چەك نۆریس هۆكاری مردنی بڕوس لی ئاشكرا دەكات

چەك نۆریس هۆكاری مردنی بڕوس لی ئاشكرا دەكات

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: چەك نۆریس كە یەكێك بوو لە هاوڕێ نزیكەكانی بڕوس لی، هۆكاری مردنی ئەو ئەكتەر و وەرزشەوانە ئاشكرادەكات، كە بەشێوەیەكی كتوپڕ و لە ناكاو لە تەمەنی 33 ساڵیداو لە هۆنگ كۆنك ساڵی 1973 كۆچی دوایی كرد.
نۆریس لە بارەی مردنی ئەو یاریزان و ئەكتەرەوە دەڵێت" زۆر كەس وائەزانێ كە هۆكاری مردنی بڕوس لی، بە شێوەیەكی پیلان بۆ داڕێژراو بووەو هەوڵی لە ناوبردنیان داوە، یان بەوە تۆمەتباری دەكەن كە تلیاكی زۆری كێشاوە، یان لە رێگەی دەرزییەوە كوشتویانە, راستی ئەو روداوە ئەوەیە كە من بۆتان باس دەكەم، كاتێك بڕوس لی لە لۆس ئەنجلۆس بوو لەگەڵ كەریم عەبدولجەبار كە یاریزانی باسكە بوو لەگەڵ ئەوەش یەكێك بووە لە خوێندكارەكانی، سەرقاڵی راهێنان بوون و بڕوس لی هەوڵی داوە كە ئاسنی زۆر بەرز بكاتەوە زیاد لە پێویستی كێشی لەشی بووە، بەوەش ئەو یاریزانە ماسولكەیەكی پشتی ئازاری پێگەیشتوە لەگەڵ بەشێك لە فەقەرەكانی، دوای سەردانی بۆ نەخۆشخانە، پزیشكەكە پێی وتوە تۆ دوچاری پێكانێكی سەخت بوویت و زۆر زەحمەتە جارێكی دیكە بتوانیت وەك مرۆڤێكی ئاسایی بە رێگەدا بڕۆیت".
چەك نۆریس دەشڵێت" بەهۆی ئەوەی بڕوس لی كەسێكی تایبەت بوو، دوای تەنها مانگێك لەسەر پێی خۆی وەستایەوەو وەك جاران دەستی بە جوڵە كردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو ماسولكەیەی پشتی بە تەواوی چاك نەببوەوە بەردەوام هەستی بە ئازار دەكرد، بۆیە هەمیشە حەبی دەخوارد بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكەی".
نۆریس لە گێڕانەوەی روداوەكە بەردەوامەو دەڵێت" جارێك بڕوس لی گەڕاییەوە بۆ هۆنگ كۆنگ بۆ ئەوەی فیلمیك بەرهەم بهێنێت لەگەڵ وارن بێتی, كە یەكێك بوو لە ئەكتەرە بەناوبانگەكانی ئەو كاتی هۆڵیوود لەگەڵ خانمێك بە ناوی تینگ كە ئەویش ئەكتەر بووە، لە كاتی گفتوگۆكردن لە بارەی بەرهەمهێنانی فیلمەكە بڕوس لی سەری زۆر دێشێت و ئەو خانمە ئەكتەرەش حەبێكی سەر ئێشەی پێدەدات، بەڵام پێشتر بڕوس لی حەبی ئازاری پشتی خواردبوو، دواتر حەبی ژانەسەرەكەی خواردوە لەگەڵ كەمێك لە خواردنەوە كحولییەكان، ئیتر ئەو سێ ماددەیە لە جەستەی تیكەڵ بوون و بەهۆی ئەو دوو حەبەوە كاردانەوەی نیگەتیڤ لە جەستەیدا درووست بووە، بەوهۆشییەوە تووشی جەڵتەی مێشك بووە و پاشان كۆچی دوایی كرد".

بابەتى پەیوەندیدار وەرزشى

زۆرترین بینراو