ژیاننامەی هەڤاڵی بارزانی نەمر عەلی تویی

ژیاننامەی هەڤاڵی بارزانی نەمر عەلی تویی

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- سۆران: مێژووی گەلی كوردستان تەژییە لە بەرخودان و خۆڕاگری، هەر كاتێك بمانەوێت باس لە خۆڕاگری و بەرخودانی گەلی كوردستان بكەین بە سەدان و هەزاران نموونەمان لەبەر دەستە. لەم ژمارەی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا مەبەستمانە تێشك بخەینە سەر چەند ووێستگەیەكی ژیان و خەباتی هەڤاڵی بارزانی نەمر( عەلی حوسێن شین )، ناسراوە بە عەلی تویی. علی تویی لە ساڵی 1924، لە گوندی تویێ لە دەڤەری مزوری باڵا لە دایك بووە، وەك هەر منداڵێكی ئەو كاتی كوردستان و لەبەر بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان بێبەش بووە لە خوێندن، وەك هەر هاوتەمەنێكی خۆی خەریكی كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری بووە. دوای ئەو كودەتا نێودەوڵەتیەی دژی كۆماری كوردستان لە مەهابات كرا، بارزانی نەمر و هەڤاڵانی خۆیان رادەستی دوژمنانی كوردستان نەكرد، بەڵكو بڕیاری ئەوەیان دا بۆ پاراستنی كوردستان رێگای یەكێتی سوڤیەتی جاران بگرنە بەر، رێگایەك كەوا لە پێناو كوردستان نەبێت كەس ناتوانێت خۆی لەپێنا بكات بە قۆربانی. دوای ئەوەی بارزانی نەمر و شێخ ئەحمەد بارزانی لە ناوچەی گادەر لێكجیادەبنەوە و بارزانی بڕیاری ئەوەی دا خۆی و چەند كەسێك رێگای یەكێتی سوڤیەت بگرنە بەر، شێخ ئەحمەد بارزانی و خێزانی بارزانیەكانیش گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بەڵام زۆری نەكێشا حكومەتی عێراق دەستی دایە گرتن و گواستنەوەی شێخ ئەحمەد و خەلكی ناوچەكە. عەلی تویی یەكێك بوو لەو پێشمەرگانەی بڕیاری ئەوە دەدات هاوسەفەری بارزانی نەمر بێت و رێگایەكی تەژی زەحمەتی بگرێتە بەر، لە یاداشتەكانی مام عەلیدا هاتووە" لە ناوچەی جەلالیا لە بەشی رۆژهەڵاتی كوردستان، كاتێك ئێمە بەو رێگایەدا تێدەپەرین شەڕ لە نێوان ئێمە و حكومەتی ئێران دروست بوو، هەرچەندە ئەمە یەكەم شەر نەبوو كەوا لەو سەفەرەدا تووشمان بێت، بەڵكو هەر سێ وڵاتی عێراق و ئێران و توركیا شەریان لەگەڵ كردووین، بەڵام بارزانی نەمر زۆر ژیرانە پلانی گەیشتن بە یەكێتی سوڤیەتی دارێشت بوو، ئێمە بەسەر سنووری سێ وڵاتدا دەچووین كاتێك هەر وڵاتێك هێرشی كردبایە سەر ئێمە خۆمان دەگەیاندە سنووری وڵاتێكی تر، بەڵام لە شەری ناوچەی جەلالیا من و چەند پێشمەرگەیەك بریندار بووین، بەڵام بەردەوامیمان بە رێگایەكەدا". عەلی حوسێن وەك هەر هەڤاڵێكی تری بارزانی نەمر سەرەتای گەیشتنی بە سنووری یەكێتی سوڤیەتی جاران دەستگیردەكرێت و دەگوازرێتەوە بۆ چەند گوند و شارێكی لێك دوور، بوویە لە سەرەتادا نیشتەجێی تاشكێند