چاوان  ده‌یه‌وێت ئه‌زموونی زیاتر تاقی بكاته‌وه‌

چاوان  ده‌یه‌وێت ئه‌زموونی زیاتر تاقی بكاته‌وه‌

"کاتێک نەخشەی کوردستانم بە رەنگی ئاڵای كوردستان دروست کرد  له‌لایەن عەرەب، تورک و فارسەکانەوە کۆمێنت و رەخنەم بۆ ھات "


دیمانه‌: هۆژین شه‌وكه‌ت


كاتێك هونه‌ر له‌گه‌ڵ رۆحت تێكه‌ڵ ده‌بێت ده‌توانیت جوانترین تابلۆ بنه‌خشێنیت، تابلۆیه‌ك باس له‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كانت بكات، وێنه‌یه‌ك بێت بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئازاره‌كان و پیشاندانیان به‌ كومه‌ڵگه، ‌چاوان دانا، دانیشتووی شاری سلێمانییه‌، کۆلێژی پەروەردە بەشی زمانی عەرەبی تەواو کردووە لە زانکۆی سەلاحەدین، وه‌ك خۆی باسی لێوه‌ كرد ماوەی ١٠ مانگ دەبێت دەستی كردووه‌ به‌ كاری هونه‌ری.


چاوان بۆ زاری كرمانجی باسی له‌ ده‌ستپێكی كاره‌كانی كرد و گووتی"   ئەو کاتەی ھەموومان کەرەنتین بووین و لە ماڵەوە بووین سوودم لەم کاتە وەرگرت و ھەوڵمدا فێری ئەم كاره‌ ببم، سەرەتا ته‌نها بۆ خۆمم دروست دەکرد، بەڵام کە ھەندێک لە کارەکانی خۆم لە ئەکاونتی خۆم بڵاو کردەوە خەڵکی زۆریان پێ جوان بوو و داوایان ئەکرد بۆیان دروست بکەم، بۆیە پێم باش بو کە پەیجێک دانێم تایبەت بەو کارە و خەڵکی زیاتر کارەکانم ببینن و بتوانن داوای بکەن بۆخۆیان، سەرەتا ماڵەوە زۆر ھاوکارم بوون بەڵام کاتێ پەیجەکەم دانا ھاوڕێ و کەسە نزیکەکانم زیاتر ھاوکارم بوون و ئەو ھاوڕێیانەشی کە لە سۆشیاڵ میدیا ئەمناسین پاڵپشتێکێ باش بوون بۆ من تا زیاتر خەڵکی کارەکانم ببینن" .


گرنگه‌ بزانیت چی سه‌رنجی خه‌ڵك راده‌كێشێت و واده‌كات خه‌ڵك روو له‌ بینینی كاره‌كانت بكات، چاوان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژارده‌كانی بۆ كێشانی تابلۆ گووتی"  هه‌ر شتێک سەرنجم راکێشێت و پێم جوان و تایبەت بێت ھەوڵ دەدەم دروستی بکەم، زیاتر حەز ئەکەم شتانێک دروست بکەم کە مۆرکێکی کوردانەیان پێوە دیاربێت، چونکە من پێم وایە پێویسته‌ ھەموومان لە شوێنی خۆمان و بەپێی توانا و ئەو بوارەی تیایدا كار دەکەین خزمەتێک بکەین و زیاتر گرنگی بە کاری دەستی و بەرھەمی ناوخۆ بدەین لەگەڵ ئەوەش ھەر شتێک کە خەڵکی حەزی لێبێت و داوای بکات بۆیان دروست دەکەم بە پێی داوکاری خۆیان، ئەو شتانەی دروستیان دەکەم ئەیان فرۆشم و جگە لەوانەش لەسەر داواکاری خەڵکی کە بیانەوێت شتێکی تایبەت داوا بکەن بۆ خۆیان بێت یان بیکەنە دیاری دروستی ئەکەم، نرخەکانیش بە پێی قیاس و وردە کاری و ماندوو بون و تێچوی کارەکە دیاری ئەکەم، خەڵکی لە رێگەی پەیجەکەمەوە داوای کارەکانم ئەکه‌ن و گەیاندنیشم ھەیە بۆ ھەموو شارەکانی کوردستان وە لە ھەوڵی ئەوەدام کە گەیاندنم ھەبێت بۆ دەرەوەی وڵاتیش چونکە خەڵکی دەرەوە زۆر زیاتر داواکاریان لەسەر کارەکانم ھەیە و حەز ناکەم ئەوانیش بێ بەش بکەم لە کارەکانم".


