چ شتێك سەختە؟

ئەژین فەهمی

ئەو نامە درێژەی، كە بۆم نووسیوویت، هەرچەند نازانم پێت دەگات یان نا! ڕەنگبێت پێت بگات، وەلێ دوای مردنم بێت، كە دەیخوێنیتەوە, یان هەر فریای خوێندنەوەی نەكەویت. دەبا سەرەداوی ئەم چیرۆكە ببەم، كە بە ئاشناییت دەستیی پێكرد. ‌بەڵێ، ئاشناییشت زۆر شتی لێسەندم و زۆریشی فێركردم.
ئەو ئێوارە درەنگوەختانە، كە گەڵا زەردەكان كەوتبوون، چ دیمەنێك خۆی دەنواند؟ دیمەنێكی جوان بەو كۆتا پاییزە, كە وایكردبوو خوو بەتۆوە بگرم و لای تۆم هەمیشە پێخۆش بێت، كە هەڵتدەكرد لە گەڵ نەرمە باراندا، من بەكراسی زەردی سەرشان ڕووت و فشەوە، با لە پرچمی دەدا و تۆیش شانت ماچ دەكردم، دەسووڕامەوە و نازم بۆ سروشت دەكرد. دەچوومە بەر ئاوێنە، خۆم نەدەگرت و بەرپەنجەرە نیگای دەكردم، خۆم نەدەگرت و خۆم دەخزاندە باوەشتەوە, ئەو كاتانە تەنیا تۆ لە وجوودم دابوویت,
سەرم لەسەر قۆڵت و باوەشی نیگام لەنێو درزی وشەی لێوەكانت بوو -قسەت بۆ دەكردم- لەوێ‌ تەنیا من و تۆ... ئەمانە بۆمن لەبیر نەكراو بوون...
ئەوسا كچێكی تەمەنڕۆیشتووی منداڵیی ‌بووم...
" تۆ هێندە باشیت گوناهم دەگات جێت بهێڵم"، ئەم قسەیەتم كردبووە وێردی سەر زمانم. من ئومێدم بوو لەلاتەوە دابنیشم و چات بۆ تێبكەم، پێت بڵێم ئەرێ ئەمە دوایین بێت؟ دانەی ترت بۆ تێبكەم؟ تۆش بەسەر ئاماژەم بۆبكەیت، كە ناتەوێت. ئیدی ئەمانە و چەندانی تر...
بیرتە, كە پێت دەگوتم: تەمەنی تۆ وەك ئەو گوڵانە جوانە، كە بۆنیان دەكەم. ئاخر تۆ تێمناگەیەنی بەو هەموو زامەوە ژیان چۆن سەوز بكەم؟ دوای پشتتێكردنت دڵم تەزیی.. تازە چاوەڕێ نیم تا دەنگی پێیەكانت بناسمەوە و لە گوێچكەكانم ئاوازی دەنگت هاتوچۆ بكات. ئەمانە ئیتر... ئا، تۆ بەبێدەنگیی ڕۆیشتیت... من چەندە ئاشقێكی چاوبەستراو بووم، كە ئەو دەم تێنەگەیشتم، كە بۆ تەمەنی منت وەك گوڵێك دەبینی و وێنات دەكرد؟ چوزانم تەمەنم دەژاكێنیت! كێ باوەڕی دەكرد؟
ئەوەتا ئێستا خووم داواتە ئاگالێبوونی خوشكەزاو برازاكانم, ئەگەرچی سەختیشە گرتنەباوەشیان. هەستم پێدەكەن، كە لەباوەشگرتنیان دژوارە بۆم. ئەوكاتانەی تۆم هەبوو، لەبیرمە ڕەندی گەڕەك, كەنیشكێكی باش بووم، زۆر جۆرە خواردنم دەزانی ئامادەیان بكەم، لە زستانیشدا بە سۆزی تۆ گەرم دەبووم و بۆنت لەهی كەس نەدەچوو. لەچاوەكانتا ئومێدێكی زۆرم دەدیت. ئێستاشی لەگەڵ بێت هەندێك وەڵامم دەست نەكەوتوون، لەخۆم دەپرسم: بۆچی منی لەدەستدا, دەبێ‌ لەبەر ئەوە بووبێت، كە منێكی یەك قاچ ئیتر بەكەڵكی هیچ نایێم؟
خۆشم وەڵامی خۆم دەدەمەوە:
ــ واز لە وەڵام بێنە و بە حینادییەوە دەست پێبكەوە. وەڵامی چی؟ وەڵامەكان چ شتێك لە ژیانت دەگۆڕن. جگە لەوەی مێشكت دەخۆن. بۆیە وێڵی بكە، وەڵامی چی، دەتەوێت چیت دەستبكەوێت دوای ئەو هەموو خۆشەویستییەی بۆی دەربڕیت و هیچیش.
