گرنگی راچێتەیەكی تەندروستی پزیشك

د. یوسف جەمیل

 

ئەو پارچە كا‌غەزەیە چارەسەری نەخۆشی لەسەر دەنووسرێت، تەنها پزیشكی رێگەپێدراو لە رووی یاسایی و پزیشكییەوە دەسەڵاتی نووسینی راچێتەی هەیە.
راچێتە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
یەكەم: ناو و تەمەنی نەخۆش
دووهەم: ناوی زانستی دەرمانەكان و هێزی دەرمان، بڕی دەرمان ، رێگای بەكارهێنانی دەرمان و چۆنییەتی بەكارهێنانی دەرمان و ماوەكانی بەكارهێنانی دەرمان
سێیەم: پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە نەخۆش چ بڕێك لەدەرمان وەبگرێت و چەندجار دەتوانێت لەسەر هەمان راچێتە دەرمان بكرێت
چوارەم: رێكەوتی نووسینی راچێتە
پێنجەم: واژوو یا مۆری ئەو پزیشكەی راچێتەكە دەنووسێت.
لە هەرێمی كوردستاندا ( لە شاری سورانیش ) بێسەرووبەری و پاشە گەردانییەكی زۆر لە نووسینی رەچەتە بۆ هاووڵاتییان لەلایەن هەندێك پزیشك و كەسانیتر تێبینی دەكرا. هەندێك كەس لەرووی یاسا و رێنماییەكانی وەزاەرەتی تەندروستی و سەندیكای پزیشكانی كوردستان بە هێچ شێوەیەك مافی نووسینی راچێتەی بۆ نەخۆش نییە، بەڵام بە هۆی نا هۆشیاری خەڵك و چاودێری نەكردن لەلایەن حكومەت و سەندیكاكانی پەیوەندیدارەوە، هەروەها لەپەنای كەمتەرخەمی لایەنی جێبەجێكاری یاساییەوە، بواریان بۆ رەخساوە بۆ قازانجی ماددی دەرمان بۆ نەخۆش بنووسن. لەسەر نووسینی راچێتە لەلایەن پزیشكانەوە، دوو سكاڵا هەبوو.
یەكەمیان ئەم راچێتانە بوون كە بە دەستنووسێكی خراپ و نادیار و گوماناویی ناوی دەرمانەكان دەنووسران.
دووهەم لە نووسینی ناوی بازرگانی دەرمانەكە بوو، كە دەبوو ناوی زانستی دەرمان بنووسرێت.
گۆمانی ئەوە هەبوو كە هەندێك پزیشك بە دەستنووسێكی بزماری و شفرەدار دەرمان بنووسن كە تەنها خاوەنی ئەم دەرمانخانە لێی تێبگات كە لەگەڵ پزیشكەكە شەریكە یا كرێی باڵاخانەی پزیشكەكە دەدات و ئەم مافەی لە هاووڵاتی زەوت دەكرا كە بە ئازادی خۆی لە هەر دەرمانخانەیەك بیهەوێت دەرمان بۆ خۆی دابین بكات.
گۆمانی دووەم كە لەسەر نووسینی ناوی بازرگانی دەرمانێكی دیاریكراو بوو كە كۆمپانیایەكی دیاریكراو هاوردە دەكات. لە بازاری دەرمان ووشەی دیل (Deal ) باوی هەیە كە بە كوردی بریتییە لە رێكەوتنی كڕین و فرۆشتن. روونتر بڵێم پزیشكێك لەسەر داوای كۆمپانییایەكی دیاریكراو بەبێ گوێدانە هیچ بنەمایەكی رەوشت و ئەخلاقی پزیشكی و بەبێ هۆكار و لێكۆڵینەوەیەكی زانستی و كواڵێتی كۆنتڕۆڵ تەنها ناوی بازرگانی دەرمانی كارگەیەكی دیاریكراو دەنووسی و لە بەرامبەردا كۆمپانیاكە رێژەیەك لە دۆلارەكانی قازانجی فرۆشتنی دەرمانەكە بەردەوام بە پزیشكەكە دەدات، یا ڵاپتۆپێك، گەشتێكی تۆریستی و خۆشگۆزەرانی ( لە ژێر ناوی گەشتی زانستی) بۆ ووڵاتی ئەسپانیا یا شەقامی تەقسیم لە ئیستانبۆل پێشكەشی ماندووبوونی فێڵبازانەی پزیشكەكە دەكرا.
لەبەر ئەم هۆكارانەی سەرەوە، سەندیكای پزیشكانی كوردستان بە نووسراوی ژمارە(76) لە رێكەوتی ( 1-4-2019) فەرمانێكی دەركرد كە نووسینی راچێتە لەلایەن پزیشكانەوە ببێتە كۆمپیۆتەری، هەروەها پێویستە پزیشكەكان تەنها ناوی زانستی دەرمانەكان بنووسن. دوا مۆڵەت بۆ جێبەجێكردنی (1-7-2019 ) دەبێت، هەر كەسێك پابەندی ئەم فەرمانە نەبێت خۆی بەرامبەر رێكارە یاساییەكان بەرپرسیار دەبێت.
خۆشبەختانە‌و بە شانازییەوە لە شاری سۆران پزیشكی گەنج (د. شمس الدین صادق سلێمان) بە دەست پێشخەرییەكی مرۆڤانە كە لە سوود تەندروستی و ئابوری نەخۆشەكاندایە هەڵساوە بە جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە و راچێتەكانی بە كۆمپیوتەر دەنووسێت. هیوادارین پزیشكەكانی دیكەش بە پەیرەویكردن لەم فەرمانەی سەندیكاكەیان هەڵسن.
هەروەها پێویستە لایەنی یاسایی و ئیداری شارەكە وە سەندیكای پزیشكانی كوردستان چاودێری جێبەجێكردنی ئەم فەرمانە بكەن.

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو