چی وایكردووە ئاستی قوتابییانی پۆلی هەفتەم داببەزێت؟

چی وایكردووە ئاستی قوتابییانی پۆلی هەفتەم داببەزێت؟

راپۆرت: حەسەن هاشم باڵەكی
لەم چەند ساڵانەی دوایی لە پلانی وەزارەتی پەروەردە بڕیاردراوە كەوا قوتابیانی قۆناغی شەشەمی سەرەتایی تاقیكردنەوەی نیشتیمان(بەكەلۆری) ئەنجام نەدەن بەڵكو بەشێوەیەكی ئاسایی و بەشێوەی دوو وەرز خوێندن بكەن و تاقیكردنەوەی كۆتایی ئەنجام دەدەن بەرەو قۆناغی پۆلی حەوتەم بەرێ دەكرێن، باس لەوە دەكرێت لەم چەند ساڵانە ئاستی قوتابیان زۆر دابەزیوە و تەنانەت بەشێكی زۆری قوتابیان گەیشتوون بە قۆناغی حەوتەم نازانن بنووسن و بخوێننەوە،دەربارەی ئەم پرسە لەم راپۆرتەدا زاری كرمانجی لێدوانی چەند مامۆستایەكی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیمان وەرگرتووە كە بەم شێوەیە لێكدانەوەی بۆ دەكەن:
مامۆستا نەوزاد مستەفابەڕێوبەری قوتابخانەیەكی سەرەتاییە بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: بە ڕای من تارادەیەكی زۆر نەمانی تاقیكردنەوەی نیشتیمانی(بەكەلۆری) كاریگەری خراپی هەبووە لە سەر ئاستی زانستی قوتابیانی پۆلی حەوتەم، بۆیە گەڕانەوەی بەكەلۆری پێویستیەكی گرنگە، چونكە دەبێتە پاڵنەرێك تاكو قوتابی زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت نەوەك هۆكاری تر، هەروەها ڕێگایەكە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابییان، لەهەمان كاتدا ڕێگریش دەكات لە جیاكاری كردن لە نێوان قوتابییان.
مامۆستا نەوزاد گووتیشی" بێگومان تاقیكردنەوەی نیشتیمانی لایەنە باشەكانی زۆرە بۆ گشت قوتابییان وادەكات قوتابییە زیرەكەكان بەتایبەت یەكەمەكان بۆ ئەوەی مافیان لەبەر چاو بگیرێت و بەیەك چاو سەیر بكرێن،بەتایبەت ئەو پۆلانەی كە منداڵی مامۆستا لەهەمان پۆل و قوتابخانە قوتابی بن، بۆ قوتابییە لاوازەكانیش دەبێتە ڕێگر تاكو قوتابی دەرنەچێت لەو قۆناغە، چونكە زۆر جار پەیوەندی دۆستایەتی و خزمایەتی هۆكاری سەرەكیە بۆ ئەوەی قوتابی لاواز دەربچێت، ئەمەش وادەكات گرنگی زانست و زانیاری بە كەم سەیر بكرێت، چونكە دڵنیابە لە كۆتایی خولی دووەم دەردەچێت، گومانیشی تێدانییە ئەم تاقیكردنەوەیە چارەسەری ئەم لایەنە خراپانەش دەكات،بە مەرجێك داخل بوون و داخل نەبوون هەبێت، مەرجیش ٢ یان ٣ وانە بێت بۆ ئەوەی قوتابی مافی بەشدار بوونی هەبێت و تاقی كردنەوەكش لەسەر ١٠٠ نمرە ئەنجام بدرێت نەوەك وەك پۆلی ٩ نمرەكە هاوبەش بێت لەنێوان قوتابخانە و ئەزمونە گشتیەكانی وەزارەتی پەروەردە.