بەڵێ، بەخۆم دەڵێم، كۆتاییی هاتووە و وەڵام دەرگەی خێرت بەڕوودا ناكاتەوە، بەدوای چ وەڵامێك بكەوم، هەر وەڵام خۆی یەعنی چی؟ بێمانایە ئیدی.
ــ دەنگێگیش دنەم دەدات: تەواو، لەدەستچوو ناگەڕێتەوە. دڵتەنگ بیت بەم قسەیەم یان بگریت و هاڕە بكەیت، ئەوە من ڕاستییت پێدەڵێم.
***
بڵێی نەزانیت بۆچی قاچێكم لەدەست داوە؟
بیرم ناچێت، كە لە بەهاراندا لەگەڵ باوكم دەچووینە دەشتودەر، من كەلوپەلەكانم ڕێكدەخست، كەنگر، كوارگ و هەندرێشەم دەكرد.
ڕۆژێكیان، بۆ قرتاندنی گوڵە حاجیلە و نێرگز لە باوكم جیابوومەوە. لەپڕ هاواری باوكم، لە خەیاڵی تۆی هێنامە دەرەوە: (سۆزە, بۆ چووی بۆ ئەو خوارە، تۆ نابینیت مینڕێژ كراوە, دووربكەوە, بەشوێنی خۆتدا بگەڕێوە، با مینێك ڕووناكیی چاوم نەبات...)
منیش بۆ دڵنیابوونی، دەمەویست بەشوێنی خۆمدا بگەڕێمەوە... كەچی لەپڕ مینێك پێمدا دەتەقێت. تەنیا ئەوەم بیرە، كە باوكم هاواری لێهەستا. ئیتر هیچی ترم بیرنەماوە... دوای ماوەیەك خۆم دیتەوە لە نەخۆشخانەم و خوشك و براكانم بەسەر سەرمەوە هەڵكوڕماوون، هەموویانم بینی، تۆ نەبێت.
هەریەكە و قسەیەكی دەكرد: هیچ لەو قسانەی ئەوانم بیرنەماوە، كە چییان دەوت, چیان نەدەوت، تەنیا قسەی باوكم نەبێت، كە دەنگی لە مەودای چەند هەنگاوێكدا خۆی بە هەستی بیستنمدا كرد، ڕەنگبێت، بە هەشمەتەوە ڕووی لە دیوارەكە كردبێت و دەستێكی بە دیوارەكەوە ڕایەڵ كردبێت، یان هەر تەنیا پشتی لێم بووبێت، كە دەیگوت: سوپاس بۆ خودا، كە كچەكەم زیندووە. لەدەستدانی قاچێك زۆر سەختە، بەڵام ئەوەندەش بەسە بۆم، كە زیندووە.
هەستێكی زۆر ناخۆشبوو. خۆمم دەبینی بەو حاڵەوە، بەڵام ئەوە قەدەری من بوو، كە دەبێت ڕابێم و لەگەڵی هەڵبكەم.
جار جارە دەهاتیتە سەردانم، هەندێك جاریش لەودیو پەنجەرەوە نیگا خەماویییەكانت تێدەبڕیم، هەستم بە دڵت دەكرد، كە بە پڕتاو لێدەدات، نیگەران‌ و سەرگەردان كەوتووتە‌وە. ترسام، نەكا ئیدی ئەوە دوایین بینین بێت، كە بوو... نەمدیتیتەوە و بەتەواویی خۆت لێونكردم. تێتگەیاندم، كە خەونەكانم لەگەڵتدا تەواو بووە و درێژەیان نابێت.
دەزانی من و تۆ زۆر جیابووین لە یەكتری، من بەو هەموو كەموكوڕتییەت، هەر خۆشمدەویستیت، بەڵام تۆ ئامادە نەبوویت، منێكی یەكقاچ بكەیتە هاوسەر و خەونەكانم بۆ بێنیتە دی. واتزانی ئیتر بەكەڵكی ژیانت نایەم؟ برینەكانم تازەن.. پێمبڵێ‌ ئەو دەمانەی لەگەڵم بوویت، حەزت لێم بوو یان خۆشتدەویستم؟ من خەونم هەبوو خەونی گەیشتنم بەتۆ.
