ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركۆمار و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

ڕاگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركۆمار و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5/11/2019 به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌ركۆماری عێراقی فیدرال، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان ئه‌نجام درا بۆ گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی بارودۆخی عێراق و ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی.

سه‌رجه‌م به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری ڕووداوه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی و ئیداریی عێراقدا ڕووده‌دات، ده‌رئه‌نجامی كه‌موكوڕیی كه‌ڵه‌كه‌بووی چه‌ندین ساڵه‌ی حوكمڕانی و جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور بووه‌، بۆیه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ هه‌ڵسه‌نگێندرا، هاوکات داكۆكی له‌ مافی ڕاده‌ربڕین و ئازادیی هاووڵاتییان له‌ داواكردنی مافه‌كانیان کرایه‌وه‌، وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی به‌رامبه‌ر قوربانیانی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داوا ڕه‌واكانی خه‌ڵكی عێراقن و پشتیوانن كه‌ حكوومه‌تی عێراق ڕێكاره‌ پێویسته‌كان بۆ چاكسازی و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی داخوازییه‌ ڕه‌واكانیان بگرێته‌ به‌ر.

له‌ كۆبوونه‌وه‌که‌دا پاراستنی سه‌قامگیریی عێراق و دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی به‌ پێویست زانرا، له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و هێزه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌سه‌ر عێراق، به‌تایبه‌تی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم.

ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هاوهه‌ڵوێستیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر بۆ‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی عێراق به‌گشتی و داكۆكیكردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی پێكهاته‌كان. له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌ هه‌وڵی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان بۆ هاوكاریكردنی عیراق له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و ده‌سته‌به‌رکردنی حوکمڕانییه‌کی دروست و هێنانه‌دی چاكسازی و ره‌چاوکردنی مافی هه‌موو پێکهاته‌کان، كرایه‌وه‌.

بابه‌تی داواكاریی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌شدابووانی کۆبوونه‌وه‌که‌ جه‌ختیان‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر هه‌موارێكی ده‌ستووردا ده‌بێت سیسته‌می فیدراڵی و ماف و ئازادییه‌كانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق و ماف و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره‌ ده‌ستووریه‌كه‌ی پارێزراو بن.

به‌شدارانی كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ و لایه‌نه‌كانی، پاراستنی سه‌قامگیری و ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی چاكسازی ده‌بێت و پشتیوانیی چاكسازییه‌كان له‌ عێراق ده‌كه‌ن، له‌و پێناوه‌شدا هه‌موو كوردستانییان دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی كار ده‌كه‌ن و ده‌سكه‌وت و به‌رژوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌پارێزن.

زۆرترین بینراو