ڕێگەی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری لە سنووری حاجی ئۆمەران داخرا

ڕێگەی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری لە سنووری حاجی ئۆمەران داخرا

زاری کرمانجی _ حاجی ئۆمەران: بەهۆی ئەم شەپۆلە بەفربارینەی ناوچە شاخاوییەکانی گرتۆتەوە رێگەی پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان داخرا و هاتووچۆی گەشتیاری لە سنووری حاجی ئۆمەران وەستا.
مەسعود ئەحمەد باتێلی، بەرپرسی کۆمەڵگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە بەهۆی بارینی بەفر لە ڕێگای گومرگی تەمەرچین و پیرانشار، بزاوتی بازرانی و هاتووچۆی گەشتیاری لە سنوورەکەمان وەستاوە.
راشیگەیاند: دیوی هەرێمی کورستان کێشەی نییەو ڕێگاکان تا مەرزی حاجی ئۆمەران لەبەفر ڕاماڵدراوە، بەڵام تیمەکانی ئێران نەیانتوانیوە ڕێگاکان لە بەفر ڕابماڵن.
باتێلی ئاماژەی بەوەش کرد: بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، سبەیش شەپۆڵێکی بەفربارین و سەرما ناوچەکە دەگرێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت داخستنی ڕێگاکە تا شەممە بخایەنێت ئەگەر کەش و هەوا جێگیر بێتەوە.
ناوبراو ئاگاداری ئەو گەشتیارانەش دەکاتەوە کە لەم دوو سێ ڕۆژە ڕێگای مەرزی حاجی ئۆمەران نەگرنەبەر، بەهۆی داخستنی بەهۆی بەفر و سەرماوە.

زۆرترین بینراو