گرنگی بەشداری سەرۆكی هەرێم لە كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس

گرنگی بەشداری سەرۆكی هەرێم لە كۆڕبەندی جیهانی داڤۆس

موڕشید برادۆستی - زاری كرمانجی: رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە یاوەری شاندێك گەیشتە وڵاتی سویسڕا و بە شداری ( 50 )ـەیەمین كۆڕبەندی داڤۆسی كرد و لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا و ژمارەیەك سەرۆكی وڵات و سەرۆك وەزیر و وەزیرانی تری وڵاتانی جیهان كۆبووەوە.
ڕۆژی 21 تا 24ی ئەم مانگە، كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس بەڕێوەچوو، داڤۆس شارێكی خنجیلانەی سویسرایە، لەم وەزرەدا پلەكانی گەرما تێیدا لەخوار سفری سەدییەوەن، بەڵام هەفتەی رابردوو گەرمترین پرسە ئاڵۆزەكانی جیهانی تێدا تاوتوێ كران. لە كۆڕبەندەكەدا، ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران گرنگترین تەوەری گفتوگۆكەبوون، كۆڕبەندەكە دەرگای بەسەر سێ هەزار میواندا كردەوە كە لە سەرۆك و سەركردە و بازرگان و كەسایەتیی گرنگی 117 وڵات پێكهاتبوون. بە وردی باسی دۆخی سیاسیی و ئابووریی و ژینگەیی جیهان كرا. تیایدا، 600 قسەكەر، لە 150 پانێڵی فەرمییدا، بۆچوونیان لەبارەی حەوت تەوەری سەرەكییەوە خستەڕوو.
كۆڕبەندی داڤۆس چییە و بۆ یەكەم جار لە ساڵی چەند ئەم كۆڕبەندە ئەنجامدرا؟
‏‎ كۆڕبەندی ئابوری جیهانی داڤۆس رێكخراوێكی نێودەوڵەتی قازانج نەویستە، لە ساڵی 1971 لە سەر دەستی ئابوری زانی ئەڵمانی كڵاوس شواب لە سوێسڕا دامەزراوە، تایبەتمەندە بە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ بارودۆخی جیهان، وەك ژینگەو تەندروستی وبوارەكانی تر، لە رێگەی هاندانی سەرمایەداران و كەسایەتیە گشتییەكان، هاوبەشەكانی 2500كەسن، سەد كۆمپانیای هەرە گەورەی جیهانی سەركردایەتی دەكەن، هەموو ئەو كۆمپانیانەی بەشدارن نابێ داهاتی ساڵانەیان لە یەك ملیار دۆلار كەمتربێ، ساڵانە بڕی زیاتر لە 12 هەزار دۆلار وەك ئابۆنە دەدەن، ئەوانەی بەشداریشن زیاتر لە شەش هەزار دۆلار لە بڕی بەشداریان دەدەن، هەروەها خۆیان بەشداربوان هەڵدەبژێرن لە كەسایەتیە گشتییەكان وەك سەرۆك و سەرۆك وەزیران، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و رۆژانامەنووسان و ئەكادیمیستان و هەندێك جار پیاوانی ئاینیش بەشدارن، لە سەت وڵاتی جیا جیای جیهان.
زاری كرمانجی، لە راپۆرتێكیدا، بۆچوونی چین و توێژەكان لە بارەی گرنگی بەشداری كردنی شاندی هەرێم بۆ كۆڕبەندی داڤۆس و كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا دەخاتەڕوو. د . هێمن میرانی، راگری فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسیەكان و بەڕێوەبردن لە زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت" بەشداری هەرێمی كوردستان ساڵانە لەو كۆڕبەندە كارێكی گرنگ و بە سوودە بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێ سەرنجی كۆمپانیاكانی دونیا بۆ سەرمایەگوزاری لە كوردستان رابكێشێ و دەرفەتی گفتوگۆیان لە گەڵ بڕەخسێنێ، هەروەها لە رووە سیاسییەكەی زۆر گرنگە تا نوێنەرانی كوردستان سەرۆكەكانی دونیا ببینن و بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیان لە گەڵ تاوتوێ بكەن.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، دووپاتی كردەوە، بەشداری ئەمساڵ رەنگە لە زۆر كاتی دیكە گرنگتر بێ چونكە بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ئاستی وەبەرهێنان و ئامادەیی كۆمپانیا بیانییەكان لە كوردستان تا ئاستێكی خراپ دابەزیووە. ئەو دەرفەتە گرنگ بوو تا كوردستان جارێكی دیكە دەرگای خۆی بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بكاتەوە و راستەوخۆ نوێنەرانی ئێمە باس لە دۆخی نوێ و ئامادەیی كوردستان بۆ سەرمایەگوزاری لە گەڵ دونیادا بكەن".
میرانی ، ئەوەشی خستەڕوو" لە رووی سیاسییەوە ئەو كۆڕبەندە لە كاتێكی یەكجار هەستیاردا گرێدرا كە دۆخی ناوخۆیی عێراق یەكجار ئاڵۆزە و حكومەتێكی دەستلەكاركێشاوە كارەكانی رۆژانە دەكات و بەلای خەڵك شەرعیەتی نەماوە، پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و عێراق پاش رووداوەكانی ئەم دواییە یەكجار ئاڵۆز بووە. ئەو دەرفەتە گرنگ بوو كە سەرۆكی هەرێم و شاندەكەی راستەوخۆ هەڵوێستی كوردستان و خەڵك بە دونیا بگەیەنن".
‏‎تارا شوان بەرپرسی ئینستتیوتی ئابووری (ئەمریكی – كوردی) وەك شارەزا و پسپۆڕ لە بواری بزنس و ئابووری شیكردنەوە بۆ بەشداریكردنی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی داڤۆس دەكات و چەند زانیارییەكیش لە بارەی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس بۆ زاری كرمانجی دەخاتەڕوو.
بە گووتەی، تارا شوان :"بەشداریكردنی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس نەك تەنها بۆ ئابوورییەكەی، بەڵكو بۆ پێگەی سیاسی هەرێمی كوردستانیش گرنگی و بەهای زۆری هەیە، چونكە شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بەفەرمی بانگهێشتی كۆڕبەندەكە كرابوون، لەو ماوەیەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان چاوی بە چەندین سەرۆك و سەرۆك وەزیران و بەرپرسە باڵاكانی ووڵاتانی جیهان كەوت و چەندین دیدار و كۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ئەنجامدانی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی شاندی كوردستان لە داڤۆس كاریگەری بەهێزی دەبێت بۆ پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی ‌سەلمێنەری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان پەیوەندییە بەهێزەكانی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لەگەڵ جیهاندا نەپچڕاوە".
بەرپرسی ئینستتیوتی ئابووری (ئەمریكی – كوردی) دەڵێت" ئەو سەردانەی شاندی هەرێم، قورسایی ئابووری هەرێمی كوردستان نیشان دەدات كە لە رێژە ئابوورییەكاندا بەهای بایەخداری بۆ دانراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە هەرێمی كوردستان دەبێتە ناوەندێكی ئابووری بەها بەرزی جیهانی كە لە نەخشەی ئابووریدا بایەخی بەبەهای هەیە، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت بەهایەكی گەورە لەڕووی ئابوورییەوە بۆ هەرێم بگێرێنێتەوە بەوەی كە لە داڤۆس نیەتپاكی ونیازپاكی خۆی بسەلمێنێت بۆ وڵاتان، بەو مانایەی هەرێمی كوردستان خاكێكی باش وسەلامەتە بۆ گیانی خۆیان وكۆمپانیاكانیان، هەروەها دەتوانێت لە داڤۆسەوە لۆبیەكی بەهێزی ئابوورییانە لەسەر عێراق دروست بكات وەك فشاری سەرەتایی بۆ ڕێككەوتن یاخود فشاردروستكردن سەبارەت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.‎
‏شایەنی باسە، داڤۆس بە سەیرانگایەكی دڵڕفێن دەچێت كە دەكەوێتە قەدپاڵی زنجیرە چییای ئاڵپ لە سویسرا، كۆبوونەوەكە بە گەورەترین كۆبوونەوەی ئابووری جیهان دادەنرێت. ئەو كۆمپانیانەی ساڵانە بۆ داڤۆس بانگهێشت دەكرێن دەرامەتی ساڵانەی هەر یەكەیان لە سەرو ملیارێك دۆلارەوەیە و دەبێت بۆ بەشداریكردن، پێشوەخت بڕی ١٠ هەزار دۆلار بدەن بەو مونتەدایە. زۆربەی كات نزیكەی ٤٠%ی ئەو كەسایەتییانەی بەشداری تێدا دەكەن لە ئەورپان و ٣٥%ی لە ئەمەریكاوە بەشدارن، بەڵام ئەوانەی لە ئاسیاوە بەشدارن ٨% تێناپەڕێنێت. هەموو ساڵێكیش لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندەكەدا و لە شوێنێكی كەمێك دوور لەكۆڕبەندەكە چالاكوانانی ڕەخنەگر خۆپیشاندان دژی سەرمایەداری ئەنجام دەدەن.