گووتیشی" ئەوەی کارەکانی منی بینیبێت ھەر دەست خۆشییان لێ کردووم و زیاتر ھانیان داوم کە شتی باشتر دروست بکەم، بەڵام کاتێک نەخشەی کوردستانم درووست کرد بە رەنگی ئاڵای كوردستان ئەو کات ھەندێک کۆمێنت و رەخنەم بۆ ھات لە لایەن عەرەب و تورک و فارسەکانەوە ھەڵبەت ئەوەش لەبەر ئەوەبوو کە نەخشەی کوردستانی گەورەم کێشابوو پێیان ناخۆش بوو کوردێک شتێکی وا دروست بکات، بەڵام لە بەرامبەر ئەوانیش زۆر کەس پشتگیرییان کردم و دەست خۆشیان لێ کردم".


كێشانی تابلۆیه‌ك پێویستی به‌ كومه‌ڵێك كه‌ل و په‌له‌ چاوانیش بۆ كاره‌كانی پێویستی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌و ده‌ڵێت" به‌شێوەیەکی گشتی ئەوەی پێویستم بێت بۆ ئەم کارە (stringart) تەختە و پەت و بزمارە، بەڵام ھەرکەسێک بە پێی ئارەزوی خۆی ئەتوانێ چەند شتێکیتر زیاد بکا لە تابلۆکەیا وەک جوانکاری، خۆم حەز ئەکەم لە ھەندێک تابلۆ شتیتر تێکەڵ بە کارەکە بکەم وەک لە ھەندێک تابلۆکانما دیارە ئەوەش بە پێی ئەو شتەی ئەتەوێ دروستی بکەیت ئەگۆرێ، کە چی بۆ زیاد دەکەیت، بۆ نمونە وەک گڵۆپی بچوک و گوڵ و نقێم و ره‌نگ، ھەندێک تابلۆ ھەیە قه‌باره‌یان گەورەترە کاتی زیاتری ئەوێت و ھەندێکیشیان بچوکە بەس کارەکە وردەکارییە و ئەبێت کاتی زیاتری بۆ تەرخان بکەیت".


 زیاتر گووتی" دەمەوێت زیاتر شارەزای کارەکەم ببم و زیاتر شت تاقی بکەمەوە چونکە بە لای خۆمەوە ھێشتا لە سەرەتادام، بەو پێیەی کە من پێش ئەم کارە ھیچ کارێکی وێنە کێشی و کاری دەستیم نەکردوە ئەمە یەکەم تاقیكردنه‌وه‌  بوو لە ژیانم و کارێکی تەواو قورسە و زۆر جۆر و شێوازی ھەیە، لە ھەوڵی ئەوەدام کە یەک بە یەک فێری ھەمو شێوازەکانی ببم و زیاتر پەرە بە کارەکەم بدەم، حەز ئەکەم ئەوە بڵێم کە گەنجەکانمان ھەموو کات و ساتێک بە ھەلێک بزانن بۆ خۆیان و ھەنگاو بنێن بۆ ئەو کارەی ئەیانەوێت بیکەن ، بیانو نەدۆزنەوە بۆ گەیشتن بەو شتەی کە ئەیانەوێت پێی بگەن، خۆیان پشت بە خۆیان ببەستن و باوەرێکی تەواویان بە خۆیان ھەبێت حەز ئەکەم ھەموو کەسێک شانازی بە خۆی و کاری خۆیەوە بکات و ببەتە خاوەن کاری خۆی و سود بە خۆی و دەورەبەرەکەی بگەیەنێت ، چونکە ئەوە ئەزانم کە گەنجی کورد زۆر زیرەک و بەھێزن با کۆڵ نەیەن تا ئەگەن بە ئامانجەکانیان". 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو