چەمکی هەژاری لەدیدی لێپرسراوانی عێڕاقی و کوردییەوە

سيڤه‌ر بابه‌كر

ماوەیەک بوو ڕاپۆرتێک لەسەر ڕێژەی هەژاری لە شارەکانی عێڕاق و بەتایبەتیش شاری سلێمانی بووە بابەتی گەرمی مێدیا و سۆشیال مێدیاکان، هەرچەندە ئەو  ڕاپۆرتە لەسەر بنەمایەکی زانستی و پێوەر و ڕوپێوێکی مەیدانی دروست بینانەکرابوو، بەڵام لەبەشێکی زۆری مێدیاکاندا شانازی بەو ڕێژەیەوە دەکرا، تەنانەت بەرپرسان و بە تایبەتیش لە سلێمانی بەدەسکەوت و ئیمتیاز سەیری دەکرا، بەڵام با دیوێکی دیکەی هەژاری هەڵبدەینەوە، بەتەنها لەسلێمانی نا بەڵکو لەعێڕاق و بەتایبەتتریش لە کوردستان، بزانین چەمکی هەژاری بەپێی پێوەری سەدە چی لەخۆی دەگرێت و ئێمە لە کوێی ئەو پێوەرەداین ئەوسا بڕیار بدەین لە سەر هەژاری و  زەنگینیمان.

 لەسەدەیەکدا دەژین کە زانست لەلوتکەدایەو ڕۆژ بەڕۆژ بیرمەندان بۆ خزمەتی زیاتری مرۆڤایەتی بەرهەمی نوێ دەهێننە بوون، هێواش هێواش زانست و لۆژیک خوڕافیات و قسەی وتی وتی پوچەڵ دەکەنەوەو لەشوێنیاندا بەڵگەو ژمارە قسە دەکەن، وەڵاتانی  پێشکەوتوو هێز بۆ پاککرندەوەی بۆشایی ئاسمان و ئەو مەترسیانەی لە ئاسمانەوە دەکرێت ڕووبەڕووی زەوی ببنەوە تەیار و ئامادە دەکەن، هەر ڕۆژ بۆ کار ئاسانی و هاوکاری مرۆڤ ئامێرێکی تەکنەلۆژی بەرهەمدێنن بۆ ئەوەی مرۆڤ بگەیەنن بە قۆناغێکی دیکە کەباشتربێت لەوەی ئیمڕۆ تیایدا دەژییەت.

مۆدێلەکانی حوکمڕانی باش لەدەستپێکیانەوە بۆ کۆمەڵگاکانیان خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانی وەک : خوێندنگە_ نەخۆشخانە_ ئاو_ کارەبا_ غاز_ ڕێگا و ئامڕازی گواستنەوەی هەمچەشنیان بۆ کۆمەڵگاکانیان فەراهەمکردووە و ڕێگە بەوەنادەن تاکەکانیان گیرۆدەی ئەوەببن کە بیر لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیانیان بکەنەوە، بەخەمی داهاتووی تاکەکانیانەوەن، چونکە داهاتووی تاک تەعبیرە لە داهاتووی کۆمەڵگەکەیان، بیریان  بەچەشنێکە کە هەرتاکێک بەعیزەت و کەڕامەتەوە بژیەت لەئێستادا مانای ئەوەی هەیە داهاتووی کۆمەڵگەکەیان داهاتوویەکی پڕ عیزەت و کەڕامەتە، لەخەمی ئیشی نوێ و بیرۆکەی نوێدان بۆ ئەوەی تاکەکەنیان نەکەونە دۆخی بێکارییەوە، بەجۆرێک فڕسەتی كارکردن ئەوەندە فراوانە تاکەکانی کۆمەڵگەکانی خۆیان ناتوانن ئەو ڕێژە بەرزەی هەلی کار پڕبکنەوە بۆیە ناچارن لەوڵاتانی تر داوای دەستی کار بکەن،  ئەو وێنایەی لەپێشەوە باسکرا وێنای حوکمڕای باشی وڵاتانی پێشکەوتووە کە مرۆڤ واتا تاک سەنتەری هەموو شتێکە و حکومەت و حوکمڕانیش ئامڕازێکن بۆ ئەوەی لەخزمەت ناوەندییەتی تاکدا خزمەت بە ئێستا و داهاتووی مرۆڤی خۆیان بکەن.