لای خۆشیەوە، فەرحان جەوهەر چاودێری سیاسی لە كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" ئەم كۆڕبەندە ئابوورییە روداوێكی زۆر گرنگە و تێدا باس لە زۆر كێشە هەنووكەییەكانی جیهان دەكرێ، جگەلەوەش هەلێكە بۆ دیداری دبلۆماسی لە نێوان سەركردەی وڵاتان و لە پەڕاوێزی ئەو كۆبونەوانە سەركردەكانی جیهان، باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵیەكانیان دەكەن، بۆیە ئەگەر بۆ هەندێك وڵات جارێك گرنگ بێت، ئەوە بۆ هەرێمێكی وەك ئێمە سەت جار گرنگە، هەڵبژاردن و داوەتكردنی هەرێمی كوردستان بۆ كۆڕبەندەكە نیشانەی گرنگی پێگەی هەرێمە لەسەر هەردوو ئاستی ئابوری و سیاسی، هەروەها نیشانەی راست و دروستی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانییە، لەوەش گرنگتر دیداری دۆناڵد ترامپ سەرۆكی و ئەمریكاو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو، بۆ ئێمە وەك گەلی كوردستان ناونیشانی ئەمجارەی كۆڕبەندی ئابووری داڤۆس بوو .
زیاتر گووتی" هەرچەندە ئەمە یەكەم جار نییە سەرۆكی ئەمریكا سەرۆكی هەرێم دەبینێ، بەڵام ئەوەی ئەمجارە زیاتر زەقی كردۆتەوەو بۆتە رووداو، لاوازبوونی پێگەی هەرێم بوو دوای هەردوو رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر و هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا، هەردوو رووداوەكە بە ئاگاداری و رەزامەندی ئەمریكا ئەنجامدران، ئەم هەردوو كردارە وای لە خەڵكی كوردستان كردبوو، باوەڕ بەوە بهێنن كە چیتر هەرێم جێگای گرنگی ئەمریكا نەماوە، بۆیە ئەم دیدارەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ترامپ ئومێدی بۆ گەلی كوردستان گەڕاندەوە، بەوەی پێگەی هەرێمەكەیان وەك جاران بەهێزبۆتەوە، هەموو تاكێكی كورد چ سیاسی و غەیرە سیاسی دەزانن بەبێ پاڵپشتی ئەمریكا هەرێم توانای مانەوەی نییە".
فەرحان جەوهەر، ناشی شارێتەوە" ئێمە لە ناوچەیەك دەژین چواردەورمان بە دوژمنی بەهێز دەورە دراوە و ناهێڵن ئەو كیانە یەك رۆژ بمێنێت، بەڵام ئێستا وەك ئەمری واقیع مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، ئەویش یەكیان بەهۆی پاڵپشتی ئەمریكا و ئەوەی تریان پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی تا رادەیەك باشە لە لایەن هەرێمی كوردستان دەرهەق بە دراوسێیەكانمان، هەروەها ناكۆكی مێژووی نێوان ئەو دراوسێییانەش لەگەڵ یەكتر هۆكارێكی ترە. بۆیە هیچ روداوێك وەك ئەم دیدارەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا خەڵكی كوردستانی دڵخۆش نەكردووە، ناحەقیشیان نییە، گەلی كوردستان لە مێژووی دوورو نزیكیدا خۆی بینیوە هەركاتێك ئەمریكا دەست بەرداری بووبێ دووچاری كارەساتی گەورە بووە".
پێگەی كوردستان لە رووی جیۆسیاسیەوە وا هەڵكەوتووە بە حوكمی ئەو دابەشبوونە سیاسیەی كە هەر خودی رۆژئاوا كردویەتی، ناتوانێ بەبێ پاڵپشتی ئەوان لەسەرپێی خۆی بوەستێ، هەر ئەبێ ئەمریكا خۆی هاوكارمان بێ، تا ئەو كاتەی ئەو ناوچەیە لە رووی دیموكراسی و پاراستنی مافی مرۆڤەوە دەخەمڵێ، ئەمەشیان ئەستەم نییە، بەڵام نزیكیش نییە، بۆیە داڤۆسی ئەم ساڵ بۆ گەلی كوردستان جیاوازبوو، ناونیشانی ئەو جیاوازیەش دیداری دۆناڵد ترامپ و نێچیرڤان بارزانی بوو".
