گرێی چەوری چییە؟

پەخشان مەحموود كۆیی

گرێی چەوری Lipoma بریتییە لە كۆبوونەوەی چەوری بە شێوەی تۆپەڵی توند لە ژێر پێست یا لەناو شانەكانی ماسوولكەدا.
بەگشتی گرێی چەوری ژێر پێست پاكە و بێ ئازارە، بەرە بەرە گەشە دەكات تا دەگاتە قەبارەیەكی دیاریكراو ئینجا دەوەستێت. گرێی چەوری نەرمە، لە ژێر دەست دەجولێت بەواتای ئەوەی جێگیر نییە لەشوێنی خۆی.
تیرەكەی دەگاتە 1- 3 سانتیمەتر، بەگشتی مەترسی نییە، چونكە ئەگەری گۆڕانی بۆ شێرپەنجە لێناكرێت، لەوانەیە زیاتر لە یەك گرێ لە لەشدا بەدی بكرێت، بۆ نموونە لە مل، شان، قۆڵ، پشت، دیواری سك، ران. هۆكاری گرێی چەوری تا ئەو كاتە بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام زیاتر بە خێزان دەبیندرێت، واتە مەیلێكی زگماكی هەیە، هەندێك جاریش پاش برینداربوونی شوێنێك پەیدا دەبێت. گرێی چەوری نەخۆشییەكی گرێی شانەیە كە لە ژێر كونەكان و پێستدا دەردەكەوێت، ئەم گرێیانە بێ‌ ئازارن و لەكاتی دەستلێدانیدا نەرمە و لە رووی قەبارەشەوە بچووكن و هێندە گەورە نین، هەرچەندە هەندێك لەم گرێ‌ چەورییانە گەورە دەبن و قەبارەیان دەگاتە شەش سانتیمەتر و بە شێوەیەكی گشتی ئەم گرێیانە لەسەر باڵەكان، سنگ، شان، مل دەردەكەون.
‌بۆ گرێی چەوری مەترسی نیە ؟
پێویست ناكات هیچ كات لە بوونی گرێی چەوری بترسین.
1- هەندێك لەم گرێیانە بۆ ماوەیین، لە هەندێك كاتیش پێوەندییان بە قەڵەوی یا بەرزبوونەوەی ئاستی كۆڵیسترۆڵ هەیە.
2- بەگشتی گرێی چەوری ژێر پێست پاكە و بێ ئازارە.
3- گرێی چەوری نەرمە، تیرەكەی دەگاتە یەك بۆ سێ سانتیمەتر، ئەگەری گۆڕانی بۆ شێرپەنجە لێناكرێت.
چارەسەركردنی گرێی چەوری:
بۆ چارەسەركردنی گرێی چەوری پێویستە پزیشكی پێست بڕیار بدات لەسەر شێوازی چارەسەرەكەی كە چەند جۆرێكی جیاواز چارەسەر بەردەستە.
یەكەم هەنگاوی چارەسەركردن بریتییە لە بەكارهێنانی :
1- دەرزی ستیرۆیدی Steroid خۆجێیی، ئەگەر بەكار هێنانی دەرمان سوودی نەبوو.
2- ئامێری هەڵمژینی چەوری (لایپۆسەكشن (Liposuction لەژێر بەنجی خۆجێیدا هەنگاوێكی تری چارەسەركردنە.
3- لابردنی گرێی چەوری بە نەشتەرگەری.

 

زۆرترین بینراو