ڕێكار مەلا حەسەن: بەغدا پێویستی گەورەی بە هەولێر هەیە

ڕێكار مەلا حەسەن: بەغدا پێویستی گەورەی بە هەولێر هەیە

 

ڕێكار مەلا حەسەن، شرۆڤەكاری سیاسیی لە دیمانەیەكی تایبەت بە زاری كرمانجی دیاری كرد: "حكومەتی ناوەند پێویستی گەورەی بە هەرێم هەیە، بۆیە لە ئەگەری تێكچوونی پەیوەندییەكانی حكومەتی ناوەند لەگەڵا حكومەتی هەرێم و دروست بوونی هەر بارگرژی یەك قەیرانێكی جدی بۆ خودی بەغداد دروست دەبێت".

*دووای كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم چی لە بارودۆخی هەرێم گۆڕا؟.

-دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم یەكێكە لە پایە سەرەكیەكانی پرۆسەی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان و پێگەیەكی گرنگە بۆ تەواوكاری پەیكەری قەڵەمڕەویی و دیموكراسی. بوونی پێویستیە و نەبوونی دۆخێكی ناتەواو  و دیموكراسیەتێكی نیوە چڵە، ئەم دامەزراوەییە ئەركی سەرەكی نوێنەرایەتی شكۆ و سیادەی هەرێمە لە نێوخۆی عێراق و ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا كە لە ڕابردوو و ئێستاش ڕۆژانە دیدارە گرنگەكانی ئەم دامەزراوەییە دەبینین كە زۆر كات وەكو كۆشكی كۆماری یەكێك لە دەوڵەتە گرنگ و كاریگەرەكان مامەڵەی لەگەڵ كراوە.ئاشكرایە ئەمرۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەپاڵ دەوڵەتە دانپێدانراوەكان چەندین كارەكتەری گرنگمان هەیە كە بەهەمان شێوەی دەوڵەت ڕۆڵ و كاریگەریان هەیە بەسەر سیاسەتی دەرەكی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانەوە كە بە (كارەكتەری نادەوڵەتی) ناو دەبرێن هاوشێوەیی هەرێمەكان و كۆمپانیا زەبەلاحەكان و رێكخراوە جیهانیەكان، هەرێمی كوردستانیش دەچێتە چوارچێوەی ئەو جۆرە یەكە نێودەوڵەتیانەوە بۆیە بوونی دامەزراوەیەكی گرنگی وەكو سەرۆكایەتی هەرێم گرەنتی ئەو مانەوە و ماهیەتە سیاسیە دەكات. خودی بەرێز نێچیرڤان بارزانیش یەكێكە لەو سیاسەتمەدارانەی ناوچەكە كە بەسروشتی دیبلۆماسیەتی بەهێز دەناسرێتەوە و دڵنیام توانایی نوێنەرایەتییەكی شكۆمەندانەی هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و دەتوانێت سیاسەتێكی دەرەكی بە مۆدێلێكی سەردەمیانە و بەهێز بەرێوە ببات لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە بە كاراكردنەوەی دامەزراوەیی سەرۆكایەتی گۆرانێكی ئیجابی روودەدات.

*پێتان وایە سەردانی كردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆلای حزبە سیاسییەكان لەبارەی نووسینەوەی دەستوور ئەنجامی هەبێت؟.

-دەستوور دایكی یاساكانە و گرێبەستێكی كۆمەڵایەتییە و ڕەهەندێكی گشتگیری هەیە، سەرجەم ماددە و بڕگەكانی پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە بۆیە پێویستە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەكان و سەندیكا و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و تەنانەت هاوڵاتیانیش لە رێگەی كەناڵ و مینبەرە جیاوازەكانەوە تێیدا بەشدار بن و بۆچوون و تێڕوانینیان وەربگیرێت، لەم چوارچێوەشدا وەرگرتنی دوونیا بینی هێزە سیاسیەكان قۆناغێكی گرنگ و سەرەكی ئەو پرۆسەیە. دەستوور یەكگرتنی ئیرادەی هەمووانە، بۆیە رێگای دروست ئەوەیە هەموان تێیدا بەشدار بین.

*لە ئەگەری رێككەوتن یا رێكنەكەوتنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا, ئەگەرەكانی بەردەم حكومەتی هەرێم كە رەنگە رووبەرووی بێتەوە چین؟.

-پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ناوەند هەمیشە لە هەڵبەز و دابەز بووە و ئەمەش دۆخێكی سروشتییە بۆ دەوڵەتێكی شێوە فیدراڵی بەو پێیەیی هەم ناوەند و هەم هەرێم لەهەوڵی خۆ بەهێز كردن دەدەن، ئێمەش پەیوەندییەكی دەستووری و یاسایمان هەیە بە بەغداوە، بوونی پەیوەندییەكی باش دەرئەنجامی باشی دەبێت. بەهەمان شێوەش ناوەند پێویستی گەورەی بە هەرێم هەیە بۆیە لە ئەگەری تێكچوونی پەیوەندییەكانمان و دروست بوونی هەر بارگرژیەك قەیرانێكی جدی بۆ خودی بەغداد دروست دەبێت.

*لەپرسی چاكسازی دا حكومەتی هەرێم دەتوانی چی بكات؟.

- چاكسازی پێویستییەكی بەردەوامە بۆ هەموو ئەزموونێكی حكومڕانی لەهەر جوگرافیایەكی سیاسیدا بێت، هەرێمی كوردستان بەهەمان شێوە ناتوانێ بەدەر بێت لەم پێویستییە. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵگری ئەو پەیامە چاكسازیەیەو شانی داوەتە بەر ئەو ئەركە قورسە و چاوەڕوانی ئەنجامی باشێ لێ دەكرێت و پێویستی بە هاوكاری سەرجەم لایەنەكان هەیە، سەرەكی ترین چاكسازیش كە بكرێت دەركردنی یاسایەكی تێر و تەسەلە كە بتوانێ سەرجەم كەم وكوڕیەكانی پێش خۆی چارەسەر بكات.

*مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەهێزی فەردی خۆیان، دەتوانن نموونەیەكی جوانی بەرێوەبردن پێشكەش بكەن؟.

- بێگومان بوونی هەماهەنگی لە نێوان ئەو دوو كارەكتەرە سەرەكییەی حكومەت گرنگە و رێگا خۆشكەرە بۆ هەنگاوی گەورە و دڵنیام دەتوانرێ نموونەیەكی جوان پێشكەش بكەن بەو پێیی هەردوو بەرێزان لەڕووی ئەزموونی سیاسیەوە دوو ئەقڵی نوێی ئەم وڵاتەن و لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە هەردوو بەرێزان كوڕانی دوو سەركردەیی ماندوون بە ئەزموونی هەرێمی كوردستانەوە.

زۆرترین بینراو