ڕەنگدانەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر كەسایەتی ئافرەتان

ڕەنگدانەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر كەسایەتی ئافرەتان

لە سەردەمی ئێستادا، تۆڕە كۆمەڵاییەتەكان بە خێراترین و باشترین سەرچاوەی گەیاندنی زانیاری و هەواڵەكان دادەندرێت. لە سەرانسەری جیهان دا، بەمەش جیهان ڕۆڵی گوندێكی بچوك دەبینێت، كە تیایدا مرۆڤەكان دەتوانن لە ڕێگەی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بە كەمترین كات زۆرترین زانیاری و پەیوەندی ئاڵوگۆڕ بكەن، بە تایبەت لە هەواڵ و پرسە گرنگەكان. لەگەڵ هەموو سوودەكانی، مرۆڤ دەتوانێ لە ژیانی ڕۆژانەی سودی لێ وەربگرێت. لە هەمانكاتدا، دەكرێت ببێتە پاڵنەر و هۆكاری سەرەكی بۆ دروست بوونی چەندین كێشە و گیروگرفت بۆ بەكارهێنەرانی، بە تایبەت كاتێك بەكارهێنەرەكان وشیاریەكی تەواویان نییە لەسەر بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، یان دەیانەوێت بۆ مەبەستێكی خراپ بەكاری بهێنێت.
ئەمەی ئەم وتارە گەرەكیەتی بلێت، دیاردەیەكی ئێستایی بەربڵاوی ناو كۆمەڵگەیە. ئەمەش لە ئەنجامی خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانە بە گشتی، و فەیسبووك بە تایبەتی.
هەردوو ڕەگەز لە خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بێ بەشنین، وەلێ قوربانی سەرەكی لە زۆربەی كێشە و گیرو گرفتەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئافرەتە.
كۆمەڵێك ڕێكار هەن كە پێویستە تاكی بەكارهێنەر بە وشیاری پەیڕەویان بكات، لە كاتی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، بۆ ئەوەی خۆی بەدوور بگرێت لەو لێكەوتە خراپانەی، كە دەكرێت لە هەر ساتێك دا ڕووبەڕوویان ببێتەوە. بۆ نموونە، كاتێك ئافرەتێك فەیسبووك بەكاردەهێنێت پێویستە وشیاری هەبێت، كە كێ بە هاوڕێی خۆی قەبووڵ دەكات. تاكی كۆمەڵگە، لە ژێر دەستی خۆیەیانە، كە جیهانی فەیسبووكیان چەندە فراوان بكەن. زۆر جار دەبینین چەندین كەیسی كێشەی كۆمەڵایەتی ئافرەت بە هۆی فەیسبووكەوە دراونەتە دادگا، چونكە ئەم ئافرەتە كەسانێكی لەفەیسبووك ناسیوون و بونەتە هاوڕێی. كەچی لە كۆتاییدا، كەسی نەناسراو دەرچوون و ئەم هاوڕێیەتیەیان قۆستۆتەوە بە بڵاوكردنەوەیی وێنە و نامەی ئافرەتەكە هەڕەشەی وەرگرتنی پارە و جۆرەها هەڕەشەی تریان لێكردووە. بۆیە پێویستە ئافرەتان لە هەر تەمەن و پلە و پۆست و بوارێك كاربكەن، زۆر ووشیارانە مامەڵە لەگەڵ فەیسبووك بكات و خۆی بپارێزێت لە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنە تایبەتیانەی كە دەكرێت لە لایەن كەسانی نیەت خراپەوە بۆ مەبەستی زیان گەیاندن بەكاربهێنرێن.
ئەمەی زیاتر كەسایەتی ئافرەت دەردەخات، بریتییە لەو پۆست و بابەت و بوارانەی كە قسەیان لە سەر دەكات. پێویستیان بەمە هەیە، كەوا دەرخەریی سروشتی ئافرەت بن. بۆ نموونە، كاتێك وێنەیەك یاخود ڤیدیۆیەك دەكەوێتە بەر ڕەخنە و تانەی كۆمەڵگە پێویستە ئافرەت خۆی بە دوور بگرێت لە نوسینی كۆمێنتی نەشیاو و درێژەدان بە وەڵامدانەوەی كۆمێنتی كەسانیتر لە ڕێگەی بەكەرهێنانی زمانی زبر و تانە و تەشەر و شەڕە جنێوو، چونكە ئەمە ئازایەتی ئافرەتەكە دەرناخات، بەڵكو لە شكۆیی كەم دەكاتەوە. بۆیە ئێمەی ئافرەت هەروەك و چۆن لە هەموو كایەكانی ژیان سەلماندومانە، كە هاوشان و هاوكاری پیاوانین پێویست دەكات لەم بوارەشدا پێشەنگ بین، لە سودمەند بوون لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و بیان كەین بە ئامرازێك بۆ خۆ ڕۆشەنبیر كردن و بەهێز كردنی كەسایەتیمان.

زۆرترین بینراو