کۆرۆنا یاخود هەژاری، کامیان مەترسیدارترن

نەجات ئەحمەد
رۆژ بەرۆژ بابەتی جیاجیا درووست دەبێت و مرۆڤایەتی پێوە سەرقاڵ دەبێت، دوایین بابەت نەخۆشی (کۆڕۆنا)یە، کە زۆر دڵڕەقانە مرۆڤەکان دەتوێنێتەوە و خەریکە دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتی و جیهان، بێگومان ئەم نەخۆشییە زیاد لەپێویست گەورەکراوە و خەڵک زیاتر ترسێنراوە. بەڕایی من، ئەمە پەیوەستە بە چەند مەرامێکی سیاسی دیاریکراوەوە. چونکە ئەگەر بەوردی سەیر بکەین و لێی رابمێنین سەرەتا نەخۆشییەکە لەشارێکی وڵاتی چین بڵاوبۆوە و سنوری شارێکی تێنەپەڕاند بۆ شارێکی تری وڵاتەکە، کەچی پەڕییەوە بۆ وڵاتێکی دیکەی جیهان! کە ئەمە جێگەی پرسیارە، جگە لەمەش مرۆڤایەتی بەدرێژای مێژوو قەیران و دەردی زۆر لە کۆرۆنا گەورەتری بینیوە و هەرگیزیش وەک ئێستا خەڵک نەترساوە، راستە نەخۆشییەکە ترسناکە و بێڕەحمانە مرۆڤەکان لەناو دەبات، بەڵام ئەمە ئەوە ناهێنێ کە تا ئەو رادەیە خەڵک بترسێنرێت کە کار بکاتە سەر هێز و ئیرادەیان و لەرووی دەروونییەوە تێکبشکێنرێن، لەبەرامبەر ئەوەشدا هەژاری لەگەڵ تەمەنی ئەم زەوییەدا رۆژ دوای رۆژ لە زیادبووندایە. رۆژانە هەزاران کەس بەدەست برسییێتی و تینوێتییەوە دەناڵێنن و کەسێک، سەرکردەیەک، رۆژنامەڤانێک...هتد، نایەت قسەی لەسەر بکات و بیکاتە تەوەری هەموو بەرنامەکان و رووداوی رۆژی گشت کەناڵەکان. ئەمە نادادی و باڵادەستبوونی سیستەمی سەرمایەدارییە بەسەر هەموو کونجێکی ئەم زەوییەدا. لەراستیدا سیستەمی سەرمایەداری هیچ بوارێکی بۆ ژیان و هەست و سۆز و مرۆڤایەتی نەهێشتۆتەوە. ئەوەی گرنگە بەلای مرۆڤی ئەم سەردەمەوە تەنها دەسەڵات و پارەیە. ئیتر کێ باکی بەوەیە منداڵێک لەوڵاتێکی ئەفریقی و لەدووری هەزاران کیلۆمەتر تینوویەتی یان برسییەتی یاخود خەریکە لەبێهێزیدا گیان دەسپێرێت! مرۆڤایەتی و دەسەڵاتدارانی جیهان دەستیان بەچاویانەوە گرتووە لەئاست ئەم هەموو مرۆڤە بێلانەیەدا، لەئاست ئەم هەموو منداڵە برسییانەی کە شەوانە بە حەسرەتی پارووە نانێک و ژوورێکی گەرم لە کوڵانە ساردەکاندا رۆژ دەکەنەوە. ئەوەی گرنگە بەلای ئەوانەوە بستێک زەوی زیاتر و لیترێک نەوتی زیاترە، جگە لەهەژاری، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ و جگەرەکێشان و خراپی کوالێتی خواردنەکان، گیان لەدەست دەدەن، کەچی هیچ یەک لەم کێشانە وەک کۆرۆنا گەورەنەکراون و گرینگییان پێنەدراوە. ئەمە خۆی جێگەی سەسوڕمان و پرسیارە! بۆیە بە دووری نابینین ئەم(کۆرۆنا)یەش دروستکراوی دەسەڵاتدارانی جیهان خۆیان بێت و گەمەیەکی دیکەی سیاسی بێت، کە بەسەر مرۆڤی بەدبەختی ئەم سەردەمەدا دەیبارێنن. لەپێناو گەیشتن بە مەرام و مەبەستەکانی خۆیان. هەر بۆیەش بەو رادەیە گەورەکراوە و هەموو دونیای بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە. لەکاتێکدا خەڵک خەریکی شین و ڕۆڕۆیە لەدەست کۆرۆنا ئەوان لەژێرەوە خەریکی پیلان و بەرنامە داڕێژتنن لەسەر پشتی ئەم زەوییە بەدبەختە.

زۆرترین بینراو