ڕاگری پەیمانگەی سۆرانی ناحكوومی : بەشی وەرشەی كۆمپیوتەر دەكەینەوە

ڕاگری پەیمانگەی سۆرانی ناحكوومی : بەشی وەرشەی كۆمپیوتەر دەكەینەوە

ئا/ بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ
پەیمانگەی سۆرانی نا حكوومی بۆ زانستەكانی كۆمپیوتەر، لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٣-٢٠١٤ دامەزراوە، دەرچووانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەتوانن لەم پەیمانگەیە بخوێنن و دوای پێنج ساڵ لە خوێندن دەبنە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم لە زانستەكانی كۆمپیوتەر.
عەدنان فاخر، ڕاگری پەیمانگەی سۆرانی ناحكوومی بۆ زانستەكانی كۆمپیوتەر لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" پەیمانگەكەمان ساڵی خوێندنی ٢٠١٣-٢٠١٤ دامەزراوە، خوێندن لەم پەیمانگەیە پێنج ساڵە و لەو ماوەیەدا ئێمە كۆمەڵێك بابەتی زانستی سەبارەت بە زانستی كۆمپیوتەر ئاشنای قوتابییانمان دەكەین، تا قۆناغی سێیەم بابەتەكان گشتگیرن، بەڵام دوای قۆناغی سێ ئێمە دوو بەشی سەرەكیمان هەیە، ئەوانیش بەشی(وێب، پڕۆگرامینگ)ن، لە دوای قۆناغی سێ قۆتابی ئازادە لەوەی كام لەم بەشانە هەڵدەبژێرێت و پسپۆڕایەتییەكەی تایبەت دەكات بە كام بەشەوە".
ڕاگری پەیمانگەی سۆرانی ناحكوومی گووتیشی" بۆ ئەم ساڵی خوێندن ئێمە بەهاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، دەستمان بە كۆمەڵێك گۆڕانكاری كردووە لە ستافی ڕاگرایەتی و كارگێریدا، هەڵبەت ئەمەش زیاتر بۆ پێشخستنی ئاستی زانستی پەیمانگە و قوتابییانمان، بۆ ئەم ساڵی خوێندن چەندین مامۆستای شارەزامان هێناوە بۆ ئەوەی قوتابییان زیاتر سوودمەند بن، دەوامی خوێندن لەم پەیمانگەیە لە كاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ دەست پێدەكات تا كاتژمێر نۆی شەو".
لە درێژەی قسەكانیدا گووتیشی" لە ئێستادا ئێمە ٢٩٦ قوتابیمان هەیە، تا ئێستا دوو خولی دەرچوون لەم پەیمانگایە هەبووە و ١٥٢ قوتابی بۆنەتە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم، كرێی خوێند بۆ هەر ساڵێك ملیۆنێك و دوو سەد هەزار دینارە، ئاسانكاری تەواویش بۆ كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوەن كراوە".
سەبارەت بە پلانی پەیمانگە، مامۆستا عەدنان گووتی" بۆ زیاتر پێشخستنی ئاستی زانستی پەیمانگەكەمان كۆمەڵێك خولی زانستی بۆ مامۆستایانمان دەكەینەوە، چونكە ئەم ساڵ زۆر جەخت دەخەینە سەر ئەوەی قوتابی لە دەرچوونی هەر قۆناغێك كۆمەڵێك زانیاری و زانستی پێ بێت، لەگەڵ ئەوە نین قوتابی تەنها ببێتە هەڵگری بڕوانامە، بەڵكو كار دەكەین بۆ ئەوەی لە پاڵ بڕوانامە قوتابی هەڵگری كۆمەڵێك زانست و زانیاری بێت.
لە هەوڵداین بۆ كردنەوەی بەشی وەرشەی كۆمپیوتەر، هەڵبەت ئەگەر ئەم بەشە بكرێتەوە ئەوا ژمارەیەكی زۆری قوتابییان سوودمەند دەبن و بازاڕی كار ئێستا پێوستی زۆری بە وەرشەی كۆمپیوتەر هەیە و وای دەبینین كردنەوەی ئەم بەشە سوودی بۆ قوتابییان دەبێت بۆ دەستكەوتنی هەلی كار لە بواری كۆمپیوتەر".
سەبارەت بە رێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردەش گووتی" ساڵانە وەزارەت كۆمەڵێك رینمایی و بڕیار دەردەكات، وەك پەیمانگە پابەندین بەو بڕیارانە، لە ئێستاشدا بەردەوام لەگەڵ لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لە پەیوەندی داین بۆ باشتركردن و زیاتر پێشختنی ئاستی زانستی پەیمانگەكەمان".

 

زۆرترین بینراو