چی بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە حكوومەت؟

چی بكرێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە حكوومەت؟

متمانە بەردی بناغەی سەقامگیری و پێكەوە ژیان و كاركردن و هەماهەنگیە، چ لە ژیانی كۆمەڵگە و تاكدا، چ لە سیستمی حوكمڕانیدا متمانە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئاشتكردنەوەی شەقام لەگەڵ حكوومەت و رەواندنەوەی ئەو نا ئومێدییەی ئێستا هەیە، چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لەو بارەییەوە بۆچوونی خۆیان دەخەنە روو.

یاساناس گەڵاوێژ خدر، دەڵێ" بێ ئومێدی خەڵك دەربارەی دەستەڵات خۆی لە خۆیدا مەترسیدار ترین قەیرانە..! چونكە دەوڵەت بۆ مانەوەی پێویستی بە خەڵكەكەیەتی و لە كوردستان حكومەت دۆخێكی نەڕەخساندوە تاكو هاووڵاتیان خۆیان بژینن بەڵكو نیوەی خەڵكی كردووە بە موچە خۆر، زەمینەیەكی نەڕەخساندوە كە هاووڵاتیان بیرۆكەكانیان برەو پێبدەن و خەڵكانی تریش سودمەند بكەن لێی، چەندەها بەڵگە هەیە بۆ سەلماندنی وەك ئەوەی هاووڵاتیەكی زۆر لە هەرێمی كوردستان خەریكی چاندنی بەروبومی كشتوكالین و ئەیانەوێت بە بازاڕی بكەن و دوواجار فەشەل ئەهێنێت ناچارن تەواوی بەروبومەكانی لەناو ببات، چەندەها هاونشتیمانیمان ئامێری جۆراو جۆر دروست دەكەن وەك فڕۆكە دواتر ئەیسوتێنن و ئەیشكێنن خەڵكی كوردستان هۆشیارانە ئاگادارە كە خودی حكومەتدارەكان متمانەیان بەیەك نیە لە راگەیاندنەكان چەندەها تۆمەت ئەدەنە پاڵ یەك و یەكتر تۆمەتبار دەكەن بەدزینی داهاتی كوردستان، كاتێك خەڵك ئەوە ئەبینێت متمانەی بەحكومەت نامێنێت، حكوومەت پێویستە چی بكات بەبۆچونی من یەكەم- جێبەجێكردنی بەشێك لە بەلێن و پڕۆژەكانی بانگەشە بۆ كراو لەكاتی هەڵبژاردن ئەتوانم بلێم تا رادەیەكی زۆر خەڵكی هەرێمی كوردستان دڵخۆش ئەكات و ئەیان حەسێنێتەوە، ئەگەر ئەوە بكرێت حكوومەت متمانەی بۆ ئەگەڕێتەوە. دووەم- پێویستە حكوومەت گرینگی بە توانای هاونشتیمانیانی خۆی بدات، پێویستی بەهاونشتیمانیانی خۆی بێت نەك وەك ئەو دۆخەی ئێستا كە بە زیادەوە خەڵكی خۆیان تێدەگەن، داهاتی كوردستان بۆخزمەتكردنی هاووڵاتیان بێت. سێیەم- ئێمە پێویستمان بەوەیە بەرەو كۆمەڵگەیەكی چالاك بچین بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە گرینگی بەتواناكانی و داهێنانەكانی گەنجەكان بدەن، هەتا ئەگەر كارێكی سادەشیان كردبێت. چوارەم- واز لە بەسیاسیكردن و بەشەخسیكردنی كۆمەڵگە بهێنن و كار لەسەر بەشارستانیكردنی بكەین. پێنجەم- جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی دیموكراسیەت. شەشەم- دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری چیتر روكەشانە كار نەكەن و بێلایەنانە كار لەسەرخزمەتكردنی هاونیشتیمانیان بكەن. حەووتەم- بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەمیشە دەستەڵاتدارانی ئێمە یەكتر بە رێگری دەزانن، لەكاتێكدا هەموویان لە نێو حكومەتن، ئەمەش بە شێكە لە تێكدانی دەروونی هاووڵاتیانی خۆی و سەر لێشواندنیان.
