چین و توێژەكان داوای یەكڕیزی كورد دەكەن

چین و توێژەكان داوای یەكڕیزی كورد دەكەن

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: بەدرێژای مێژو پەرتەوازی لە نێو ماڵی كورد هەبووە ئەوەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی دوژمنان سود لەو ناتەبایەیی هەیە ببینن، ئەگەرچی زۆر جار سەركردایەتی كورد لە هەوڵی ئەوەبووە یەكڕێزی و یەك دەنگی كوردان یەكباختەوە، بەڵام تاكوو ئێستا نەتوانراوە وەك پێویست یەكڕێزی هەبێت، زاری كرمانجی بۆ چونی چین و توێژەكانی لە چەند شارێكی باشوری كوردستان وەرگرتوە و هەرەیەكەو بە جۆرێك باس لە گرنگی یەكخستنی نێو ماڵی كوردی دەكەن.
چالاكوان ناسكە تەلعەت ئەمین، دەڵێت" ئێمەی كورد لەوەتەی هەین باجی پەرتەوازەیی نێوماڵی خۆمان دەدەین و هەرگیز نەبووە لە وێستگەیەكدا یەكڕیزبین و پێكەوە ڕووبەڕووی تەحەدییاتەكان ببینەوەو دەرفەتەكان لەبەرژەوەندی خۆمان بقۆزینەوە، هەمیشەش پەرتەوازەیی سەركردایەتیەكەمان ڕەنگدانەوەی لەسەر كۆمەڵگەكەمان هەبووە و دوژمنانی میللەتەكەمان توانیویانە سودی گەورە لەو لێكترازانەمان وەرگرن و لەو ڕێگەیەوە گورزی گەورەمان لێ بوەشێنن و بۆ ئەمەش دەیان نمونە هەن، ئەگەر گوزەرێكی خێرا بە وێستگەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەڵەكەماندا بكەین دەبینین، زۆربەی ئەو دەسكەوتانەی كە بەدەستمان هێناون لەكاتێكدا بووە كە یەكڕیزبووین و بەپێچەوانەشەوە ئەو دەرفەتانەی كە لەدەستمان چوون لەوكاتەدا بووە كە لێكترازاوین."
لەبەردەوامی قسەكانیدا ناسكە ‌وەوەشی خەستەڕوو" پێویستە لە هەموو كاتێك زیاتر یەكڕیزبین و پێكەوە ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەو ستەم و زوڵمێك ببینەوە كە بویسترێت لێمان دەكرێت و هەر پێكەوەش كار بۆ قۆستنەوەی دەرفەتەكان بكەین لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان.
یاساناس شیرین خالید، رایدەگێنێت" ئەگەر چاوێك بە لاپەڕەكانی مێژوی كورد بخشێنینەوە بۆمان دەردەكەوێت كە یەكڕێزی نێوماڵی كورد چ لە باشور یاخود هەر سێ پارچەكەی تر كە خەونێكی هەر تاكێكی كوردە نەهاتۆتە دی ئەگەر چی سەركردایەتی كورد، لە رابردوو هەوڵی ئەوەی داوە هەموو كەسە سیاسیەكان لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە ئەو هەولانەش ئەنجامیان نەبووە، لە دوای دەست بەكاربونی كابینەی نۆیەم و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەبینین نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، لە خەمی ئەوەدایە هەوڵی یەكڕێزی نێو ماڵی كورد بداتەوە، ئەو كۆبونەوەیی دووهەفتە لەمەوبەر كرا هەموو لایەنە سیاسیەكان كۆبونەوەو نیشانی بەغداو هەموو دونیایان دا كە كورد لەو كاتەدا یەكڕێزە بۆیە جێگای دڵخۆشی هەموو تاكێكی كورد بووە ئەركی هەموو لایەكشە لەو كاتە ناسكەدا یەكبگرن و واز لە بەرژەوەندیەكان بهێنرێت و هەولی یەكڕێزی نێو ماڵی خۆمان بدەین.
فەرهاد شێخ وەسانی گووتی" ئەگەر شۆڕ ببینەوە بەناو مێژووی ڕابردووی گەلەكەمان زۆر بەئاسانی دەستكەوتەكانی یەكڕیزی ویەك هەلوێستی لایەنە سیاسیە كوردەكانمان دێتە بەرچاو، وەلێ هەركاتێكیش ناتەباو ناكۆك بوبین بەرهەمەكەی زیان گەیاندن بووە بەدۆزی گەڵەكەمان و ناسەقامگیری دەروونی هاونیشتیمانیان، گەلی كورد هەر لەسەردەمی زووەوە تائەو سەدەیەیی ئێمە ژیانی تێدا بەڕێدەكەین، قۆناغ بەقۆناغ هەزاران بەرزی و نزمی هاتۆتە پێش، دەیان جار دووچاری گەلە كۆمەكێی دەوروبەرو ووڵاتان بۆتەوە، هەرجارێك ئەگەر لایەنە كوردیەكان تەباو یەك هەلوێست بووبن توانیومانە شكست بە پلان وموئامارەی دووژمنان بهێنین، بەپێچەوانەشەوە توشی دەیان دەردەسەری و ئەنفال و كۆمەڵكوژی و داگیركاری خاك بوینەتەوە، كەواتە ئەوە ڕوونە جگە لەیەك ڕیزی و تەبایی لایەنەكان ڕێگایەكیتر نیە بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەو پلانانەی هەمیشە دژی گەلەكەمان لەئاراداهەن، ئێستا كاتیەتی هەموومان ڕق وقینە وەلاوە بنێین، هەموومان شادو دلخۆش بین بەلەیەك نزیكبوونەوەی لایەنەكان و ئێمەی تاكەكانی كۆمەڵگەش هاندەر بین بۆ هێنانە كایەیی كەشێكی ئارام و كوردستانێكی ئاوەدان.
نورا ئەنوەر كەریم، چالاكوانی مەدەنی بۆ زاری كرمانی باس لە گرنگی یەكڕێزی دەكات و دەڵێت" لای هەموومان ئاشكرایە هەر كاتێك نێو ماڵی كورد یەك بوبێت و تەبابوبێت دەستكەوتی گەورە بە دەست هاتوون و میللەتەكەمان قۆناغێكی تری بڕیوە لە بوارەكانی سیاسی كۆمەڵایەتی ئابوریی، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان پاڵپشت بە دڵسۆزی و وەفا بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدان و ئەو زووڵم و زۆرەی بە درێژایی مێژوو لە كورد كراوە تاكە ڕێگا بۆ گەیشتن بە خەونەكانمان بریتیە لە یەك خستنی نێوماڵی كورد و ئاشتی و تەبایی باڵ بكێشێت بەسەر هەموو حیزب و لایەنە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان، پێشم وایە لە سەردەمی ئێستا ناتواندرێ باشیەكان و هەم خراپیەكان بۆ یەك حیزب و لایەن تۆمار بكرێت و ببێتە ناسنامەی، چونكە هەموو حیزب و لایەناكان بەبێ جیاوازی قوربانیانداوە بۆ ئەو ئەزموونەی تێیداین بە باشو خراپ بوین بە خاوەنی كیانێكی خۆمان ئەویش هەر لەسەر ئەو یەك ڕیزیەو تەباییە بوو لە ئێستا و پێشتریش بینیمان كورد لە هەر شوێنێك و جێگایەك یەك دەنگ و كۆك بێت ئەوا بەروبومەكی جوان و یەكگرتوو هاتۆتە بەرهەم، هیوادارم هەموو چین و توێژەكان هەوڵی فروانی گەورەی بدەن بۆ ئاشتی و یەكگرتوی ناخۆیی و حیزب و تەواوی پێكهاتەكانی تر.