كردنی ئەو هەموو درۆیە لەگەڵ خۆم, كە دێیتەوە، سوودێكی نەبوو. بووی بە چەند دڵۆپ فرمێسك و لەچاوەكانم داباریت‌‌, ئەو شەوانەی، تا خەو دەیبردمەوە خەمەكانم بۆ جێگەكەم باس دەكردن، ئەرێ تۆ لەكوێ‌ بوویت؟
- ئێستا، كە تۆ نیت و منیش قاچێكم لێبەجێماوە، دەبێ بەخۆم بڵێم: چیت داوە لە ئارامیی و سێبووریی؟
ئەو هەموو ساڵانە دەمپرسیی، بۆچی دەبێت ئارامیی و سێبوریی بۆ من گوناه بێت؟
تا ئەوەی ڕۆژێك بەخۆمم گوت: دەبێت ئەم ئازارە تووڕ بدرێت، چونكە تۆوی نەفرەتێكە، برینی كەسێكە، كە شایستە نەبوو خۆشبویسترێت، بۆیە من بەرد بە ئاكام دەگرم، نەك یادەوەریی و یادكردنەوەی.
ئەمە دوای ئەوەی، كە چەندین جار هەوڵی خۆكوشتنم دا و سەركەوتوو نەبووم. تا ئەو كاتەی عەلی هات و پەنجەرەیەكی كردەوە، كە تۆ بەڕووی مندا داتخستبوو. ئەرێ تۆ عەلی دەناسیی؟
عەلی، كە بیركردنەوەمی جارێكی تر گۆڕیی، كە دەموت: ئاخر پیاو چییە تا بە ئازارەوە بۆی بژیت؟
بەهەر حاڵ، ئێستا كە تێیدا دەنووسم، قاچێكم نییە، خۆمداوەتە چنینی ملپێچ و سەلیقەی دروستكردنی زیاتریانم.
ساڵان تێپەڕین و پێوەندیی تەواو بوو، چاوم تەڵخ دەیدیت و چاویلكەكەم دەسڕی. زۆر جار بیر دەكەمەوە بۆ دەبێت من ئەو نامە درێژەیەت بۆ بنووسم... خۆمن بۆتۆ ئیتر بێگانەیەكم...
***
ئێمە كە دەچوینە خوێندنگە هەموو ساڵێك جلوبەرگی خوێندنگەمان بۆ نەدەكڕدرا، دەبوایە هی پار لەبەر بكەین. تەنیا ئەوەی لە هەموومان گەورەتر بوو جلوبەرگی نوێیان بۆ دەكڕی، چون هی ئێمەی بۆ نەدەبوو. چ چێژێك دێنێتەوە ئێستام؛ بەرگكردنی پەڕاو و كتێبەكانمان، وەرگرتنی قەڵەم و پێداویستییەكانی خوێندنگە. ئای لە خوێندنمان بەدیار ڕووناكیی فانۆس و لامپا لە ژوورە بچووكەكە، كە لە دەرەوەی خانووەكەمان، زستان باوەشی ساردی بە هەموو شتێكدا كردبوو.
بەیانیانێك، كە دەمزانی سارای هاوڕێم شتی كڕیوه،‌ دەچوومە ماڵیان و ئەویش شتەكانی خۆی پێڵاو و جلوبەرگەكانی... كە تازە كڕیبوونی، نیشانی دەدام و پێی دەوتم هەركامیان حەزت لێیەتی دەتوانی بەكاریان بهێنیت، بەلەخۆباییبوونێكیشەوە: بەڵام دوایی بۆم بگەڕێنەوە. منیش سەیری شتەكانیم دەكرد و خەیاڵیشم لەلای قسەكانی بوو. ماڵیان زۆر خۆش بوو، هەمیشە خەیاڵی ماڵێكی وام دەكرد، بەڵام ئێمە هەژار بووین، تەنانەت ئەو خانووەی تێیدا بووین هی خۆمان نەبوو، سەرەمانگان، دڵمان كۆكی ئەوە بوو، كە ئێستانا ئێستا، خاوەن خانووەكە، خۆی بە حەوشەكەماندا دەكات؟
باوكم لە كاركردنیدا ئارەقی دەڕشت تا خەرجی ژیانی بۆ دابین دەكردین، ئێستاش دەستە چرچەكانی باوكم، كە نەداریی و زۆرماندوویی زۆری بۆ هێنابوو، لەبەر چاوم لاناكەوێت، كە بەم دەستە هیلاكبووانەشیەوە، ژەمەكانی ژیان زەحمەت پەیدا دەبوو. ئەو، لە نانخواردنكاندا، سەرنجی لای هەموومان بوو... تا لەژیاندا بوو زۆر شتی ئاسان كردبوو, تەنانەت دڵی نەهات زوو جێشمان بهێڵێت، تا ئەو كاتەی دڵنیابووەوە لەقاچە دەستكردەكەم و دەستپێكردنەوەی ژیانمان لە خانوویەكی تر, لەدوای ئەوەوە یەكجاریی جێی هێشتین... بیری دەكەم, بیری بۆنی دەكەم، كە میهرەبان بوو.
ئێستا بۆنی ئەو بە نەنكمەوە خۆی بەبەر لووتم دادەكات، ئەرێ، نەنكم، كە لەوەتەی هەیە، قسەی تەواو نەبووە. ئەرێ تۆ نەنكمت دەناسیی؟ ئەویش لەنگەلەنگ ڕێی دەكرد.
***
بەهەر حاڵ، ئێستا كە تێیدا دەنووسم، قاچێكم نییە. تۆ ئەمە باش دەزانیت و كەچی بیریشت دەخەمەوە، ئەمە بۆ؟ نازانم!‌
هێشتا لە تەواوكردنی دێڕەكانی كۆتاییی نامەكەم تەواو نەبووم و بەردەوام بۆم نووسیویت، كە گرینگییەكی نییە تۆ لەكوێی؟ چۆن دەگوزەرێنیت؟ بەڵام ئیتر لەوە تێگەیشتووم، دڵخۆشییی ژیان نەبەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنی پیاوێكی وەك تۆ، كە لەمانای چاوەڕوانیی و قوربانییدان تێنە‌گات.
بە قاچە نوێیەكەم دەهاتم و دەچووم، لەبەر خۆمەوە دەمگوت و دەمگوتەوە، هەستێك بوو نەمدەزانی بگریم یان پێبكەنم.. شپرزە بووبووم. دەمێك بوو چاوەڕێی بووم، كە لەڕێكردنەكانیشمدا زۆر جار هەستی پێدەكرا، كە هی خۆم نییە، بەڵام نوێبوونەوەیەكی ڕووحیی بوو، بەتایبەت‌ عەلی، كە بە هەموو خۆشیی و دڵشكانەكانمی دەزانی، كەچی دواجار منی گەرەك بوو، هەر بە نیگاكانی دەمخوێندەوە, بەڵام لەبەر وجوودی تۆ، هیچی نەدەدركاند. خۆ من دوای تۆ زۆر ئەستەم توانیم دووبارە دەستپێبكەمەوە. ئەرێ تۆ عەلیت بیرماوە؟
ئێستا دەزانم، كە بەهۆی تۆوە، بەختەوەرییم لەخۆم دوور خستبووەوە. بەختەوەریییەك، كە دەنگێك بەگوێی دادامەوە:
ئاوڕ لەو كامەرانیییە بدەوە، كە لێتەوە نزیكە. كەتائێستا هەستت پێی نەكردووە، درەنگ نەبووە!
سەیرت نێت، كە عەلی بینەری ئەو هەموو خەمەم بووە، كەچی لە پاییزێكی نوێدا، خوازبێنیی كردم و ئەوم قبووڵ كرد، تاوەكو زستان دەستگیران بووین و لە بەهارێكی نوێدا منی كردە خاتوونی خۆی.
ئێستا لە ماڵێكداین، كە هی خۆمانە، من و عەلی و كچەكەمان. پەنجەرە كراوەتەوە و مۆمەكانمان داگیرساندووە، بەو نیوە ڕووناكیییەوە نەرمە بارانێكە و بۆنی خۆڵ... عەلی لەخۆیم نزیك دەخاتەوە، دەست بە پرچم دادێنێت‌ و لە باوەشم دەگرێت، سۆزێكی زۆر لەچاوەكانی دەبینم، بەهێمنیی ناوم دەهێنێت. دەچرپێنێت و سەیری دەكەم، پێم دەڵێت: لەدایكبوونت پیرۆز. زەنگی پیرۆزكردنەكەی دەمخرۆشێنێت.
قاچێكت نەبێت سەختە. من قاچێكم نییە. بەهەر حاڵ، ئێستا كە تێیدا دەنووسم، قاچێكم نییەه...‌ بەڵام دەبێ بزانیت، كە ئەم ڕستەیەم (ژیان سەختە و پیاو دڕندە) گۆڕاوە بۆ (ژیان جوانە و عەلی نزیكتر.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو