چۆن منداڵان بپارێزین لە دەستدرێژیی سێكسی لە كۆمەڵگەدا؟

چۆن منداڵان بپارێزین لە دەستدرێژیی سێكسی لە كۆمەڵگەدا؟

دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵ گرفتێكی دیاری كۆمەڵگەی ئێمەیە و ئێمە وەكو پزیشكانی دادوەری لە كوردستان زۆر بە ڕوونی تێبینی حاڵەتەكان و زیادبوونی ژمارەیان دەكەین، ئەوە لە كاتێكدایە بەشی زۆری حاڵەتەكان ناگەنە لای ئێمە  چونكە دەشاردرێنەوە یان گرنگیان پێنادریت، بەهۆی ناهۆشیاریی تاك و خێزان و كۆمەڵگەوە.

ناكرێت ئیدی ئەم گرفتە گەورەیە بەهۆی شەرمێكی ناهۆشیارانەوە بشاردرێتەوە و لە بری جارەسەركردن، پەردەپۆشبكرێ و فەرامۆش بكرێت.

بۆ بنەبڕكردنی گرفتی دەستدرێژیی شێكسی بۆ سەر منداڵ، یان هیچ نەبێ كەمكردنەوەی، دەبێت كۆمەڵگە هۆشیاربكەینەوە و مەبەستی ئێمەش لەم زنجیرە نووسینانە ئەوەیە. 

بەڵام گرنگترین هەنگاو ئەوەیە، لە سیستمی پەروەردە و فێركردنەوە دەستپێبكەین و بۆ ئەمەش نموونەی سیستمی پەروەردەی بەریتانیاتان بە كورتی پێدەڵێم بۆ ئەم بابەتە، كە لە ڕاوێژكارێكی پەروەردە لەو وڵاتەوە وەرمگرتووە و بۆی باسكردووم.

ئەو وتی ئێمە خولێكمان هەیە بەنوی منداڵپارێزی بۆ ماوەی شەش مانگ كە ئەو خولە كارمەند و مامۆستای قوتابخانەكان زۆرەملێیە بیبینن، ئەگەر نا ناتوانن لە قوتابخانە كار بكەن .

وەكو ئەو باسیكرد لەو خولە فێرت دەكەن كە چۆن ئاگاداری منداڵ بیت و ڕۆژانە تەماشایان بكەین ئایا هیچ شتێكی نامۆ دەبینین لە مامەڵە و هەڵسوكەوتی منداڵەكە یان جێگای زەبر و برینێك دەبینین لەسەر جەستەی منداڵەكە؟

 ئەگەر هەر شتێكی وا بینرا خێرا منداڵەكە دەدرێتە لیژنەی چارەسەركردن و بەزووترین كات چارەسەر وەردەگرێت و بەدوای تاوانبار دەگەڕێین و هەر كەسێك تاوانی دەستدرێژی كردبێت بۆ سەر منداڵ، تا هاتایە لە هیچ دام و دەزگایەكدا كاركردنی فەرمی وەرناگرێت لەو وڵاتە.

ئەگەر تەماشای ئەو دەوڵەتانە بكەن چۆن منداڵ دەپارێزن، چونكە دەزانن كە منداڵ كۆمەڵگا پێكدێنێ و منداڵی نا تەندروست و دەروون ڕووخاو كۆمەڵگایەكی شكستخواردوو پێكدێنێت.

خێزان یان قوتابخانە؟

زۆر گرنگە لە سیستمی پەروەردەوە گرنگی بدرێت بە بابەتی هۆشیاریی سێكسی و ڕیگرێكردن لە دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵ و ئەوەی كە منداڵ چۆن پارێزگاری لەخۆی دەكات لە حالەتی گوماناوی و مەترسیداردا

بەلای منەوە خیزان زۆر گرنگە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام گرنگیی قوتابخانەش لە خێزانی كەمتر نییە، چونكە لەوانەیە ئەو منداڵە دایك و باوكی نەبێت یان دایك و باوكی لە بنەڕەتەوە ئەو هۆشیارییانەیان نەبێت و جگە لەوەش منداڵ كاتێكی زۆری لە قوتابخانە بەسەردەبات.

لە ئەزموونی خۆمەوە زۆر بینیومە دەستدرێژیی سێكسی بۆ چەند ساڵ بەردەوام بووە بۆ سەر منداڵ، كەچی نە منداڵ زانیویەتی ئاشكرای بكات، نە قوتابخانە دەركیان پێكردووە، نە دایك و باوك زانیویانە مامەلە لەگەڵ حاڵەتەكە بكەن، هەمووشی دەگەرێنمەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری.
لیرەوە دووبارە دەكەمەوە كە دانانی پلانێكی تایبەت بۆ بابەتی پارێزگارێكردنی منداڵ بۆ ئیستای كۆمەڵگەی ئێمە زۆر پێویستە.

زۆرترین بینراو