گوتەبێژی حكوومەت: هیچ هاووڵاتییەكی هەرێم تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە

گوتەبێژی حكوومەت: هیچ هاووڵاتییەكی هەرێم تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، تایبەت بە رێوشوێنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆبوونەوەدایە و گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، لە لێدوانێكیدا بۆ مێدیاكان، رایگەیاند، كە تا ئێستا هیچ هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان تووشی ئەو نەخۆشییە نەبووە.

دكتۆر جووتیار عادل، لە پرێسكۆنفرانسێكدا، بە مێدیاكانی راگەیاند، ئەوان وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوامن لە رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بە پێی بەدواداچوونەكانی وەزارەتی تەندرووستیی هەرێم، تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی ئەو جۆرە نەخۆشییە تۆمار نەكراوە.

گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێم، جەختیشی لەوە كردەوە، كە لە دەروازە سنوورییەكاندا، رێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر، ئەویش لە پێناو پاراستنی ژیان و تەندروستیی هاووڵاتیانی كوردستان، كۆبوونەوەی ئەمڕۆش هەر بۆ ئەو مەبەستەیە، كە سەرۆكی حكوومەت لە نزیكەوە ئاگادارە و كار بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان دەكات.

ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیران بە بەشداریی چەند وەزیرێك و نوێنەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و نوێنەری دەزگاكانی راگەیاندن، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێوە دەچێت، كە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندارەكان و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دەكرێت.

زۆرترین بینراو