رۆژنامەنوس بەهرە حەمەڕەش، پێی وایە" لە ئێستادا باشترین رێگاو دەرفەت بۆ مانەوەی كورد و پەرەدان بەو دەستكەوتانەی كە هەیە، یەكگرتوویی و یەك گوتاری كوردە، بەتایبەت بۆ كوردی باشور كە بە خەبات و خوێنی چەندین ساڵە ئەو قەوارەیەی دروست كردووە، ئەگەرچی پڕ لە كەموكوڕیش بێت، لە كاتێكدا ویستی چاكسازی هەبێت دەتوانرێ ئەنجام بدرێت، بەڵام لە حاڵەتی پەرتەوازەیی بەهەر بیانوویەك كورد پەنجا ساڵ دەگەڕێتەوە دواوە، یەك لەو كۆسپانەی هەمیشە لەبەردەم كورددا بۆ سەركەوتن هەبووە، پەرتەوازەیی ناوخۆ و ناكۆكییەكان بووە هەرجارەی بەهۆكارو بیانوێك، هەر میرنشینەكانەوە تا ئێستا كورد باجی ناكۆكی ناوخۆیی دەدات، جیا لە دەستی دوژمن كاڵفكری و پێنەگەیشتوویی سیاسی خودی هۆكاری سەرنەكەوتن بووە، كێشەیەكی تری ئەم ناكۆكییانە خۆ بەكەمزانی كوردە، كەسایەتی تاكی كورد بەجۆرێكە كە ئامادەیە جۆرەها تەنازول بۆ دوژمن و نەتەوە سەردەستەكان بكات، بەڵام تەنازول بۆ یەكتر ناكەن، بەبێ بیركردنەوە لەو هەموو نەهامەتییانەی هاتۆتە رێیان.
دڵدار باشوری دەڵێت" ئاشتەوایی و یەكریزی پێویستێكی هەنوكەی یەكبوونی ماڵی كورد بەهەموو چەمك و ماناكانیەوە خزمەت گەیاندنە بە دۆزی ڕەوایی كورد، یەكڕێزی كۆمەڵگە هەوێنی سەركەوتنی گەلانی دونیا بووە بەد رێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، بەڵام هیچ كاتێك بۆ ماوەیەكی درێژ هەستی پێنەكراوە هەر بەدرێژای مێژووی میرنیشینە كوردیەكان تا دەگاتە شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كورد، هۆكاری ڕووخان و لەناوچوونی سەرجەم شۆڕشەكان كورد دەگەرێتەوە بۆیەك نەبوونی نێو ماڵی كورد لە سەرووی هەمووشیانەوە خیانەت و دەست بادان و پشتكردن لە خاك و نشتیمان، دوژمنانی كورد باش لەوە تێگەیشتوون كە كورد یەكریزبێت ناتوانن ئیرادەی خۆیان فەرز بكەن، ئێمەی كــــورد راپەرینمان ئەنجامدا ئەوەش نمونەیەكی حاشا هەڵنەگرە كە لەو ماوە كورتە دا كورد یەكدەست بەماوەیەكی كەم توانی چۆك بە دوژمن دابدەن، تائێستاش بەرهەمەكەی دوورێنە ئەكەین، بۆیە ئەركی هەموو تاكێكی كوردستانە پاڵپشت و هاوكاربن لەو قۆناغە هەستیارەی كە دەگوزەرێت لەناوچەكە، دەبێت پاڵپشتی سەرۆكایەتی هەرێم بین و پارێزگاری لەدەسكەوتەكانمان بكەین لەسەر بنەمای ئەتەكیەتی زانستی و نەتەوایەتی چالاكیەكانی خۆمان درێژە پێبدەین و خۆراگربین لە بەرامبەر شەڕی دەروونی، پێویستە لەرێگەی یەكبوونی ماڵی كورد هەوڵی جددی بدەین بۆ ئەوەی دەسكەوتەكانمان بپارێزین ئاواتی كورد و پڕۆژە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بەدەست بهێنین.

بیروڕا

زۆرترین بینراو