ژمارەیەك لە كادیر و بەرپرسی  ناو نەوەی نوێ وازیان هێنا

ژمارەیەك لە كادیر و بەرپرسی ناو نەوەی نوێ وازیان هێنا

دوێنی 14-7-2019 ژمارەیەك لە لێپسراوانی نەوەی نوێ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەست لەكاركێشانەوەیان پێشكەشی حزبەكەیان دەكەن و ئاشكرای دەكەن، بیروڕای جیاواز لەناو نەوەی نوێ‌ قبووڵكراو نییە.
لە بەشێكی نامەكەدا كە ناوی 15 كەسی بە سەرەوەیە هاتووە "ئێمە وەك ژمارەیەك خۆبەخشی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوای زیاتر لە ساڵێك و نۆ مانگ كاركردنمان لە (سۆشیال میدیا) و ڕێكخستنەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئاستە جیاوازەكانی (ئەندام ئەنجوومەن و ڕێكخەری)دا، ئەمڕۆ بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ ڕایدەگەیەنین، و دوای بڵاوكردنەوەی ئەم نوسراوە هیچ پەیوەندیەكمان بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ - وە نامێنێت، لەبەر چەند هۆكارێك".
هەروەها هاتووە " بێگومان كاتێك ئێمە پەیوەندیمان بەم جوڵانەیەوە كرد ئامانجێكی گەورەمان هەبوو، لەگەڵ ئەو ئامانجە گەورەدا خاوەن بیر و باوەڕێكی جیاواز بووین، كە ناكرێت مرۆڤی بوێر ناعەدالەتی و زوڵم قبوڵ بكات، پێمان وابوو ناكرێت مرۆڤ هەبوونی ئەو ئاستە كۆمەڵایەتی و ئابوریانە قبوڵ بكات كە لە هەرێمەكەماندا زۆر بە ئاسانی و بە ڕوونی هەستی پێدەكرێت، باوەڕمان وابوو بێدەنگ بوون لەئاست ئەو جیاوازیانە زوڵمێكی گەورەیە لە خودی خۆمان و كۆمەڵگاكەمانی دەكەین، بۆیە پەیوەندیمان بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ - وە كرد تاكو كۆتای بەو جیاوازی و زوڵم و ئاستە كۆمەڵایەتی و ئابوریانە بهێنین، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوەی لە ڕواڵەت و هەڵسوكەوتی ئەم جوڵانەوە بەدی دەكرێت زۆر جیاوازە لەوەی لە ناوەڕۆكدا بوونی هەیە".
زیاتر نووسراوە " دڵنیاتان دەكەینەوە دوای بڵاو بوونەوەی ئەم نوسراوەی ئێمە بە (جاسوس، خۆفرۆش، خیانەتكار، ترسنۆك، بێ ئیرادە، سەبر كورت، بەرژەوەندی ویست، ...هتد) ناوزەند دەكرێین، بەڵام بێدەنگ نەبوونمان لە جیاوازی كردنەكانی نێوخۆی جوڵانەوەكە و هەڵوێستەكانمان ئێمەی گەیاندە ئەو قەناعەتەی ئەم بڕیارە بدەین وە لەپێناو بیر و باوەڕمان ئامادەین خۆڕاگربین لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەیش، چونكە لای هەمووان ڕوونە كات دادپەروەرترین حاكم و بڕیاردەرە".

 

زۆرترین بینراو