چۆن خۆت لە قڵیشانی لێو رزگار دەكەی؟

چۆن خۆت لە قڵیشانی لێو رزگار دەكەی؟

 

یەكێك لەو گرفتانەی, كە ئافرەتان پێوەی دەناڵێنن قڵێشانی لێوە, لەو كاتەدا واتا لە كاتی قڵیشانەكە لێو تووشی جۆرێك لە گرژبوونەوەی پێستی لێو دەبێ‌, هەندێك جار دەبێتە هۆی خوێن لێهاتن بە تایبەتی لەكاتی قسەكردن و نان خواردن و پێكەنین و دەم جوڵاندن, ئەگەر بە كرێمی تایبەت چەور نەكرێت, هەروەها لەكاتی ئارایشتكردنی دەمو چاو و سوراو لێدان تووشی گرفت دەبێت, لێوەكان جوان خۆیان پیشان نادەن.
لەگەڵ هەموو ئەم گرفتانەی كاتی تووشبوون, نیگەران مەبە, ئەگەر هاتوو ئەو رێنماییانەت جێبەجێ‌ كرد:
هەمیشە چەوركردنی لێوەكانت بەكرێمی تایبەتی پڕ ڤیتامین لەبیر مەكە, بە مەرجێك ئەو كرێمەی كە هەڵی دەبژێریت ئەو كەرەستانە لەخۆ بگرێت, كە بەرگری لە قڵێشانی لێو دەكات و كرێمی تایبەتی بە لێو بەردەوام بەكاربهێنە, بەشێوەیەك هەمیشە لەناو جانتات بێت.
نابێت بە زمان و تەڕایی ناو دەم لێو تەڕ بكەیت, چونكە دووبارە دەبێتە هۆی وشكبوونی, ئەمەش كاردانەوەیەكی خراپی دەبێت و قڵێشانی زیاتری لێدەكەوێتەوە, هەندێك جار ئازاری لە گەڵ دەبێت. وا باشترە رۆنی زەیتوون بەكاربهێنرێت وەك چارەسەرییەكی سروشتی بۆ گرفتەكانی لێو. بۆ نەرمكردن و جوانكردنی لێوەكان پێویستە:كەمێك شەكر لەناو رۆنی زەیتووندا بتاوێنەوە دواتر لێوەكانی پێ‌ چەور بكە, لە هەمان كاتدا هەوڵ بدە بەهۆی لێوەكان نەرمە شێلانێكی لەگەڵ چەور كردنەكە بكەی, دواتر ئەنجامەكەی دەبینی.
دەتوانیت فازەلین بەكاربهێنیت, هەروەها هەوڵدە هەموو بەیانییەك بە بەردەوام كەمێك هەنگوین بۆ چەوركردنی لێوەكانت بەكاربهێنی, چونكە ئەمە باشترین رێگای چارەسەرییە. بەڵام ئەگەر هاتوو قڵیشانەكە زۆر بوو, دەتوانیت لە گیراوەیەك, كە پێكبێت لە (10) دڵۆپ رۆنی (یانسۆن) و ئاوی گوڵی (جیرانیۆم) لەگەڵ (5) دڵۆپ ئاوی لیمۆ, ئەگەر توانیت كەمێك رۆنی بادەمی تێ‌ بكە, پاشان هەموویان جوان تێكەڵ بەیەكتری بكە و لێوەكانی پێ‌ چەور بكە, دەكرێت ئەم كارە چەند جارێك دووبارە بكەیتەوە دەرەنجامەكەشی ببینی.

زۆرترین بینراو