دوای كۆبوونەوەیان لە كۆڕبەندی داڤۆس، نێچیروان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەناوی گەلی كوردستانەوە سوپاسی سەرۆكی ئەمریكای كرد؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بەباشی كاریان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردووە.
سەرۆكی ئەمریكا گوتی"جێی خۆشحاڵیمە كە لەگەڵ سەرۆك بارزانی كوردستاندام، ئێمە كاتێكی دیاریكراومان بۆ كۆبوونەوە هەیە. بۆ ماوەیەكی زۆرە دەمانەوێت یەكتر ببینین".
لەبارەی هێزەكانیان لە باكووری سووریا گوتی "ئێمە لە هەندێك ناوچەی سنووری سووریا دەرچووین، ئێمە زۆر بەباشی كارمان لەگەڵ توركیا كردووە لەبارەی ئەو ناوچەیەی پێی دەگوترێت ناوچەی ئارام، من ئەوە بەرزدەنرخێنم كە تاوەكو دەكرێت ئەوێ سەلامەت بهێڵینەوە".هاوكات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەرۆكی ئەمریكای كرد و گوتی "ئێمە هاوبەشەێكی گرنگی یەكدین، سوپاس بۆ سەركردایەتیت، سوپاس بۆ پشتیوانییەكانت، ئێمە بەیەكەوە داعشمان تێكشكاند، بەناوی گەلی كوردستانەوە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆمان دەرببڕین بۆ سەركردایەتی و بۆ پشتیوانییەكەت".
هەواڵی كۆبوونەوەی بارزانی و ترەمپ لە میدیای جیهانی
رووماڵكردنی میدایی جیهانی و بەتایبەت ئەمریكی پرسێكی دیكەی دوای كۆبوونەوەكە بوو، لەم چوارچێوەیەدا كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمریكی بە مانشێتی”سەرۆك ترەپ لەگەل سەرۆكی كوردستان كۆبووەوە” دەستی بە رووماڵی كۆبوونەوەكە كرد. بەهەمان شێوە، چەناڵی یۆتیۆبی فەرمی كۆشكی سپی ڤیدیۆیی كۆبوونەوەكەی بلاوكردووتەوە و لە تایتڵی ڤیدیۆكە ناوی بارزانی وەك “سەرۆكی كوردستان” هێناوە، بەبێ ئاماژەدان بە (هەریم و عێراق).
نێچیرڤان بارزانی دووای كۆبوونەوەی لە گەڵ ترەمپ، باسی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئاشكرا كرد و رایگەیاند" كۆبوونەوەی ئێمە لەگەڵ ترەمپ هەر لە چوار چێوەی كۆڕبەندی داڤۆس بوو، لەو كۆبوونەوەیەدا پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ سەرۆك ترەمپ گفتووگۆمان لەبارەوە كرد، ئەو رێز و تەقدیری زۆری بۆ هەرێمی كوردسان بە گشتی و رۆلی پێشمەرگە هەبوو، بۆ پاراستنی خەلكی كوردستان و پێكهاتەكانی ناوچەكە، سەرۆكی ئەمریكا بەڕێزەوە لە پێگەی هەرێمی كوردستانی روانی كە بۆتە پەناگەیەك بۆ ئاوارە و لێقەوماوان .
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، راشیگەیاند" هەبوونی هێزەكانی ئەمركیا لە عێراق پێویستە و بە ئاشكرا ئەوەمان راگەیاندووە و لەگەڵ سەرۆك ترەمپیش ئەمەمان گفتووگۆ كردووە".
لە بارەی دانانانی ئاڵای كوردستان لەتەنیشت ئاڵای ئەمریكا لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ترەمپ، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گووتی" ترەمپ و ئەمریكا پێگەی هەرێمی كوردستان دەزانن، قەواریەكی دەستووریە لە عێراقدا، بێگومان دانانی ئاڵای كوردستان بۆ هەموو كوردێك گرنگە و بە پێی دەستووریش رێپێدراوە و جێی خۆشحاڵی هەموو كوردانە لە چوار پارچەی كوردستان، ئەمەش رێزگرتنە لە خەباتی میللەتێك بۆ قوربانیدان و خوێنی شەهیدانی میللەتێك، كە لە مێژوودا خەباتیان كردووە و زەحمەتیان كێشاوە، دانانی ئەم ئاڵایە رەنگدانەوەی مێژووی گەلی كوردە".
جیا لە كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەل سەرۆكی ئەمریكا ، هاوكات لەگەل سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ژمارەیەك سەرۆك و وەزیری تری وڵاتان كۆبووەوە، ئەمەش بەسەردانێكی گرنگ دادەندرێت".

 

 

زۆرترین بینراو