مامۆستا كارزان ئیدریس مامۆستا و یاریدەدەر لە قۆناغی ناوەندی بۆزاری كرمانجی گووتی" بەڕاستی دابەزینی ئاستی زانستی مەترسیەكی گەورەی پەروەردەییە، پێویست بوو حكومەت لەهەموو لایەك پەرچەكرداری بۆئەم مەترسیە هەبوایە، ڕاستیەكەی دابەزینی ئاستی قوتابییان لەگشت پۆلێك هەیە، تایبەتی لە پۆلی حەوت، هۆكاری زۆریش بۆئەم بابەتە هەیەلەوانە،
یەكەمیان: هەڵەو كەم وكوری پرۆگرام وشێوازی تاقیكردنەوەكان.
دووەم: بەكارهێنان وخووگرتنی قوتابی بە مۆبایل وئایپاد و ئامێرە ئەلكترۆنیەكان.
سێ یەم: نزمی ئاست و توانای مامۆستا كە ناتوانێ بەباشی قوتابییەكان ئامادەبكات.
دەربارەی گەڕاندنەوەی تاقیكردنەوەی نیشتمانی بۆ پۆلی شەشەم مامۆستا ئیدریس گووتی" بێگومان گەرانەوەی تاقیكردنەوەی نیشتیمانی دەبێتە هۆكارێك و تەكانێك كە پێویستە قوتابییەكە خۆی باشتر ئامادەبكات وهەوڵی بەردەوام بدات،بۆیە دەكرێت هۆكارێك بێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابی لە بواری خوێندن ونووسین.
مامۆستا نەبی مەنصور بۆزاری كرمانجی دەڵێت" دابە زینی ئاستی قوتابییان پە یوەندی بە دوو هۆكارەوە هەیە:
یەكەم: لابردنی تاقیكردنەوەی وزاری.
دووەم: گۆڕانە جەستەییەكان و ئەو قۆناغە نوێیەی هەرزەكاری بەتایبەت لەكچان بە ڕێژەی ٥٪ كاریگەری هەیە لەسەر كچان.
دەربارەی گەڕانەوەی تاقیكردنەوەی بەكەلۆری ئەو مامۆستایە گووتی"بەتەواوی لە گەڵ گەڕانەوەی تاقیكردنەوەی نیشتیمانیم بۆ پۆلی شەش.
مامۆستایەكیش كە نەیویست ئاماژە بەناوەكەی بكەین بۆئەو بابەت بەم جۆرە سەرنجەكانی خۆی خستە روو" زۆربەی قوتابخانە سەرەتاییەكان قوتابی بەرێ دەكەن بۆ قۆناغی حەوتەم، بەرێوبەرێك دەیگوت با قوتابخانەم چۆل بێت هیچ یەكێ لە قوتابییەكان با نەكەوێت بە مامۆستاكانی خۆی گوتبوو، بە بۆچوونی من زۆر گرنگە بگەڕێتەوە تاقیكردنەوەی نیشتیمانی بۆ پۆلی شەشەم.
لەهەمان كاتدا مامۆستا مەجید عەبدوڵڵا كە ئەزموونی چەندین ساڵەی هەیە لەكاری مامۆستایەتی و وانە گووتنەوە باس لە كۆمەڵێك هۆكار دەكات دەربارەی دابەزینی ئاستی قوتابییان و دەڵێت"نەبوونی ستافێكی ڕاهێنراو مەشق پێكراو لە ناوەندەكانی خوێندندا، كەمتەرخەمی و بێ هیوایی دایك و باوكان لە بواریی پەروەردە بە بەراورد بە بوارەكانی تر نموونە بواریی سەربازیی، پێشمەرگەش گەورەترین بەڵگەیە.
هەروەها نەبوونی پرۆگرامێكی پڕاو پڕ لە تەكنۆكراتی و دانانی لەلایەن مامۆستایانی پسپۆرو هەگبە پڕ لەشارەزایی لە ناوەندەكانی خوێندن دا، بایەخ نەدان بە مامۆستایان بەوەی كەناتوانن كاتی تەواو بۆ قوتابییان دابین بكەن بەهۆی سەرقاڵیان بە پیشەو كاری ترەوە بۆ دەستكەوتنی ماددی یاخود كاری دووەم، ئەمەش بەهۆی دابین نەكردنی ژیانێكی بێ كێشە بۆ مامۆستایان، نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان دایك و باوكی قوتابییان و مامۆستایان لەگەڵ هەبوونی پەڕاوی هەڵبژاردن لەكاتی تاقیكردنەوەكان ، دەستكراوەیی مامۆستا لە پێدانی نمرە بە بێ ئەوەی هیچ چالاكیەكی هەبێت.
