چەند وێستگەیەك لە ژیان و خەباتی ئەحمەد بڕنۆ

چەند وێستگەیەك لە ژیان و خەباتی ئەحمەد بڕنۆ

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- سۆران:
زۆرجار لە ئاست خەبات و ماندووبوونی گەلەكەمان دەستەوەستان دەبین نە هیچمان دەبێت بۆ گووتن و نەهیچمان پێ دەنوسرێت، ئەحمەد رەسوڵ گرتكی كە ناسراوە بە ئەحمەد بڕنۆ، یەكێكە لەو پێشمەرگانەی گیان لەسەر دەست خەباتی لە پێناو گەلی كوردستان كردووە.
لەم ژمارەی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا مەبەستمانە بگەرێینەوە بۆ وێستگەكانی ژیان و خەباتی ئەحمەد بڕنۆ.
ئەحمەد رەسوڵ لە ساڵی 1949 لە گوندی گرتكی سەر بە ناحیەی سیمیلان لە دایك بووە، ئەحمەد بڕنۆ ساڵی 1962 چەكی پێشمەرگایەتی لەشان دەكات و لە رێزەكانی ناوچەی باڵەك دەبێتە پێشمەرگە.
لە یاداشتەكانی ئەحمەد بڕنۆدا باس لەو رۆژانە كراوە كەوا چۆن پەیوەندی بە شۆڕشەوە كردووە تێیدا دەڵێت: كاتێك بوومە پێشمەرگە زۆر بە بیڕوباوەرەوە چوومە ناو شۆڕش. ئەو كات شۆڕش زۆر هەژاربوو، نەچەكمان هەبوو نەخواردن، خەڵكی ئەو كات هاوكاری دەكردین لە خواردن و خواردنەوە، هەر كەسێكیش چەكێكی هەبوایە دەدایە دەستی پێشمەرگە بۆ ئەوەی بخرێتە خزمەت شۆڕش، ئەو كات پێم وابوو لە هەموو دەڤەری باڵەكایەتی سێ چەكی جوری بڕنۆی لێنەبوو، لە شۆڕشی گوڵان من هەردەم بە چەكێكی بڕنۆەوە دەردەكەوتم و هیچ چەكێكم كار پێنەدەكرد جگە لە بڕنۆ، ئەو كات حەمیدە فەندی ناوی لێنام ئەحمەد بڕنۆ.
ئەحمەد بڕنۆ لە ساڵی 1970 و دوای بەیانی یانزدەی ئازار دەكرێتە پاسەوانی سنور لە رواندز، دوای ئاڵوزبوونی پەیوەندیەكانی نێوان شۆڕش و حكومەتی عێراق، ئەحمەد بڕنۆ دەگەرێتەوە بۆ ناو رێزەكانی هێزی كارۆخ، دواتر گوازراوەتەوە بۆ قەسرێ و بەردە زەرد لە نزیك گوندی ڕایات و كراوە بە پاسەوانی بارەگای بارزانی.
ئەحمەد ڕەسوڵ، لەدوای نسكوی شۆڕشی ئەیلول چووەتە كۆمەڵگای پیرانشەهر و دواتر گوازراوەتەوە بۆ كۆمەڵگای سەراو لە كرماشان، بەڵام دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان دەگەرێتەوە بۆ كەرەج و چاوی بە ئیدریس بارزانی دەكەوێت، دواتر دەگوازرێتەوە بۆ دەڤەری سیدەكان و لەوێ چەندین ئەركی سەربازی دەگرێتە ئەستوو.
لە راپەڕینی ساڵی 1991 ئەحمەد بڕنۆ لە دەڤەری سیدەكان بووە دواتر بارەگایەكەیان گواستووتەوە بۆ مەسیف سەلاحەدیین، دواتر دەكرێتە ئەندامی فەرماندەیی هەڵگورد.
