ڤیان تاهیر: ئەو رووداوانەی لەناوچەكە هەن بە قازانجی كوردستان دەشكێنەوە

ڤیان تاهیر: ئەو رووداوانەی لەناوچەكە هەن بە قازانجی كوردستان دەشكێنەوە

رەمەزان هەرنی – سلێمانی: سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 2019 و سەرەتایی ساڵی 2020 بۆ جاری دووەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان كۆ بوویەوە. بە بۆچوونی چاودێرێكی سیاسی، كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنەكان گرنگ و پێویست بوو و هەڵوێستی سەرۆكی هەرێم زۆر حەكیمانە بوو لەبارەی رووداوەكانی ناوچەكە.
ڤیان تاهیر قادر, چاودێری سیاسی لە پارێزگای سلێمانی بۆ زاری كرمانجی دەڵێ:" ئەو ناكۆكیانەی لە ناوچەكە دروست بوونە, بەگشتی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان نێوەند گیریی بووە و نامانەوێت گرژی و ناخۆشییەكان بەرۆكمان بگرێتەوە لەهەمانكاتدا بەرگریكردنە لەخۆمان, كۆ بوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكایەتی حكوومەت و سەرۆكایەتی پەرلەمان زۆر گرنگ و پێویست بوو, دەبووایە ئەو كۆ بوونەوەیە زووتر كرابایە".
ڤیان، ئەوەشی گوت:" كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا كۆبوونەوەیەكی گرنگ و باش بوو بۆ هەرێمی كوردستان, لەبەر ئەوەی دیار نییە ئەو رووداوانە بەرەو چ ئاقارێك دەمان بەن, وەك هەرێمی كوردستان ناتوانین پشتگیری هیچ لایەنێك بكەین، بۆ ئەوەی لە كۆتاییدا ناخۆشی بۆ میللەتەكەمان نەگەرێتەوە, هەرێمی كوردستان پێویستە لەبارەی ئەم رووداوانەی ناوچەكە رۆڵی چاودێر بگێڕێت, بۆیە هەڵوێستی سەرۆكی هەرێم زۆر حەكیمانە بوو لەم كاتە گرنگ و هەستیارەدا.
ڤیان تاهیر، ئەوەشی گوت:" ئەوەی ئێستا لە ناوچەكە روودەدات پێشبینییەكانی سەرۆك بارزانی بوون, ئەوەی روویدا شتێكی چاوەڕوانكراو بوو, ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان پشتگیریەكی زۆرە بۆ كورد هەر كاتێك عێراق بەلایەكدا كەوت، كارتی ریفراندۆممان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بگەین بە ئامانجەكانی خۆمان كە سەربەخۆییە، ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ ئەم بابەتە گرنگە".
زیاتر گووتی" پێشبینی دەكەم ئەو رووداوانەی لەناوچەكە هەن بە قازانجی كوردستان بشكێنەوە, لەدوای هەر ناخۆشییەك نەخشەی ناوچەكە دەگۆڕدرێت, پێشبینی دەكرێت زۆنی شیعە، سوننە و كورد لێك جیا بكرێنەوە, بۆیە هیوادارم بە دەستكەوتەوە لەم رووداوانەی لە ناوچەكە هەن دەربچین".
ڤیان تاهیر، چاودێری سیاسی ئەوەشی گووت :" پێویستە كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بۆ ئەوەی لەم رووداوانە بەسەركەوتوویی بەرەو قۆناغێكی تر هەنگاو بنێین".

 

زۆرترین بینراو