ژیاننامەی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و گۆڵان (حاجی تەیب گرتكی)

ژیاننامەی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و گۆڵان (حاجی تەیب گرتكی)

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- سۆران: لەم ژمارەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی تیشك دەخەینە سەر چەند وێستگەیەكی ژیان و خەباتی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و گۆڵان( حاجی تەیب گرتكی).
حاجی تەیب لە ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی گرتك، لە بناری چیای هەڵگورد چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، لە تەمەنی شەش ساڵی دەست بە خوێندنی ئایینی دەكات، دواتر لە گوندی ڕۆست درێژە بە خوێندن دەدات و تا پۆلی چواری سەرەتایی دەخوێنێت.
هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلول و لە ساڵی ١٩٦٤، حاجی تەیب پەیوەندی بە رێزەكانی هێزی پێشمەرگەوە دەكات لە هێزی باڵەك. هەر لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول حاجی تەیب بەشداری لە دەیان داستانی بێ وێنە دەكات، وەك داستانەكانی( كۆرەك، زۆزك، هەندرێن، گۆڕەز، حەسەن بەگ، گەروی عۆمەر ئاغا).
حاجی تەیب لە داستانی بێ وێنەی زۆزك بریندار دەبێت. وەك رێزگرتنێك لە بەرامبەر ئەو رۆڵە گەورەیەی بینیویەتی لە داستانی گۆڕەز، لە ساڵی ١٩٧٥ حاجی تەیب بە بڕنویێك لە لایان بارزانی نەمرەوە خەڵات دەكرێت.
دوای رێككەتنی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥، ئاوارەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت، بەڵام رۆڵەكەی بناری هەڵگورد ناتوانێت لە دوورە وڵاتی و ئاوارەی بژیت، بوویە لە ساڵی ١٩٧٦ دەگەرێتەوە بۆ ناوچەی باڵەكایەتی. بەڵام گەڕانەوەی و ئاشنابوونەوەی بە سروشتی كوردستان زۆر ناخایەنێت، لە هەمان ساڵ لە لایان حكومەتی عێراق دوور دەخرێتەوە بۆ رۆمادی و لە ساڵی ١٩٧٧ دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی كوردستان.
دوای دەستپێكردنی شۆڕشی گۆڵانی پێشكەوتووخۆاس، لە ساڵی ١٩٨٢ شەهید پەیوەندی بە رێزەكانی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەكات، لە ساڵێ ١٩٨٣ و دوای دەستپێكردنی شەڕی نێوان ئێران وعێراق حاجی تەیب جارێكی تر ئاوارەی ئێران دەبێتەوە.
لە ساڵی ١٩٩١ بە نوسراوێكی تایبەت ئاگادار دەكرێتەوە بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ دەستپێكردنی راپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ حاجی رۆڵ و كاریگەریەكی زۆری دەبێت و بەشداریەكی كارای دەبێت لە وەدەرنانی دامودەزگایەكانی حكومەتری عێراق.
عائیشە خانی هاوسەری حاجی تەیب دەڵێت: كاتێك داستانی كۆڕی دەستی پێكرد، رۆژی ٧-٤-١٩٩١، حاجی تەیب لە نزیك مەسیف سەلاحەدین بریندار دەبێت، دوای گەڕانەوەی هاوسەنگەرەكانی هەواڵی وونبوونی حاجی تەیبم پێگەیشت، بێ سەرشوێن بوو، دواتر خزمێكمان بە ناوی مامۆستا علی، گووتی كەسێك حاجی تەیبی بە برینداری بینیووە لە هەولێر، دواتر چوومە هەولێر لە ماڵی خۆشكم، دوای ماوەیەك گەڕان بەدوایدا گووتیان چەند رۆژێكە گوازراوەتەوە بۆ مووسڵ. بڕیارمدا بچمە مووسڵ و ئەو دەرباز بكەم، بوویە منداڵەكانم ئامانەتی خۆشكم كرد، خدر ئەحمەدی هاوسەری خۆشكم بووە هاوسەفەرم و چووین بۆ مووسڵ.
