ژیاننامەی محەمەد عەلی كلای

ژیاننامەی محەمەد عەلی كلای

زاری كرمانجی- ئاژانسە هەواڵییە وەرزشییەكان: محەمەد عەلی كلای پاڵەوانی جیهانی لەیاری بۆكسێن, دوای مانەوەی چەند رۆژێك لە نەخۆشخانە لە تەمەنی 74 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
كاسیۆس مارسیلوس كلای جۆنیۆر, ناسراو بە محەمەد عەلی كلای 17/1/1942 لە شاری لویسڤیڵ لە ویلایەتی كێنتوكی ئەمریكا لەدایكبووەو لە 2016 لە تەمەنی 74 ساڵی بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، لەتەمەنی 18 ساڵیدا بەشداری یارییەكانی ئۆڵۆمپی كردووەو مەدالیای زێڕی بەدەستهێناوە، لە یارییەكانی ئۆڵۆمپی 1996دا شەرەفی داگیرساندنی ئاگری ئۆڵۆمپی پێدراو وەك نیشانەیەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی مەدالیایەكی زێڕی پێبەخشرا.
كلای چەندین ساڵە بەهۆی نەخۆشیەوە ناڵاندی و دوای ئەوەی پشكنینی پزیشكی بۆ دەكرێت دەردەكەوێت كە لە جۆری (parkinson's disease كە بەهۆیەوە تووشی رەقبوونی ماسولكەكانی دەبێت و هێزی تێیدا نامێنێت.
كلای تەنها بە یاری بۆكسینگ بەناوبانگ نەبووە، ساڵی 1964 ئاینی خۆی گۆڕیووە بۆ ئیسلام و ناویشی لە كاسیۆس مارسیلۆسەوە كردووە بە محەمەد عەلی كلای, لەلایەن جیهانی وەرزشییەوە بە باشترین یاریزانی مێژووی بۆكسێن دەناسرێ، لەژیانی وەرزشیدا 61 یاری بردۆتەوەو تەنها لە 5 یارییدا شكستیهێناوەو لە هیچ یارییەكدا یەكسان نەبووە, دەستكێشەكانی ئەو یاریزانە جیهانییە لەمۆزەخانەی (سمیسۆنیان)ی بەناوبانگی ئەمریكیدا پارێزراوە, كلای لە ژیانیدا چوار جار ژیانی هاوسەری پێكهێناوە، حەوت كچ و دوو كوڕی هەیە, ساڵی 1964 یەكەم هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوونێك بووە بە ناوی سۆنگی ریگ، بەڵام بەهۆی جۆری جلوبەرگی هاوسەرەكەیەوە نەگونجان و ساڵی 1966 جیابوونەوە، چونكە محەمەد عەلی كلای پێی وتووە كە ئەو جلوبەرگانەی لەگەڵ ئادابەكانی ئایینی ئیسلام یەكناگرێتەوە, ساڵی 1967 كلای هاوسەرگیری دووەمی لەگەڵ بیلیندا بۆید كردووە، بیلیندا تەنها تەمەنی 17 ساڵ بووە، دواتر ناوی گۆڕیووە بۆ خەلیلە عەلی و پێنج منداڵی لە خەلیلە هەبووە, ساڵی 1975 كلای لە خەلیلە جیابۆتەوە، دواتر ژیانی هاوسەری لەگەڵ ڤیرۆنیكا پۆرش پێكهێناوەو دوو كچی لەو هاوسەرەی هەبووە, هەردوو كچەكەی بوون بە یاریزانی بۆكسینگ, ساڵی 1986 كلای كۆتا هاوسەری بە ناوی یۆلەندا بووەو كوڕێكی بووە بە ناوی ئەسعەد محەمەد كلای, بەگوێرەی هەواڵێكی میترۆ ئایین بەشێكی گرنگی ژیانی محەمەد عەلی كلای بوو، ساڵی ١٩٦٤ لە رێكخراوی 'Nation of Islam' وەرگیراو, ناوی خۆی لە كاسیوس كلای كە بەوتەی خۆی ناوی كۆیلایەتی بووە، گۆڕی بۆ كاسیوس ئێكس و دواتر گۆڕی بۆ محەمەد عەلی, لەو ماوەیەدا محەمەد عەلی بووە هاوڕێیەكی نزیكی مالكۆلم ئێكس، كە سەركردەیەكی موسڵمانەكان بوو لە ئەمریكا, بەهۆی ئاینەكەیەوە، ساڵی ١٩٦٧ رەتیكردەوە جلوبەرگی سەربازی ئەمریكا بپۆشێت و بەشداری شەڕی ڤێتنام بكات, لەسەر بەشداری نەكردنی لەو شەڕەدا گووتی" بێڕێزی بە ئاینەكەم و خەڵكەكەم و خۆیشم ناكەم, نابم بە ئامرازێك بۆ ئەوەی بەكاربهێنرێم بۆ شەڕكردن دژی كەسانێك كە لەپێناو ئازادی و دادپەروەری و یەكسانیدا شەڕ دەكەن, دواتر و لە ساڵی ١٩٧٥-دا رێكخراوی 'Nation of Islam' كە رێكخراوێكی رەگەزپەرست بوو, پێیانوابوو كە ئیسلام تەنها بۆ رەش پێستەكانە جێهێشت و بووە موسڵمانێكی سوننەمەزهەب و دواتر دەچێتە سەر تەریقەتی سۆفیگەری, لە گرتەیەكی ڤیدیویدا لەگەڵ شێخ محەمەد هاشم قەبانی زانای ئاینی لوبنانی دەردەكەوێت كە پێكەوە خەریكی وتنەوەی سروودی ئایینین, شێخ هاشم قەبانی كە بە یەكێك لە رابەرانی سۆفی گەری لە جیهان دادەنرێت و پەیڕەوی تەریقەتی نەقشبەندیە، باسی جیهانی سۆفیگەری بۆ كلای دەكات, ئەوەی جێگەی سەرنجە لە گرتە ڤیدیویەكەدا كلای زۆر بە وردی گوێ بۆ قەبانی دەگرێت و لەگەڵی سرودە ئاینیەكان دەڵێتەوە, ئەو بەردەوام بە ئازارەوە بەرگری لە ئاینەكەی دەكرد كە لە سەدەی ٢١دا لەلایەن بەشێكی زۆری خەڵكی رۆژئاواوە بە ئایینی تیرۆر ناودەبرا, لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رۆژێك دوای ١١ی سێپتەمبەر، محەمەد عەلی كلای گووتی" خەڵكی دەڵێن موسڵمانان هۆكاری ئەمەن، من توڕەم لەوەی جیهان بەم شێوەیە سەیری موسڵمان بكات، ئەوان تەنها گرووپێكی ئیسلامین و موسڵمانی راستەقینە نین، ئەوان تەنها گرووپێكی رەگەزپەرست و توندڕەون و ناوی خۆیان ناوە موسڵمان و ئەو ناوە بەكاردەهێنن بۆ كوشتنی هەزاران خەڵك, ئیسلام ئایینی كوشتن و توندوتیژی نییە، ئیسلام مانای ئاشتییە، ناتوانم لە ماڵەوە دانیشم و ببینم خەڵكی رەخنە لە ئیسلام دەگرن و بەهۆكاری كێشەكان وەسفی بكەن, دوای هێرشە تیرۆریستییەكانی ساڵی 2015 ی شاری پاریس و دواتر لە كالیفۆرنیا, كلای بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاندبوو" من موسڵمانم و لە ئیسلامدا هیچ شتێك نییە لەسەر كوشتنی خەڵكی لە پاریس و سان بێرناردینۆ و یان هەر شوێنێكی تر، موسڵمانی راستەقینە دەزانێ ئەوانەی خۆیان بە ئیسلامی جیهادی وەسف دەكەن، دژی بنەماكانی ئەم ئاینەن".

 

زۆرترین بینراو