مامۆستا شەهێن عبدالرحمان كە مامۆستای سەرەتاییە بۆزاری كرمانجی هۆكاری ئاست نزمی قوتابییانی پۆلی حەوتەمی بۆ دوولاگەڕاندەوە هەم مامۆستاكە و هەم قوتابییەكە،بە گرنگی زانی كە تاقیكردنەوەی نیشتیمانی(بەكەلۆری) بگەڕێتەوە، بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابیان.
مامۆستا ڕۆشنا عەلی كە ساڵانێكە مامۆستای سەرەتاییە و خاوەنی لاپەرەی پەروەردەییە لە ڕۆژنامەیەك، بۆزاری كرمانجی گووتی " هۆكارەكان دەگەڕێنمەوە بۆ ئەم چەند خاڵە: لەخاڵی یەكەم بەپرسیارێك دەست پێدەكەم. ئایاهۆكاری دابەزینی ئاستی قوتابی لە پۆلی حەوتەم بۆچی دەگەڕیتەوە؟ قوتابی كاتێك قۆناغی شەشی بنەڕەتی دەبڕێت و بەرەو قۆناغی حەوت دەڕوات دەكەوێتە نێوان دوو قۆناغی تەواو جیاواز لە گۆڕینی قوتابخانە و گۆڕانی تەواوی پڕۆگرامیش جگە لە لایەنی فسیۆلۆژی كە تەمەنی قوتابی لەم قۆناغە دەگاتە 12-13 ساڵان كە دەسپێكی قۆناغێكی نوێیە، هەموو شێوازێكی خوێندنی دونیاش لە چەند قۆناغێكدا ئەم گۆڕانكارییەی تیایە، بەڵام ناگاتە ئاستی وازهێنان و بێ‌ هیوا بوون، چونكە پڕۆگرامی پێش ئەو قۆناغەی ئەوان ئامادەكاری قۆناغی گۆڕانكارییەكەی تێدا كراوە، بەڵام لای ئێمە ئەو ئامادەكارییە نییە ئەگەر هەشبێت زۆر كەمە بۆیە بە ئاستی قوتابیانەوە لەو قۆناغەدا دیارە، زۆربەی قۆناغی بەجێهیشتنی قوتابخانەش لەلایەن قوتابییەوە ئەم قۆناغەیە بەڵگەش بۆ ئەوە ماوەیەك لە قوتابخانەیەكی ئێواران وانەم ئەوتەوە زۆربەی ئەوانەی قوتابخانەیان وازهێنابوو لەقۆناغی حەوت و هەشت بوون بەزۆریش هەشت، هۆكاری تەمەنیش كە باسم كرد قوتابی لە قۆناغی منداڵییەوە دەگۆڕێت بۆقۆناغی نەوجەوان كە ئەمەش هۆكارێكە و خولیاكانی قوتابی لەم قۆناغەدا دەگۆڕێت و بەرەو كۆمەڵە حەزێكی تر دەڕوات، هەر بۆیە بە خوێندنییەوە دیارەو زۆر جار ئاستی دەهێنێتە خوارەوە، چارەسەری ئەم حاڵەتەش بە پلەی یەكەم دایك و باوكە كە ئاگای لە خواست و هەستیاری قۆناغی گەشەی قوتابییەكە بێت و لەلایەكی تریش پێویستە وەزارەتی پەروەردە هەموو قورسایی پڕۆگرامەكان لە قۆناغێكی دیاریكراودا كۆنەكاتەوە،بەڵكو پێویستە بەپێی پێویستی قۆناغی خوێندن قورسایی بخەنە سەر وانەیەك واتە هەر قۆناغەو وانەیەك چڕبكەنەوە نەك لەیەك قۆناغدا هەمووی بەیەك جار، هۆكارێكی تر نەبوونی فلتەرێكە پێش قۆناغی حەوت كە قوتابی پێیدا تێپەڕ بێت ڕەنگە ئاستی لاواز بێت و بە كۆمەڵێك هۆكار دەربچێت.