بووە، بەڵام دواتر چووەتە سەمەرقەند. عەلی تویی وەك هەر هەڤاڵێكی تری بارزانی نەمر وویستوویەتی ئەو چەند ساڵەی كەوا دوورە لە وڵات و نیشتیمان بتوانێت سوودی لێوەرگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش عەلی مل دەنێتە بەر خوێندن و لە بەشی كشتوكاڵ دەخوێنێت، لە پاڵ خوێندنیش بەردەوام كاری كردووە بۆ ئەوەی نەبێتە بار قورسی لەسەر كەس. عەلی تویی لە ساڵی 1957 هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتێكی رووسی دەكات بە ناوی( منەوەر نەسرەدین قادر)، ئەمەش ئەوە دەگەینێت كەوا هەڤاڵانی بارزانی نەمر توانیویانە گرنگی بە پەیوەندیە كۆمەڵایەتیانیان بدەن. سەبارەت بە ژیانی خۆی لە سوڤیەت مام عەلی گێراویەتیەوە" بەردەوام پەیوەندیمان لەگەڵ برا پێشمەرگەكاندا هەبوو، ئەوانەی هاوسەرگیریان كرد پێشتر بارزانی نەمریان ئاگادار دەكردەوە و بارزانی نەمر خۆی گوتبووی كەوا لەوانەیە ماوەیەكی زۆر لە سۆڤیەت بمێنینەوە، بوویە ئەو ماوەی لێرەین دەبێت بتوانین سوود لە ئەزموون و ژیانی سوڤیەت وەربگرین، بوویە هەر كەسێك هاوسەرگیری كردبا خۆمان دەچووینە داخوازی". دوای ئەوەی لە ساڵی 1958شۆرشێك بەرپابوو و رژێمی پاشایەتی لەناو چوو، عەبدولكەریم قاسم بووە یەكەمین سەرۆك كوماری عێراق، بوویە پەیوەندیەكانی بارزانی نەمر و عەبدولكەریم بەرەو پێشڤەچوون و داوای لە بارزانی نەمر كرد بگەرێتەوە بۆ عێراق، بوویە لە ساڵی 1959 بارزانی نەمر و هەڤاڵانی لە رێگای پاپۆری گروزیا گەرانەوە بۆ عێراق و لە لایان خەڵكی بەسرا و عەبدولكەریم قاسمەوە پێشوازی گەرمیان لێكرا. دوای گەرانەوەی عەلی تویی لە كەلەك وەك فەرمانبەر لە فەرمانگەی كشتوكاڵ دادەمەزرێت و تا ساڵی 1961 هەر لە كەلەك دەبێت، دوای تێكچوونی پەیوەندیەكانی نێوان شۆڕش و حكومەتی عێراق لە ساڵی 1961 شۆڕشی ئەیلول هەڵگیرسا و عەلی تویی بە زووترین كات خۆی گەیاندووتە ناوچەكانی ژێر دەستی پێشمەرگە، دوای نیشتەجێبوونی لە شێروان مەزن حكومەتی عێراق لە رێگەی فرۆكەوە بۆردوومانی شێروان مەزن دەكات و خانووی عەلی تویی دەكرێتە ئامانجی فرۆكەكان. لە شۆڕشی ئەیلول بۆ یەكەمین جار پێشمەرگە لە باشووری كوردستان كرا بە هێزێكی سەربازی و سوودیان لە ئەزموونی كۆمار و سۆڤیەت وەرگرت، بوویە عەلی تویی دەكەوێتە ناوچەی بادینان و هاوسەنگەری شەهید هاشم مێرۆزی دەبێت، رۆلێكی بەرچاوی لە شەڕەكاندا دەبێت، عەلی تویی وەك كەسێكی بە ئەزموون و خوێندەوار هەر زوو توانی لە دڵی هەر پێشمەرگەیەك شووێنی خۆی بكاتەوە، هەردەم ئەو بە موریدی شێخ ئەحمەد بارزانی ناسراوو بوو، بەشداریەكی كارای لە شەرەكانی دەڤەری بادینیانی كردووە. سەبارەت بەو ساڵانەی كەوا شۆڕشی ئەیلول توشی نسكو هات خۆرشید كۆڕە تاقانەكەی عەلی