ئەو وێنایە وەردەگێڕێن بۆ عێڕاق بە گشتی کە نمونەی حوکمڕانی خراپ و سواو و تاقیکراوە و نەویستراون بەڵکو بەخۆسەپێنی دەیانهەوێت پێیان بوترێت حوکمڕان، وێناکە بەو جۆرەیە کە نزیەی سەد ساڵە عێڕاق وەک دەوڵەت ناسێنراوە و دانی پێدانراوە لە دەوڵەمەنترین و گرنگترین جوگرافیای سامانی سروشتی جیهان شوێنی گرتووە، کۆمەڵگایەکە کە ژمارەی دانیشتوانی بەرامبەر بەداهاتەکەی زۆر نزمە، بەجۆرێک داهاتەکی ئەوەندە مەزنە لەیەککاتدا ئەمریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنساو ڕوسیا و چین و تورکیا...هتد، پشکی خۆیانی لێ هەڵدەگرن و دەیخەنە خزمەتی تاک و وڵاتی خۆیانەوە، بەڵام عێڕاقی حبیب و مواطینی حبیبی عێڕاقی دووای سەد ساڵ لە بوون بەدەوڵەت و لەسایەی نەبوونی حوکمڕانی باش هێشتا بێ ئاو_کارەبا_نەوت_غاز_ئامڕازەانی گواستنەوە_نەخۆشخانە و خوێندنگان، سەرباری نەبوونی ئەوانەش، لەژێر هەڕەشەو مەترسی گەورەو ناهەمواری دۆخی ئەمنیدان و بۆ ساتێک لە ئێستا و داهاتووی خۆیان دڵنیانین، هێێشتاش هەر عیراق لایان حبیب و حبیبە لەگەڵ ئەوەشدا بۆ حەبیانی عێڕاقی دەسەڵاتێکی باش و حوکمڕانیەکی دروست لەدایک نابێت!

 

باشوری کوردستان یاخود دروستر بڵێین هەرێمی کوردستان، کە نزیکی سی ساڵە حوکمڕانی خۆسەری وەرگرتووە، لەچاو هەموو حوکمڕانی باشی دونیا هەڵساوە کۆپییەکی لە حوکمڕانی عێراق وەرگرتووەو لەژێر تیشکی ئەو حوکمڕانییەی کە سەدەیەکە نەیتوانیوە خواستی عێڕاقییەکان دابین بکات، دەیان هەوێت بەو کۆپییە ئۆرژیناڵە و بەتەنها سی ساڵ خوستی گەلی کورد دابین بکەن، لەکاتێکدا خواستی گەلی کورد هەر بەتەنها کورت هەڵنایەت لە خزمەتگوازری بەڵکو خواستی گەلی کورد دەوڵەت بوون و نەتەوەیی بوونە پاشان خزمەتگوازی، لێ حوکمڕانانی کورد دۆلاریان لەبری لۆکە خستووەتە گوێچکەکانیان و نە گوێیان لەدەنگی میللەتە و نەدەشیان هەوێت گوێیان لێبێت، کاریگەری ئەو دۆلارە لۆکەییە ئەوەندە بەهێزە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی لەبەردەم بەرپرسان سڕیوەتەوە و تاکەشت کەدەیبینن و دەیبیستن قازانجێکی لەبن نەهاتوو و کەڵەکەکردنێکی زیاتری سامانە لەدەستی خۆیاندا، میللەت دروستتر بڵێین مێگەل نە خزمەتگوازری هەیە نە خەونی بەدەوڵەت بوون ڕۆژانە بەتەها لەڕێگاو بانەکان بەئەندازەی سەنگەرێکی بەرگری خەڵک تێدادەچێت، نە کارەبا و نەوت و نەغاز کە بەسیترین و پێوسترین و بەکارهاتووترین ماددەی ڕۆژانەن نین یاخود زۆر گرانن، سەرچاوەکانی هەلی کار بوونیان نییە کۆمەڵگایەک کە پێنج ملیۆن  نفوسە کە ناکات بەئەندازەی شارێک لەوڵاتە گەورەکان لە ڕەزەلات و بێ عیزەتییەکی  مەزندا دەژیێنرێت و ڕێی پێدەکرێت، کاریگەریکەکانی حوکمڕانی خراپ لەسەر تاکەکان بەئەندازەیەکن تاک هەست بە بوون و گرنگی بوونی خۆی نەکات لەسەر زەوی، دەپرسین ئایا هەژاری ڕاستەقینە لە سەدەی بیست و یەکدا ئەوەیە ئاو و کارەباو نەوت و غاز و ئەمنییەت ژیانت نەبێت یاخود ئەوەیە کە تەنها حاڵت لە سەگێکی بەڕەڵای بێ ماڵ و حاڵ باشتربێت، ئەو ڕاپۆرتەی کە شانازی پێوە دەکرێت ڕێک دۆخی ئەوسەگەیە کە بێماڵ و بێ حاڵ و نانە و بەتەنها بەکەرەمی خودا دەژێت و ژیان بەسەردەبات، پێناسی چەمکی هەژاری لای بەرپرسانی عێڕاقی و کوردستانیش  دروست پێناسەی ئەو سەگەیە بەڵام بۆ سەگ نا بەڵکو بۆ مرۆڤی و تاکی عێڕاقی!!

زۆرترین بینراو