ئەحمەد بڕنۆ، لە بیرەوەیەكانی دا باس لە داستانی حەسارۆست دەكات و دەڵێت: لەگەڵ محمەدەمین رەشكە دابووین لە گەروێ زینیێ، حكومەت لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری جاش هێرشی بۆ سەر ئێمە دەستپێكرد، ئێمە لەو هێرشەدا شكەستن خوارد، خدرەغای بێشەی و ئەوان رۆیشتن بۆ گویزەقەلێ و ئەو ناوچەیە، محمەدەمین رەشكەی گووتی ئێمە دەچینە گوشینە، ئەگەر چی ژمارەمان كەم بوو، بەڵام دامانابوو گوشینەی كۆنترۆل بكەین، لە سیمیلانەوە چووین بۆ گەڵاڵە، بارزانی نەمر لە رایت بوو لە نزیك گەڵاڵە، هێشتا نەگەیشتبووینە خزمەت بارزانی نێردراوێكی بارزانی هات و گووتی، بارزانی فەرمانی كردووە كەوا نەهێنە خوارەوە. ئێمەش ماینەوە لە گەروێ كورتنێ، شەو نزیكەی سێ سەد كەس بەوێدا دەهاتن و عەقید كافی لەگەڵیان بوو، عەقید كافی گووتی بارزانی گوتوویەتی ئەگەر یەك كەسیشیان مابێت دەبێت حەسارێ رۆستێ كۆنترۆل بكرێت، ئێمەش هاتینە بەرامبەر حەسارۆست، دوای نانی نیوەڕۆ عەقید كافی پلانی شەڕی داڕێشت، گووتی رەشكە دەبێت بچێتە بن حەسار، رەئیس عورەفا ئەسعەد دەبوایە بچێتە سەر حەسار، كۆمەڵێك پێشمەرگەی خەیلانی و سرێشمەیی هەبوون دەبوایە ئەوان بچنە پشت حەسار، ئێمە ئەو شوێنەمان گرت كەوا پێمان سپێردرابوو، دوو شەو لەو شوێنەبووین، شەوی سێیەم بڕیاروابوو هێرش دەست پێبكەین، نیشانەی هێرشكردن ئەوە بوو، ئەگەر رەئیس عورەفا ئەسعەد تەلقەتەنورێكی هاوێشت ئەوا هێرش دەسپێدەكەین، بەرەبەیان تەلقەتەنورمان بینی و دەستمان بە هێرشبردن كرد بۆ گەروە زینێ و بێرەوێ، لەگەڵ هێرشی ئێمە جاشەكان شكەستیان تێكەوت و نەوەستان تا گوشینە، بۆ هەمان رۆژ هێرشمان كردە سەر جاشەكان و لە گوشینەی هاتن بۆ حەسەنبەگ، هەندێك پێشمەرگە لە حەسەنبەگەوە هێرشیان كردە سەر جاشەكان، دواتر هاتینە خوارێ و هەندێك پێشمەرگەش هاتنە لامان، لەو شەڕەدا بە بیرم دێت سێ پێشمەرگە شەهید بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی لە لای ئێمە نەبوون بوویە نەمزانی كێ بوون.
ئەحمەد نەبی، هاوسەنگەرێكی ئەحمەد بڕنۆ بوویە و دەڵێت: بە سەرپەرشتی ئەحمەد بڕنۆی چوار پێشمەرگە دەبوایە بچین بۆ هێنانی پێداویستی تەندروستی، زانیاریمان هەبوون كەوا لە نەخۆشخانەی سیدەكان ژمارەیەكی زۆری كەلوپەلی تەندروستی هاتوون، ئێمەش چوار هێسترمان هێنان، دەوروبەری نەخۆشخانە ژمارەیەكی زۆر سەربازی لێبوون چووینە ناو نەخۆشخانە و زۆر بە خێرایی توانیمان ئەو كەلوپەلان كۆبكەینەوە، دوو پێشمەرگە دەبوایە ئەو دەرمانانە زۆر بە خێرایی دەربازبكەن و دوو پێشمەرگەش دەبوایە بوەستن نەوەك سەربازەكان پێمان بزانن، ئەگەر زانیبوایە ئەوا ئێًمە شەڕمان دەكرد بۆ ئەوەی دەرمانەكان تێپەرن، دواتر توانیمان ئەو كەلوپەلانە بگەینینە دەستی شۆڕش، بۆ ئەو كات ئەو دەرمانە بە هیچ شتێك نرخی نەدەهات.
عەبدوڵڵَا محمەدەمین، هاوسەنگەری ئەحمەد بڕنۆ بوویە لە داستانی خواكوڕك، ئەو دەگێرێتەوە و دەڵێت: ئێمە سەر بە لقی دوو بووین، هەر كە گەیشتینە خواكوڕك پێیان گووتین دەبێت بچن بۆ گردی كوراوە، ئێمەیان دابەشكردبوو بۆ سەر چەند شوێنێك و لە ناو كەمینەكاندا خۆمان حەشاردابوو، ئەحمەد بڕنۆ زوو زوو سەردانی ئێمەی دەكرد و رێنمایی بە ئێمەی دەدا، ئەو سەربازانەی بۆ ئێمەیان ناردبوون هەمووین كەسی بوێربوون و جێگای بڕوای حكومەتی عێراق بوون، شەو هات و هێرشەكی دووژمن بەرەوڕوومان هات و شكەستمان بەو هێرشە هێنا، ئەو شەوە سێ هێرشیان بۆ سەر ئێمە هێنا و توانیمان هەرسێ هێرشەكە تێكبشكێنین.
