چین و توێژەكان بە گەشبینییەوە لە كابینەی نۆیەم دەڕوانن

چین و توێژەكان بە گەشبینییەوە لە كابینەی نۆیەم دەڕوانن

 

كابینەكە بە دەیان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ كردووە

بەهۆی چاكسازییەوە، داهاتی ناوخۆ 100% زیادی كردووە

موڕشید برادۆستی – سۆران:
دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژبەرۆژ چاكسازی گەورە ئەنجام دەدات، بەلای هاووڵاتییان و شارەزایانی ئابووری یەكەم كابینەیە دەستی بۆ پرسە هەستیارەكان بردووە ئەوەش جێگەی دڵخۆشیی ئێمەیە و متمانەیەكی بەهێزمان بەو كابینەیە هەیە.
ڕۆژی 10ی تەمموزی 2019، سێ ساڵ بەر لە ئێستا، پەرلەمانی كوردستان متمانەی بە وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەخشی. لە كۆبوونەوەكەدا، مەسروور بارزانی وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكوەزیران هەڵبژێردرا.
چین و توێژەكان پێیانوایە، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە، بە پشتبەستن بە كارنامە چاكسازییەكەی، هەوڵی داوە بە شێوەیەكی شایستە خزمەتی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكات و بە جددی رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، بۆیە بە پێداگیری و خواست و ویستی بەهێزی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی، حكوومەت توانی هەنگاوی جددی بنێت لە رووی رێكخستنەوە و زیادكردنی داهاتی ناوخۆ، بەهۆی چاكسازیە بەردەوامییەكانی لە زۆربەی كەرتەكان و بەرزبونەوەی نرخی نەوت و دانانی باج،  خەڵك و شارەزایان پێیانوایە، ئەمساڵ بە ساڵی گەشەكردنی ئابووری كوردستان و نەمانی كێشەی مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵك و مووچە خۆرانی هەرێم دادەنرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی تێپەڕ بوونی سێ  ساڵ بەسەر دەستبەكار بوونی كابینەی نۆیەم  وتارێكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند:"  دوای دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیە، هەرێمی كوردستان و جیهان بەگشتی، ڕووبەڕووی قەیرانێكی تەندروستی بووەوە كە بڵاوبووبوونەوە و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێكەوتەوە كە تا ئێستاش دەرهاویشتەكانی هەر ماون، حكوومەتی فیدراڵیش، جگە لە چەند مانگێكی كەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانكراو بۆ تەواوكاری مووچە، كە 200 ملیار دینار بوو نەنارد، هەروەها چەندین هەوڵی دەرەكی و ناوخۆییش بۆ پەكخستنی حكوومەت دران، بەڵام حكوومەت توانی لە ڕێگەی پلان و بەرنامە و چاكسازییەكانیەوە، تاڕاددەیەكی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە:" لە بواری دارایی، توانیومان مووچە بە بەردەوامی بدەین ، ئەگەرچی هەندێك جاریش دواكەوتبێت یان چەند مانگێكی كەم، ڕێژەی مووچەكە سەد لە سەد نەبوو ، بەڵام مووچە دابەشكردن هەر بەردەوام بووە بە پێی بودجەی بەردەست.
مەسرور بارزانی، ئاشكراشی كرد" لەم كابینەیەدا توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتی، بەبێ قەرزكردن تێپەڕێنین، بۆیە نەك تەنیا هیچ قەرزێكمان نەكرد و بارگرانیی و بەرپرسیارییەتیمان بۆ نەوەكانی داهاتوو دروست نەكرد، بەڵكو قەرزەكانی حكوومەتیشمان كەم كردەوە و لەم ماوەیەدا زیاتر لە یەك ملیار دۆلار قەرزمان داوەتەوە.
لە ئەنجامی چاكسازی لە هەردوو بواری دارایی و كارگێڕی، داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەیەكی بەرچاو و تا ئاستی 100% زیادی كردووە.
دووپاتی كردەوە:" لە ڕووی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان، كارمان بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری و سەرچاوەكانی داهات كردووە، زۆرترین خەرجی لە دوای ساڵی 2014 لە بواری جادەو ڕێگەوبان بووە، هەروەها لەم كابینەیەدا بایەخدان بە كەرتی كشتوكاڵ و وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵی، زۆر زیادی كردووە و بە كردەوە، هەلی هەناردەكردنی بەرووبوومی كشتوكاڵی ناوخۆی كوردستانمان بۆ دەرەوە و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەكی رەخساندووە و دەستیپێكردووە.
هەروەها پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی لە بواری دابینكردنی ئاسایشی خۆراك ئەنجامدراون و هەندێكیان تەواو بوون و هەندێكیشیان ئێستا لە جیبەجێكردندان.
زانا مەلا خالید، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:" لە یەكەم ساتی دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیە و بەدرێژایی سێ ساڵ نەیارانی ئەزموونەكەمان هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی شكستی ئەم حكوومەتە ببینن و سەریان سوڕما لەوەی لەگەڵ ئەو هەموو پیلان و كۆسپانەی دروستیان كرد بۆ ئەم حكوومەتە هەر لەسەر پێییە و بە قەولی خۆیان بۆ ناڕوخێت ؟!خۆشبە‌ختانە بە هێز و ئیرادەی دڵسۆزانەی گەلی كوردستان و سیاسەتی سەركەوتوانەی مەسرور بارزانی توانیمان بەسەر ئاستەنگەكان زاڵ بین و هەنگاوەكان نەوەستن و بەرە و پلانی ئایندە هەنگاوبنێین، بەڵێ ئاستەنگەكان زۆربوون، كارەكتەرەكانی دروستكردنی ئاستەنگیش خەونەكانیان نەهاتە دی و ئێستاش هەر بەردەوامن و تیرەكانیان بە ئاراستەی سەركەوتووەكانە، بەڵام هەمیشە ئەو حكومڕانیەتە سەركەوتوو دەبێت كە میللەتەكەی لە دەستە ئەمینەكانی خۆی دا هەڵدەگرێت.
محیەدین بادلی، چاودێری سیاسی، بە بە زاری كرمانجی گووت:" لە ماوەی تەمەنی سێ ساڵەی دەستبەكاربوونی مسروور بارزانی و  كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رووبەڕووی چەندین قەیران و بەربەست بووینەوە، وەكو پاڵەپەستۆی حكوومەتی ناوەندی و دواخستنی ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ هەرێم دانراوە لەهەمانكاتدا كەمبوونەوە و كورتهێنانی داهاتی ناوخۆیی،  هەروەها هاتنی نەخۆشی كۆڕۆنا، سەرەڕای هەوڵی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ لەكەداركردنی وەزارەت و دامودەزگاكان و هاندانی كۆمەڵێك خەڵك بۆ دروسكردنی پشێوی و نانەوەی ئاژاوە و تەگەرەدروستكردن بۆ پەكخستنی كارو ئەركەكانی حكوومەت. وەچەندین كاری تر، بەڵام هەموو ئەمانە نەبوونە ڕێگر لەبەردەم حكومەتی هەرێم و دەستكرا بە چاكسازی و زیادكردنی داهات و بەردەوامبوون لەسەر ئەرك و چالاكییە خزمەتگوزاریەكان.
بە گووتەی ئەو چاودێرەی سیاسی، وێڕای چەندین ئاستەنگ، لە كابینەی نۆیەم چەندین پرۆژەی گرنگ و پێویست بنیادنران و كاریان بۆكرا، هەروها بۆ پاراستن و هێشتنەوەی سەقامگیری و ئارامی كوردستان گرنگی تەواودرا بە چالاكتر كردنی سێكتەرو یەكەكانی ئەمنی و سەربازی و پاراستنی سنوورەكانمان و دورخستنەوەی مەترسیەكانی تیرۆرستان و ناحەزانی وڵات، هەروەها كاركردنی جددی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای لەیەكگەیشتن و دیبلۆماسی بۆ بەدەستهێنانی مافەڕەواكانی گەلەكەمان، ئەوەش لەژێر چاودێری و كارایی مەسرور بارزانی و ستافی حكوومەت و پاڵپشتی پەرلەمانی كوردستان، كە هەمیشە تێكۆشاون بۆ زیاتری خزمەتگەیاندن بە شەقام و هاووڵاتییانی كوردستان بەبێ جیاوازی، دڵنیاین بەردەوامی حكوومەت لەسەر ئەرك و هەوڵەكانی چاكسازی، پاڵپشتی و دەستخۆشی جەماوەر بەرەو هەڵكشانی زیاتر دەچن، لەهەمانكاتدا هەنگاوی جوانتر و بەهێزتر ئەبینرێن بۆ پێشكەوتنی كوردستان لە گشت بوارەكانەوە ".
هێمن شێخزادە، گەنجێكی ئیدارەی سۆرانە، دەڵێت:" بەپێی یاسای چاكسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 لە هەرێمی كوردستان حكوومەتی هەرێم چەندین هەنگاوی گەورەی ناوە كە لە میانی وتارە گرنگەكەی بەڕێزیان رەنگی دایەوە لەمانە، بەردەوام بوون لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، چاكسازی لە بواری پێشمەرگە، پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و كارەبا و وەبەرهێنان، گەڕاندنەوەی قەرزەكان، چاكسازی لە سیستەمی باج، بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی خێزانی، بەهەمە جۆركردنی سەرچاوەكانی داهات، بە شێوەیەكی گشتی لەسێ ساڵی كاركردنی كابیبەی نۆیەم سەرەڕای بوونی كۆسپ و ئالنگاری زۆر لەبەردەمی، وێڕای ئەمەش كابینەیەكی سەركەوتووبوو لە سەرجەم بوارەكاندا.
زیاتر گووتی:" بەهۆی رێگری كردن لەبەهەدەردانی سامانی گشتی و داهاتی ناوخۆیی و زیادكردنی خێرای داهات كە بەڕێژەی 100% زیادی كردووە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەكەی سەركەرتوو بووە لە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان، یەكێكی دیكە لە كارە لە پێشینەكانی كابینەی نۆ، شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی خۆبەڕێوەبردنە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە هەنگاو و دەسكەوتێكی باشی حكوومەت بوو كە ڕاستەوخۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاكان سەرپەرشتی بریار و خۆبەڕێوەبەری كارەكانیان بكەن بەپێی یاساو لەژێر چاودێری حكوومەت".
زیرەك رواندزی، چاودێری سیاسی بە زاری كرمانجی گووت:" كابینەی نۆیەم بە هەموو پێوەرێك لە ئاست داخوازیەكانی هاووڵاتییان بووە، لەو كابینەیەدا كێشەگەلێك چارەسەر كران و چەندین بەربەست پوچەڵكرانەوە، لەسێیەم ساڵیادی كابینەی نۆیەم دەخوازین ئەم حكوومەتە بەردەوام بێت لەسەر كارو پڕۆژەو بەرنامەكانی وەك چۆن توانرا سەرەرای بەربەستی ناوخۆیی و دەرەكی كارنامەی چاكسازی بكەوێتە واری جێبەجێكردن و ڕەخساندنی هەلی كاری ناوخۆیی و بنیاتنانی سەدان پڕۆژەی ستراتیژی و گرینیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری و، ڕێگاوبان و دانەوی قەرزی كۆنی كەڵەكەبووی سەرشانی حكوومەت، و نەهێشتنی گەندەڵی، ئەمانەو چەندان كارو كردەوەی تری حكوومەت لە كاروانی كابینەی نۆیەمن، لێرەوە بە ئومێدەوە لە داهاتووی ئەم كابینەیە دەڕوانین و چاوەڕێی هەنگاوی دیكەی كاروانی ئاوەدانی زیاتر دەكەین".