێراق و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا دەدەن، بەڵكو هەژموونی وڵاتانی دراوسێ عێراق و جیهان كاریگەری راستەوخۆیان بەسەر بڕیارە سیاسییەكانی سەرۆكی حكومەت دەبێت، بۆیە دەبێ كورد و سوونە خۆیان بۆ قۆناغێكی دیكەی دانوساندن و گفتووگۆ ئامادە بكات".

زۆرترین بینراو