لە نهومی دووەمی نەخۆشخانە دانرابوو، چووینە لای و لە خۆشیان هەر دەگریا. من نەدەگریام و پێم گووتن ئێوە چیتانە، لەوە خۆشتر بە سەڵامەتی یەكترمان دۆزیەوە، دواتر حاجی چیڕوكی خۆی بۆ گێڕامەوە و گووتی دوای برینداربوونم كەوتمە بن دیوارێك، هەر لە بەیانیەوە تاكو كاتژمێر ٥ی ئێوارە كەس نەهات بە لامەوە، من بریندارببووم و خۆم برینەكەی خۆمم گرێدابوو. دواتر پیاوێكی باڵا بەرزی عێراقی، پرسی بۆ برینداربووی؟ گووتم مەدەنیم و ئۆتۆمبێلەكەیان لێ دزیووم، دواتر رەشاشەكەمی فەڕەدا و گووتی دەتبەمە نەخۆشخانەیەكی مەدەنی، هەرچەندە كەسێكی تر هات و زۆر قەسەی ناشرینی كرد، بەڵام فەرماندەكەی تر رێگەی نەدا بمكوژێت.
ئێمە بۆ ماوەی دە رۆژ لە شاوێزەوە بە دزی خواردنمان دەبردە مووسڵ، هەر كاتێك زانیبام پزیشكەكان دەهاتن خۆم دەشاردەوە، دەترسام شكایەت بكەن.
دواتر بە حاجی تەیبم گووت دەبێت لێرە دەربچین، پلانەكەم دانا و بە كاك خدرم گووت دەگەرێیەوە بۆ هەولێر و بە هەموو كەس رادەگەینی حاجیمان نەدۆزیوەتەوە، نەكا كەسێك شكایەتمان لێبكات. كاك خدر راستی بابەتەكەی تەنها بۆ برای حاجی گێرابووەوە، دواتر بڕێك پارەم دا پزیشكێك، سێ فیشەك بەر قاچی حاجی كەوتبوون، بوویە پزیشكەكە گەچێكی لە پێی حاجی دا. وەك هاووڵاتیەكی ئاسای مامەڵەمان دەكرد و لەوێوە هاتین بۆ هەولێر، ئەگەرچی ترسێكی زۆرم لە دڵدا بوو، بەڵام دانم بە خۆمدا گرت و بەسەر خۆمدا زاڵبووم. كە لە ئۆتۆمبێڵ دابەزین، كەسێكی باڵا بەرز هات بەلامانەوە و پارەی تەكسیەكەی دا، هەندێك خواردنی بۆ هێناین، گووتم پێویست ناكات، پارەم پێیە. گووتی دەلێم گەڕێ با خێرێك بكەم، دواتر پیاوەكە وون بوو، ئێستاش بیر لەوە دەكەمەوە ئەو پیاوە كێ بوو.
لە هەولێرەوو هاتین بۆ دیانا زۆر بە سەڵامەتی حاجی تەیبم لە دەست حكۆمەتی عێراق رزگار كرد. حاجی تەیبم زۆر خۆش دەویست، هەر خۆشەویستی ئەو بوو وایكرد بچمە ناو جەرگەی دووژمن و ئەو پێشمەرگەیە بڕفێنم.
دوای رزگاركردنی لە لایان هاوسەرەكەی، حاجی تەیب بە مەبەستی چارەسەركردنی نەخۆشی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت، زۆر ناكێشێیت رۆڵەكەی هەڵگورد دەگەرێتەوە بۆ زێدی خۆی و درێژە بە خەباتی پێشمەرگایەتی دەدات.
حاجی تەیب لە ژیانی پێشمەرگایەتی خۆیدا زۆر بەرپرسیاریەتی پێ سپێردراوە، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە حاجی تەیب زۆر بە دڵسۆزی ئەركەكانی خۆی راپەڕاندووە، دواجار بەرپرسیارەتی فەرماندی بەتالیونی یەكی خەباتی پێدەسپێردرێت.
حاجی تەیب ئەو پێشمەرگەیە بووە، كەوا تەواوی تەمەنی خۆی بۆ پاراستنی كوردستان تەرخان كردبوو، برینداربوونی و ئەو قۆربانیەی كوا لە پێناو كوردستان داویەتی شایەتی ئەوە دەدەن كەوا حاجی تەیب بە راستی عاشقی ئازادی بووە. حاجی تەیب لە سالێ ٢٠٠١ توشی نەخۆشی دەبێت و چەندین جار رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت، بەڵام بێ سوود بوو ، چونكە لە رۆژی ١٦-٥-٢٠٠١ دڵە گەورەكەی لە لێدان دەكەوێت و حاجی تەیب دەگات بە كاروانی ئازادی خوازانی كوردستان.
لە كۆتایدا بنەماڵەی حاجی تەیب دەڵێن: ئێمە شانازی بە خەبات و كۆڵنەدانی باوكمانەوە دەكەین، حاجی تەیب بۆ ئێمە قوتابخانەیەك بووە، هەردەم لێوە ئاشنای كۆڵندان و وڵات پارێزی بووینە، لێرەوە و لە دوای وەفاتی ئەویش بەڵێن بە گیانی حاجی تەیب و تەواوی ڕیبوارانی كاروانی ئازادی خوازانی كوردستان و سەر كاروانیان بارزانی نەمر دەدەین، تا دوا لێدانی دڵ رێگای ئەوان بەرنەدەین و خۆمان بكەین بە قەلغان بۆ پاراستنی كورستان.

 

زۆرترین بینراو