لە خاڵی دووەم مامۆستا رۆشنا ئاماژەی بۆ گەڕاندنەوەی تاقیكردنەوەی پۆلی شەشی بنەڕەتی كردوو گووتی " تاقیكردنەوەی نیشتیمانی بە پێویست دەزانم، دەبێت بە زوترین كات ئەم تاقیكردنەوەیە بگەڕێتەوە وبۆنێو پرۆسەی خوێندن بە حكومی و ئەهلیەوە، سەرتاسەری بێت و لەسەر 100 نمرەی دەرچوونیش بێت، چونكە سەرەتای قۆناغێكی هەستیارە، تەواوكردنی قۆناغێكە كە هەشت قۆناغی پێش خۆیەتی دووساڵی باخچە و شەش ساڵی بنەڕەتی،بەم تاقیكردنەوەیە هەم ئاستی قوتابی هەم ئاستی قوتابخانەكان و ئاستی مامۆستاكانی ئەو قۆناغەش دیاری دەكرێت و جۆرێك كێبڕكێش لە نێوان قوتابخانەكاندا دروست دەبێت كە دەتوانرێت بە بێ‌ هیچ كێشەیەك بڕیار لەسەر ئاستییان بدرێت.
قۆناغی شەشی بنەڕەتی بە پێویستر ئەزانم تاقیكردنەوەی نیشتمانییان بۆبكرێت لە چاو پۆلی نۆ، بەو مانایەش نییە پۆلی نۆ نەمێنێت بەڵكو پێشنیار ئەكەم بمێنێت و لەسەر 100 نمرەی دەرچوونیش بێت.
مامۆستا نازم عەبدوڵڵا كە خۆی بەرێوەبەری قوتابخانەیەكی ناوەندیە بەم شێوەیە بۆزاری كرمانجی باس لە دابەزینی ئاستی قوتابییان دەكات و دەڵێت" بەڕای من هۆكار زۆرن بۆ دابەزینی ئاستی قوتابییان بە گشتی و دابەزینی ئاستی قوتابی پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی بە تایبەتی.
لەگرنگرترین هۆكارەكانیش وەك مامۆستا نازم ئاماژەیان بۆدەكات ئەمانەی خوارەوەن
یەكەم: نەمانی بەكەلۆریە.
دووەم:جیاوازی قوتابخانە واتە قوتابی تاكو پۆلی شەش لە قوتابخانەیەكە دواتر دەچێتە قوتابخانەێكی تر هیچ گومانی تێدا نییە لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ هەندێ قوتابخانە بەڵام بەشی زۆری تێپەڕاندنە و ڕونتر بڵێم لە كۆڵەخۆكردنەوەیە.
سێیەم:دایك و باوك، ئاستی قوتابی بە زۆری لە پۆلی چوار و حەوت بە دیار دەكەوێت بە تایبەتیش حەوت و چونە قوتابخانەیێكی تر.
چوارەم:ستافی مامۆستاوكارگێڕی هەندێ قوتابخانە،من پۆلی حەوتم هەیە دەزانم ساڵانە چەند قوتابی نەخوێندەوار و سەقەتم بۆ دێت.
پێنجەم: بۆ دابەزینی ئاستی قوتابی بە گشتی كەم تەرخەمی خودی قوتابی خۆیەتی، كە ئەویش چەند هۆكارێك هەن كە وای لە قوتابی كردووە كە خوێندنی لەلا وەك پێویست نەبێت (بەداخەوە )كەوا دەڵێم بەڵام ئەمە ڕاستییە
شەشەم : تەكنەلۆجیا و زۆری مۆبایل و ئینتەرنێت سەرقاڵ بوونی قوتابییان بە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان.
ئەوەی باسكرا و خرایە روو بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە پێویستە ئەم خاڵانە و ڕاو بۆچوونی مامۆستایان و بەرێوبەرەكان بكەینە هۆكارێك بۆ باشتركردن و بەرەوپێشبردنی ئاستی قوتابییان لەم قۆناغەدا.

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو