ڕاگه‌یانراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

ڕاگه‌یانراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

به‌ نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌وه‌ له‌ به‌رده‌وامیی ڕووداو و توندوتیژییه‌كانی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق ده‌ڕوانین. ئه‌و كوشتاره‌ی به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌رانی سڤیل له‌ پردی سنه‌ك و گۆڕەپانی خللانی له‌ به‌غدا كرا، تاوانی بێ پاساون و تاوانكاران هه‌ر كێ و له‌ هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌ بن، داموده‌زگا و لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی عێراق ده‌بێ بیاندۆزنه‌وه‌ و به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.

له‌ كاتێكدا پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی قووڵمان ئاراسته‌ی كه‌سوكاری قوربانییان ده‌كه‌ین و هاوخه‌میانین، هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش‌ بۆ برینداران ده‌خوازین، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ و سڤیل، مافێكی ده‌ستووریی ڕه‌وا و پارێزراوه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو نییه‌ ئه‌و زێده‌ڕۆییه‌ له‌ توندوتیژی‌ به‌رانبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌ر‌ان به‌كار بێت و بكرێنه‌ ئامانجی ده‌ستڕێژ و هێرشی له‌وجۆره‌.

ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كه‌ به‌ گیانێكی نیشتمانیی به‌رپرسیارانه‌وه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن تاكو له‌ ده‌ست ده‌رنه‌چێت و پێشهاتی ترسناكتر ڕوونه‌ده‌ن، چیتریش خوێن نه‌ڕژێت و هه‌مووان له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا بجووڵێنه‌وه‌.

 

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان

7/12/2019

 

زۆرترین بینراو