راگەیاندكار ئەندام جەبار، رایدەگێنێت" لە كۆڕۆنا مەترسیدار نەمانی متمانەی نێوان شەقام و حكوومەتە، هۆكار گەلێ هەن كە ئەو متمانەیان نەهێشت و درزی پەیوەندی و پەیوەستی شەقامیان بە حكوومەت فراوانتر كرد، حكوومەت پشكی شێری بەردەكەوێت لەو بێ ئومێدیەی هەیە، لە هەرێمێكی ٥ ملیۆن كەسی بوونی حیزبی زۆر و كێبركێی ناشەریفانە بۆ گەیشتن بە دەستەڵات و سڕینەوەی یەكتری و نەخویندنەوەی واقیع ئەوە دەرەنجامەكەی بوو كەبێگومان كاریگەریەخراپەكانی تا چەندین دەیەی داهاتوو هەر دەمێنێت، ئێستا لە دۆخێكداین حكوومەت متمانەی بەحزبەكانی پێكهێنەری حكومەت نیە و حزبەكانیش متمانەیان بە حكوومەت نیە، ئۆپۆزسیۆن لە دەستەڵات بێ ئومێدەو دەستەڵاتیش ئۆپۆزسیۆن ناخوێنێتەوە كارمەندی حكوومەت بڕوای بە حكومەت نەماوە و هاووڵاتیش ئەوەی ئومێدی پێ نەبێت حكوومەتە لەنێو ئەو گێژوای بێ متمانەییەدا ئەوەی بۆتە قوربانی نەتەوە و كیانە زیاتر لە 29ساڵ حكومڕانی و دووچاركردنی ئەو هەرێمە بەسەدان قەیران و نەهامەتی هەر دەبێ ئەوە ئەنجامەكەی بێت، جا ئەوەی گرفتەكە گەورەتر دەكات نەخوێندنەوەی ئەو واقیعە پڕ مەترسیەیە كە بەهۆی ئەو بێ متمانەییە هەیەو دەشمێنێت ئەگەر زوو چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئێستا دۆخەكە وەهایە ئەی چارەسەر چیە؟ بێگومان زۆر وڵات بەو دۆخەی ئیستا تێپەڕیون و بێ متمانەیی شەقام و حكوومەت گەیاندوونی بەئاستێك نزیكی كردوونەتەوە لە لێواری نەمان و روخان، بەڵام كەسانی ئەكادیمی و وەلانانی بەرژەوەندی حیزبی و كەسی و خویندنەوە و قبوڵكردنی را جیاوازەكان دوواجار ئەو متمانەیەی بۆ گێڕاونەتەوە.
رۆژنامەنوس حەمید سورچی، گووتی" نەبوونی متمانە لەژیانی مرۆڤدا زیانی زۆر دەگەیەنێت بۆیە راستگۆی و راشكاوی لەكاروكردەوەی مرۆڤدا زۆر پێویستە لە پتەوكردنی متمانەدا، بۆ دەستەڵاتی سیاسی و ئیداری وڵاتیش هەمان بابەتە، سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و حوكمڕانیەكەی لە ماوەی ٢٩ساڵی رابردوودا كێشەو گرفتی زۆر هەبووە كە كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان هەبووە، ئەمەش لەرووی خراپی خزمەتگوزاری و گەندەڵی و ناروونی لەسەرچاوەی ئابووری و دارایی و خراپی گوزەرانی خەڵك و پاشكەوتوو كەمكردنەوەی مووچەكانیان و بەكردەوە ئەنجامنەدانی چاكسازی لەسێكتەرە گرنگەكان و جیاوازی چینایەتی و هۆكاری تری پەیوەست بەژیانی خەڵكەوە، لە باشوری كورستان وەك گوێبیستی هاونیشتیمانیان دەبین بێ متمانەی دروستبووە لەنێوان دەستەڵاتی حوكمڕانی و خەڵك، بۆ گەڕاندنەوەی متمانە پێویستە چاكسازی راستەقینە بكرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵك چاكبكرێت و خزمەتگوزاری بایەخی زیاتری پێ بدرێت و دادی كۆمەڵایەتی فەراهەم بكرێت، ئەمانە راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر گەڕانەوەی متمانە و هاووڵاتیانیش ئەوكاتە زیاتر هەست بە لێپرسراوێتی دەكەن و متمانەیان بە حوكمڕانی پتەوتردەبێت.
هەیفا جەبار، كارگێڕی سكرتاریەتی یەكێتی لاوانی كوردستان دەڵێت" لە سالی 1991 كە خاكی كوردستان ئازادكراو دواتر پەرلەمانی كوردستان لەدایكبوو و یەكەمین كابینەی حكوومەتی هەرێم دەستیكرد بەكاركردن، بێگومان خۆشترین مێژووی هەبوو بۆخەڵكی كوردستان، دواتر شەڕی ناوخۆ هاتە ئارا و كۆمەڵێك برین لە دڵی خەڵك بە جێما، بەڵام دڵخۆشی یەكە لەوەدابوو كە خەڵكی كوردستان بەلێبوردەیی ئەو قوناغەیان بڕی و دەست بەدەستی یەك لەسەنگەری خەباتی ئاوەدانی و پێشكەوتنی وڵاتیان خستە بەرچاو و هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ حكومەت بەرەو پێش دەڕۆیشتن، لە هەمان كاتدا چەندین كەم و كوڕی لە بەڕێوەبردنی ئیداریش هەبوو و تا ئێستاش هەیە، تەمەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان 29 ساڵە كەچی تا ئێستا كێشەی كارەبا و ئاو و سێكتەری تەندروستی كەگرنگترین خزمەتگوزارین و پێویستە پێشكەشی خەڵك بكرێت چارەسەر نەكراوە، بۆیە خەڵك جۆرەها نائومێدی بۆ دروستبووە و بێ متمانەبوون بە ئایندەی وڵات، هەروەها پڕۆژەی بەرەنگاری گەندەڵكاران هەمیشە لە بەرنامەی كاری كابینەكانی حكومەت بوون و هەر كابینەیەك بەشێوەیەك روبەرووی بووە، بەڵام بەداخەوە بنبەڕنەكراوە كابینەی نۆیەمی حكوومەت بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، بەلێنی وابوو بۆبنبەڕكردنی گەندەڵی لە وڵات و جێبەجێكردنی یاسا لەسەر هەموو هاووڵاتییان بەشێوەی داد پەروەرانە، بەڵام گەندەڵكاران لەترسی لە دەستدانی سامانی خۆیان لەكار رانەوەستاوەن و راناوستن و هەردەم لە پیلانگێری و كۆسپ دانان دەبن، بۆیە دەبێ بەوریایی و یاسا بەرەو پێش هەنگاو بنرێت بو بنبەڕكردنیان، ئەوەی ئێستا كابینەی نۆیەم دەكات باشترین رێگایە بو گەڕاندنەوەی ئومێد و متمانەی خەڵكی كوردستان، چونكە ئیتر كاتی ئەوە بەسەرچووە كەسێكی خاوەن فیكرەی داعش ئەندام پەرلەمان بێت و یاسا پێشل بكات و جاسوسی بو دوژمن بكات و یاسا لەسەری جێبەجێ نەكرێت، ئەگەر رێز بۆ یاسا دابنرێت و هەر كەسێك لە هەر پلەو پایەدا كاتی بێ رێزی بە یاسا بكات سزا بدرێت، ئیتر هەموو لایەك فێری رێزگرتنی یاسا دەبن و وڵات بەرەو پێش دەچێت، پێویستە حكوومەت خزمتگوازریەكانی پێویست بۆ خەڵكی خۆی دابینبكات تاكو خەڵكیش بەسەر بڵندی بژین و زیاتر لە جاران پشت و پەنای حكوومەتی خۆیانبن، بەرەنگاری گەندەڵی ئیداری دەست پێ بكرێت و گەندەڵكار لەهەر پۆست و پایەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت و ئەوكات دڵنیام ئاشتەوای نێوان حكوومەت و شەقام لەجاران بتەوتردەبێت.
میدیا كار شەوكەت قادر، دەڵێت" كلیلی چارەسەری هەموكێشەكان دادپەروەری و سەروەری یاسا و شەفافیەتە پێویستە هەموو تاكێك لە بەرامبەر یاسا وەك یەك بێت و سەرجەم دانیشتوانی هەرێم لە ئەرك و مافدا یەكسان بن، كاتێك متمانەی خەڵك دەگەڕێتەوە كاتێك هاووڵاتیبون لەپێش بەرژەوەندی تاكەكەسی و حزبی و خزمایەتی و عەشیرەتگەری بێت، هاووڵاتی لە هەر شوێنێكی ئەو هەرێمە بێت هەست بەدڵنیایی بكات كە تەواوی مافەكانی پارێزراوە و جیاوازی نیە لەگەڵ هەر هاووڵاتیەكی تر، ئەمەش پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە و پێویستە چاكسازیەكی راستەقینە لەسەرجەم سێكتەر و جومگەكانی ئەو هەرێمە بكرێت، هەر لە دام و دەزگا حكومییەكان و سێكتەرە جیاوازەكان بەتایبەت ئەو كەرتە گشتیانەی سەرچاوەی داهاتن، خاڵێكی تری گرنگ بۆ گەڕانەوەی متمانە چارەسەری ریشەییە بۆ كێشەكان نەوەك تەنها چارەسەری كاتی یاخود سپاردنی كێشەكان بەكێشەیەكی تر، دەبێت كێشەكان بەجۆرێك چارەسەر بكرێن تەنها بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگیرێت، ئەمەش جیا لەوەی كێشەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردن دەبات متمانەی هاووڵاتیان لە نێوان خۆیان و بەرامبەر حكوومەت دەگەڕێتەوە و ئاستی بەرپرسیاریەتی لای تاكی كورد زیاتر دەكات.

زۆرترین بینراو