تویی دەڵێت" دوای ئەوەی شۆڕش توشی نسكو هات، باوكم ئیدی قاچاغ بوو، ئاگادار بووم كەوا چەك و فیشەكی دەبردنە شاخ و بۆ بەیانی دەگەراوە، هەردەم كەسانێك داتنە لای كەوا لە لام نەناسراوبوون، ئێدی دوای بەیانی یازدەی ئازار دۆخی ئێمە خۆشتر بوو، باوكم دامەزراوە و مۆچەی وەردەگرت، هەردەم پەیوەندی بە سەركردایەتی شۆڕشەوە هەبوو، بەڵام لە پڕۆسەی ئەنفالدا حكومەتی عێراق بە جاش و چێشەوە هاتنە سەر كۆمەڵگای گۆڕەتوو، بەڵام ئەو كات حسێن جانگیر بە حكومەتی گووت لێرە بڕوون هیچ بارزانیەك لێرە نیە، ئەمەش بۆ ئەوە بۆ كەوا باوكم و ئەوان ئەنفال نەكرێن". عەلی تویی وەك هەر پێشم
عەلی تویی وەك هەر پێشمەرگەیەك هەردەم چاوەرێی ئەوە بوو كەوا رۆژی گەلی كوردستان هەڵبێت، بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام پەیوەندی بە سەرانی شۆڕش و سەركردایەتی پارتیەوە دەكرد، عەلی تویی وەك هەڤاڵێی بارزانی نەمر رۆل و كاریگەریەكی گەورەی لە راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دا هەبووە، سەبارەت بە بەشداریكردنی لە راپەڕیندا خۆرشید دەڵێت" من و باوكم، لە هەریر بووین، دەنگوی ئەوەمان پێگەیشت راپەڕین دەستیپێكردووە، باوكم چەكێكی پەیداكرد و من و ئەو لەگەڵ ئاپۆڕای پێشمەرگە و خەلكی كوردستان دەستمان دایە رامالینی كوردستان لە سەربازانی عێراق لە هەر یەك لە ناوچەكانی (هەریر، شەقڵاوە، مەسیف، هەولێر)". لە هەمبەر ئەو خەبات و ماندووبوونەی عەلی تویی دوو جار لە لایان سەرۆك بارزانیەوە میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە. بەڵام بە داخەوە تەمەن رێگربوو لەوەی عەلی حوسێن ئازادی كوردستان بە چاوەكانی خۆی ببینێت. لەبەر ئەو ساچمانەی كەوا لە ناو پێیەكانی دابوون، كە لەكاتی چوونیان بۆ سۆڤیەتەوە بریندار ببوو، لە بەرواری 11-4-2015، دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت، لەسەر ووەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بارزان و لە نزیك شێخ ئەحمەد بارزانی و بارزانی نەمر نێژرا. لە كۆتایدا بنەماڵەی هەڤاڵی بارزانی نەمر عەلی تویی دەڵێن" باوكمان بۆ ئێمە قوتابخانەیەكی گەورە بوو، بەردەوام لەسەر رێبازی شێخ ئەحمەد و بارزانی نەمر ئێمەی پەروەردە كردووە، ئێستا هەست بە غەریبیەكی زۆر دەكەین، بەڵام هەموو كات باوكم دەیگووت" تا كورد یەك نەگرێت هەرگیز ناگات بە هیچ، هیوام وایە كورد بە یەكگرتووی ببینم". بوویە هیوا خوازین رۆژێك بێت و دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆی یەكگرتوو ببینین، بەڵێن بە تەواوی شەهیدانی رێگای رزگاری خوازی گەلی كوردستان دەدەین تا دوا هەناسەی ژیان ئامادەبین بۆ قۆربانیدان و خۆفیداكاری لە پێناو نیشتیمان.

زۆرترین بینراو