چی بكرێت بۆ ئەوەی كارەساتی ئەنفال دووبارەنەبێتەوە

فریاد ئیروانی

 

لە كاتێكدا 36ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر ئەنفال و بێ سەرشوێنكردنی بارزانییەكان ، كە لە 31-7-1983دا، رژێمی رووخاوی بەعس لە ماوەی دە ڕۆژدا دەستی نە پاراست لە هەرچی مڕۆڤی نێرینە بوو ، لەتەمەنی نێوان (12- تا سەرووی 80) ساڵان لە هەرزەكار و گەنج و پیر و نەخوش و پەككەوتە، بە گرتن و كۆكردنەوەی نزیكەی هەشت هەزار مرۆڤ، دواتر بردیانن بۆ ئەو جێگایانەی كە تێدا بە كۆمەڵ كۆژ كران لە بیبانەكانی خوارووی عێراق ژێر خاك كران، لە دوای ئەنفاڵی بارزانییەكان، دوژمن وای زانی بە كۆمەڵكوژیكردنی بارزانییەكان و پێكهاتەكانی خەڵكی كوردستان دەتوانێ كاریگەریی و فشار بخاتە سەر چەقی بزاڤی رزگاریخوازیی كورد، رژێمی رووخاوی بەعس بە پیلانێكی دارێژراو نەخشەی لەناوبردنی گەلی كوردی ، بەچەند قۆناغێك پڕۆسەیەكی بەناوی شاڵاوی ئەنفال رووبەرووی كوردە فەیلییەكان وخەڵكی دەڤەری بادینان و گەرمیان ئەنجامدا ، هەموو ئەو كردەوانەشی كە دەرهەق بەگەلی كورد ئەنجامی داوە، دەچەنە خانەی قركردنی نەژادییەوە كە بەپیلان جێبەجێكراوە، سەرەتا راگوێزان ودواتر كۆكردنەوە وپاشان ئازاردان ولەناوبردن ، جیاكردنەوەی رەگەزەكانی نێر و مێ ، ئینجا بە شێوازی گرتن و كوشتن و زیندەچاڵكردن لەناوبران ، لەگەل فشارێكی توندی ئابووری بە برینی هەموو جۆرە خزمەتگوزراێكی سەرەتایی ، لە خێزان و ژن ومندالەكانیان وەك ئاو كارەبا و خواردن وخواردنەوە و قادەغەكردنی خوێندن و تەندروستی و قەدەغەكردنی پێداویستی بژێوی ژیانیان، دەرهاوێشتە خراپەكانی ئەنفالەكان و كیمیابارانەكان هەموو جوگرافیای سیاسیی كوردستان و تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی گرتەوە، مەرگەساتێكی لەیاد نەچووی بەكەس وكاریاندا هێنا ، كە ئەو تاوانە ئاسەواری قوڵی لێكەوتۆتەوە، لەیەك ناوچە و یەك پێكهاتەی دیاریكراو هەزاران خانەوادەی بێ سۆزی باوك و براو بێ سەرپەرشتیار كرد ، كاریگەرێكی سەختی جڤاكی و دەروونی و ئابووری وای بەدوا دا هات كە تا ئەمرۆ شوێنەوارەكانی بە سیماو ناخی ئەو خێزانە ستەملێكروانە دیارە ، هەر تاكێك لە كەس و كاری قوربانیان بە درێژایی ژیانییان لە چاوەروانی دا بردەسەر ، بەڵام سەرباری گەورەیی قەبارەی كارەساتەكە، بە كیمیابارانی هەڵەبجە و پرۆسەی بەدناوی ناوی ئەنفال ، هەوڵی پاكتاوكردنی گەلی كوردی دەدا ، لە دواجار پیلانەكەی لە گۆر نرا و حكومی بەعس بە كۆتا هات ، لە كاتێكدا دوای تێپەربوونی 36ساڵ بەسەر كارەساتی ئەنفالی بارزانیەكان ، بەداخەوە هێشتا ئاسەوار و هەرەشەی هاوشێوەی كارەساتی ئەنفال هەر ماوە ، باشترین بەڵگەی سەلمێندراویش بۆ دووبارەبوونەوەی ئەو كارەساتی هاوشێوەی ئەنفالەكان ، هێرشی تیرۆرستانی داعش و جینۆسایدی ئیزدییەكان و هێرشی هێزەكانی عێراق بوو بۆ سەر كوردستان لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 .
بۆیە پێویستە هەموو هەوڵ و كۆششێك بدرێت تا داوا لە حكومەتی عێراق بكرێت هەوڵەكانی چرتر بكاتەوە بۆ پرسی بە جینۆساید ناساندنی كەیس ئەنفال و كیمیاباران وقەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوان و قوربانیانی تاوانەكانی تری رژێمی رابردوو ، باشتر كردنی ژیان و بژێوی كەس و كاری قوربانیان ، ئاوەدان كردنەوە ناوچەكانیان ، بەهەوڵدان لە رێی دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ، ئاراستەی دادگای نێودەوڵەتی بكرێت ، تا ئەم كێسە شكڵێكی یاسایی نێودەوڵەتی وەرگرێت ، بۆ ئەوەی قوربانییان لە رووی ماددی و مەعنەوی هێزێكی نێودەوڵەتی هەبێت ، داوا لە كۆمەڵگە مرۆڤایەتی و نێودەوڵەتی بكرێت ، رێگری بكرێت لەروودانی كارەساتێكی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردن ، بۆ ئەوەی بەشێواز و لە ژێر ناوێكی دیكە پرۆسەی ئەنفال و كۆمەڵكۆژی خەڵكی سڤیڵ تاوانی قركردن وسرینەوەی نەتەوەیەك لە كوردستان دووبارەنەبێتەوە.

زۆرترین بینراو