ژیان تاهر:پێویستە وارسی شەرعی شەهید زەوی و مینحەی مانگانە وەربگرێت

ژیان تاهر:پێویستە وارسی شەرعی شەهید زەوی و مینحەی مانگانە وەربگرێت

رەمەزان هەرنی – هەولێر : دوای دروستبوونی شەڕی داعش لە ساڵی 2014، پەرلەمانی كوردستان وەك دیارییەك بۆ هەر وارسێكی شەهید بڕی دوو ملیۆن دیناری دابین كرد، بەڵام تا ئێستا هەموو وارسێكی شەهید ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە، بڕیارە ئەوانەی تا ئێستا بێبەش بوونە ئەو بڕە پارەیە وەربگرن.
ژیان تاهر ئەحمەد, جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت:" بە پێی یاسای هەموار كراوی ژمارە 3 لە یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری سەربەزی شەهیدان, پێویستە هەر وارسێكی شەرعی شەهید پارچە زەویەك لەگەڵ مینحەیەكی مانگانە وەربگرێت, بەڵام شەهیدانی شەڕی داعش تا ئێستا سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەنە و نەگواستراونەتەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی هەرێم، هەوڵی زۆر دەدرێت بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە, هەندێك وارسی شەهیدان بڕی دوو ملیون دیناریان وەرگرت، بەڵام هەموو وارسێكی شەهید ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە كە پەرلەمانی كوردستان وەك دیاریەك دیاری كردبوو، وەك لیژنەی تایبەتمەند چەندین جار هەوڵمانداوە تا ئەو مینحەیە بدرێتە ئەوانەی وەریان نەگرتووە".
زیاتر گووتی " دوا جار كە هەوڵمانداوە لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان بوو، رایگەیاند جارێ لە تواناماندا نیە، بەڵام لەبەرنامەماندایە ئەو بڕە پارەیە بەسەر وارسی ئەو شەهیدانەی ماون دابەش بكەین".
ژیان ئەوەشی گووت" وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە تا ئێستا 700 وارسی شەهید ماون كە ئەو مینحەیەیان وەرنەگرتووە، بەڵام ئەو لیستەی لای ئێمە هەیە نزیكەی 100 وارسی شەهیدانی شەڕی داعش ماون ئەو مینحەیەیان وەر نەگرتووە، پێویستە لیستەكان رێكبخرێنەوە بۆ ئەوەی ئاشكرابێت كە بە تەواوی چەند وارسی شەهید ماون مینحەیی پەرلەمانیان وەرنەگرتووە تا پێیان بدرێت".

زۆرترین بینراو