بۆ بەیانی بڕیاردرا جگە لەوانەی دەبنە پاسەوان ئەوانی تر با بحەسێنەوە، پێشمەرگەیەك بانگی كردین نزیكەی بیست سەرباز بە دووری دە مەتر لە ئێمەوە دوورن، ئەوانیش خۆیان ماتكردبوو، توانیمان بچینە سەریان و هەندێكیان كوژران و هەندێكیان دەستگیركران. ئەحمەد بڕنۆ هاتە لامان و ئاگاداری كردین لەوەی ئاگاداری خۆمان بین، بەیانی جارێكی تر شەڕ دەستی پێكرد، ژمارەیەكی زۆری سەربازبوون و بە تۆپ و تەیارە لە ئێمەیان دەدا، قەناسەیەك تەقەی لە مامۆستا ئاخیر دەكرد، ئەحمەد بڕنۆ چاودێری ئەو قەناسەی كرد و شوێنەكەی ئاشكراكرد، پێی گوتم خۆت نەوی كە و شوێنی قەناسەكەم دۆزییەوە، تەقەمان لێكرد و مامۆستا ئاخیر توانی لەوێ رزگار بكەین و قەناسەكەشمان بێدەنگ كرد، لەو شەڕەدا بە راستی سەرسامی ئازایەتی و لێهاتووی ئەحمەد بڕنۆ بووم.
عەلی ئەحمەد، كۆری ئەحمەد بڕنۆ دەڵێت: ئەو كاتەی باوكم بووەتە پێشمەرگە من منداڵ بووم، دایكیشم زۆری نەبرد كۆچی دوایی كرد، ئێمە هەر لای باپیرم بووین، هەر ئەویشم بە باوكی خۆم دەزانی، تەمەنم نزیكەی دە ساڵ زیاتر بوو، زانیمان هەندێك پێشمەرگە هاتنە ناو گوندی چۆمباروك، هەندێك پێشمەرگە بەرەو ڕووی ئێمە هاتن و پرسیاریانكرد كەوا ماڵی ڕەسول لە كوێیە، منیش بە دەست ئاماژەم بە ماڵی خۆمان كرد، ژنێك لە پشت ماڵی ئێمە بوو بانگی كرد و گووتی بێ روحم چییە منداڵەكانی خۆت ناناسیەوە، نە من زانیم ئەو باوكی منە و نە ئەو دەیزانی من كۆڕی ئەوم، دواتر سەیری كردم و گووتی كامەیان منداڵی منن؟
ئێمەش خۆمان داناسین، تەمەنم بۆ بە دە ساڵ ئەو كات بۆ یەكەمین جار باوكی خۆمم بینی.
عەلی بەردەوام بوو و گووتی: باپیرم ماوەیەكی زۆر زیندانی كرا لەسەر باوكم، ئێمەش هەموومان فەرمانی دەستگیركردنمان بۆ دەرچووبوو، تەنانەت حكومەتی عێراق دەستی بەسەر خانوی ئێمەدا گرتبوو، ماوەیك لە رێگەی هەندێك كوردی ناو حكومەت هاوكاریمان دەكرا و هەر كات كە دەمان زانی حكومەت دێتە سەرمان لە ماڵی دراوسێیەكان خۆمان دەشاردەوە، بەڵام دوای ساڵی هەشتاكان حكومەت بە هەموو توانای خۆی بەدوا ئێمە دەگەڕا و بارودۆخمان زۆر خراپبوو، ئەگەرچی ویستمان بچینە شاخ و ببینە پێشمەرگە، بەڵام باپیرم زۆر پیربوو و توانی ئەوەی نەبوو بێتە شاخ، بەڵام چەند كەسێكی ناو حكومەت یارمەتییان دەداین بۆ ئەوەی نەكەوینە دەست حكومەت.
ئەحمەد بڕنۆ، یەك لەو پێشمەرگانەبووە كەوا سەلماندوویەتی بە ماڵً و گیان خۆی فیدای كوردستان كردووە، هەردەم گیان لەسەر دەست ئامادە بووە بۆ بەرگری و خۆڕاگری. دوای راپەڕین ئەحمەد بڕنۆ درێژە بە خەباتی خۆی دەدات و وەك پێشمەرگەیەك رۆل دەگێرێت، دوا وێستگەی خەباتی ئەحمەد بڕنۆ فەرمانەی هەڵگورد بووە، ئەحمەد یەكێك بوو لە 28-5-2013 میدالیای بارزانی نەمری وەرگرتووە، ئەحمەد بڕنۆ یەكێك بووە لەو پێشمەرگە دێرینانەی كەوا بە دڵ و گیان دەنگی بە سەربەخۆی كوردستان داوە، بەڵام تەمەن رێگەی نەدا دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ببینێت و لە رۆژی 3-8-2019، گەیشتە كاروانی نەمران و بۆ دواجار ماڵئاوایی كرد.

 

زۆرترین بینراو