گوڵەكانی ماڵی چۆڵم

گوڵەكانی ماڵی چۆڵم

ئەژین فەهمی
2014-2019
لەو بازاڕە گەورەیەدا دالیا تاكە ژن بوو، جیا لەهەموو ژنێكی تر،‌ خاوەن دووكانێكی عەتر بێت. غەریب و ناوازەبوو، زۆرترین كڕیاری هەبوو و بۆنوبەرامەی پێدەفرۆشت... هەموو ئەو كەسانەی ڕوویان دەكردە دووكانەكەی، بۆ كڕینی شووشە عەترێكی بۆن خۆش، دەهاتن و نۆبەتیان دەگرت.
زۆربەی ڕۆژەكان ئەوها تێدەپەڕی و لەم جوانییە شاراوەیە تێدەفكرین و هەندێكیشیان بۆنی عەترەكەیان لەلا تایبەت بوو. بەڵام لەهەموویان زیاتر، دارای لاو بوو، كە هاموشۆی دالیای دەكرد و هەموو ڕۆژێك دەچوو بۆ ئەوەی زۆرترین عەتر بكڕێت و باشتر لە جوانییی ڕووخساری وردببێتەوە. ئەوەش جێی سەرنجی هەمووان بوو. بۆنی عەتر بەناو هەموو بازاڕدا بڵاو ببوەوە، دارا هەموو شووشەكانی هەڵگرتبوو و هەستەكانی دەیانبردە لای خەیاڵێكی هەستبزوێن بۆ دالیا، بەڵام ڕاینەگەیاندبوو، تەنیا نیگاكانی ئاماژە بوون بۆ پێوەندییەكی نوێ‌، ئەگەرچی دالیا چاوێكیشی نابینا بوو.
جارجارە، كە دووكانی جێدەهێشت و دەهاتە نێو بازاڕەوە، هەمووان سەیریان دەكرد و بەیەكیان دەوت: ئەها سەیربكە كچە عەترفرۆشەكە بەدەركەوتەوە... دەبینرا قژەخاوە ئاڵۆسكاوەكەی تێكەڵ بەبا بووە، بەسەر شانوملیدا شۆڕ بووەتەوە و‌ با‌ دەیشنێنێتەوە‌، جوانتر و جوانتری كردبوو، لەو دەمانەدا دارا لەدوورەوە نیگاكانی بۆ داچۆڕاندبووە سەما و غەریبیی، دەیویست لەنزیكەوە بۆنی بكات, ئەمە و چەندان خەیاڵی تر. ئەوجارەیان هاتنی دارا جیاوازتر بوو، لە هەستی خۆی دڵنیا بووەوە و بۆی دركاند، كە چیتر بەرگەی دیلكردنی ئەو هەستەی نییە، كە بە دڵ و گیان دالیای دەوێت. ئەویش بەچاوێك تەنیا نیگای دەكرد و هیچی نەدەوت.
*سەردەمێك پێش ئێستا، من و دالیا هاوپۆل و نزیكترین هاوڕێ‌ بووین, ئەو لەخۆشەویستیی دابوو لەگەڵ هاوپۆلێكمان، چەند نامەیەك لەنێوانیاندا هەبوو، هەر دوای ئەوەی بەكۆتاش هات، كاتەكان ئەستەم تێپەڕین و نامەكانیش بەكۆتا هاتن، بەڵام لە دوایین نامەی گەیەندراودا، كە بۆی خوێندوومەتەوە، خەمەكانی لەو دوانامەیەدا جێكردبووەوە: من لەو پێوەندییە بێكەڵكە هیچ سوودێكم نەدیت، تەنیا دواكەوتن لە وانەكانم وگریانی زۆر نەبێت، ئەوا چاوێكم خەریكە لێڵایی دێنێت و سەختە‌ دنیای پێ نەبینم, بەڵام ئیتر بەڵێن بەخۆم دەدەم نەگریم. داوای هاتنەوەشت ناكەم، ئەگەرچی بیریشت بكەم، دەزانم، كە ناتەوێت بمێنیتەوە، ئەوەی لەدەستچووە ناتوانی بیگەڕێنییتەوە، نامە هاتووە كۆنەكانیشم فڕێ‌ داون، كە تێیدا خۆشتدەویستم، كە تێیدا هەموو شتێكت بەبێ پشوو بۆ دەنووسیم.. منیش هەموو هەستێكم لەلات بوو، كە بۆ تۆم دەنووسی: كە هەموو شتێكی تۆم خۆشدەوێت, ئازارەكانیشتم گەرەكە. بەڵام ئێستا، ئاوڕ لە هیچی تۆ نادەمەوە و گوێ‌ لە گۆرانییەكانیش ناگرم، تازە ئیتر نامەی تر ناگەن.
كاتێك كەسێكت لێ دوور دەكەوێتەوە و دەشبینیت سەرباری ئەو هەموو یادەی لەگەڵت هەیە، كەچی نامۆیە و وەك جاران هەستی پێناكەیت.
*
هەم دیسان دارا سەردانی دالیا دەكات و هەستی خۆی پێڕادەگەیەنێت: "بەڵێنت پێدەدەم لەخۆمت ڕازیی بكەم و خولیا ناسكەكانت بۆ بێنمە دی، كە لەوە دەچێت هاوتابن لەگەڵ حەزەكانم بۆ ژیان لەگەڵت. باوەڕ بكە خۆشمدەوێیت، من دەمەوێ‌ هەموو ڕۆژ لە ماڵەكەی خۆمان تۆ ببینم تا هەموو بەدیینەهێنراوەكانت بۆ بەدی بهێنم، لە بەرانبەرمدا دابنیشیت و چیرۆكە تەواونەكراوەكانت بۆ بخوێنمەوە، بەسەیركردنەكانت تەواوی ڕۆژەكەمان جوان بكەی، شەوانەش تا درەنگانێك لەباوەشی بەختەوەرییدا بین و باسی وەرزەكان بكەین. دەی تۆ چی دەڵێیت: ڕازییت بە هەڵبژاردنم لەو ماڵە؟ ئاشكرایە ئەو هەموو سۆزە بەچاوانتەوە دیارە و ناتوانیت بیشاریتەوە، من دەمەوێت بگەم بە خولیاكانم، ئامادەم لەگەڵت بم، خەمەكانیشت لەكۆڵ بگرم و بەردەوامبم لەگەڵت.
*
ئیدی زۆری نەبرد و پێوەندییان گەیشت بەوەی بەیەكەوە لەماڵێكدا بژین، بە بەختەوەریی؛ تەواونەكراوەكانیان تەواو كرد و هەموو ڕۆژەكان شادمانیی، خەنین و خەندان دەڕۆیشت. دارا هەمیشە دەیگوت: هاوسەرە جوانە عەترفرۆشەكەم، بۆهەمیشە لێم نزیك بە و دوور مەكەوە، هەمیشە وەك خۆت بە، ئێستا هەموو شتێك ڕاستییە. ژیان لەگەڵ بۆنی عەتر جوانترینە.
ئەوەتا تۆ هەموو ڕۆژێك دەرگە دەخەیتە سەرپشت و عەتر دەپڕژێنیت، منیش شەوانە گۆرانییت بۆ دەڵێم تا خەو دەتباتەوە, دانە بەدانەی چیرۆكەكانت بۆ دەخوێنمەوە تا دەچیتە باوەشی خەوەوە.
بەڵام ئازیزم، من ئێستا سەرگەردان ماومەتەوە, دەمەوێت ماوەیەك دوور لە هەموو شتێك بم, ئەی نەتبینی بەبەرچاومانەوە كتێبخانەكەمان سووتا و تەنیا چەند دانەیەك لەو كتێبانە ماونەتە‌وە, ئیتر دەمەوێت گڕوتینێك، وزەیەك بەخۆم بدەمەوە، ئاخر هێشتا هاواری وشەكانیان و سووتانیان، لەناو سەرمدا دەزرنگێنەوە و پێمدا هەڵدەشاخێن، كەچی هەتا ئێستا هۆكارەكەیم نەزانیوە. بەڵام ئازیزی دڵم، چاوەڕێم بە، زۆرم پێناچێت. دەڕۆم گەشتێكی تەنیاییی دەكەم تا دەروونم ئارام دەبێتەوە, تۆش ڕێگەم بدە بڕۆم، هەرچەندە زۆری تێنەپەڕیوە بەسەر هاوسەرگرییمان, بەڵێن بێت دێمەوە.
بەیانیەكی زوو، دالیا بەتەنیا لە جێگەكەی دامابووەوە و توانای هاتتە دەرەوەی نەبوو، حەزكردنی بە لادانی پەردەی ژوورەكەش نەیجووڵاند، بەڵام ئەو بەیانییە جیاواز بوو لە هەموو بەیانیەكانی تر، نە تاقەتی نانی بەیانیی هەبوو، نە گوێگرتن لە ئاوازە جیاوازەكان، چوو بۆ ژوورە سووتاوەكە، بۆنی سووتماكێكی ناخۆشی لێدەهات، ئەوجارە چووە ژوورەكانی تر و سەرێكی لە باخەكەی حەوشەدا و گوڵەكان وشك بووبوون. تا دوای نیوەڕۆ لەماڵ مایەوە و تەنیا ئەوەی خواردی چەند پارچەیەك لە كولێرەی دوێنێ‌ ئێوارە و كەمێك شیری سەرتەباغ بوو، كە دارا بەر لە ڕۆیشتنی لەگەڵ چەند لەتێك میوە، ئامادەی كردبوو. دواتر بەبێ‌ تاقەتیی و شڕوشێواویی بەرەو بازاڕ، بەرەو دووكانەكەی كەوتەڕێ‌، سەری عەترەكانی لادا و بە دڵتووندیی عەتری دەپڕژاند، هەندێك لە كڕیارەكانیشی بەرەو دووكان وەجووڵە خست.
دالیا ئێوارە درەنگ دەگەڕێتەوە ماڵەوە, تۆی خوێنەر لەوێ نیت ئەگەر نا بە ئاشكرا هەست بەوە دەكر‌ێت، كە نەك دالیا، ماڵیش كەوتووەتە غەریبیی دارا.
*
ماوەیەك تێپەڕی، من وەك هاوڕێیەكی كۆن چوومە سەردانی دالیا و میوانداریی كردم، باسی یادەكان، كاتی خوێندنمان و بێتاقەتیی خۆی بۆ كردم: ئێستاكە بێتاقەتیی دارام, لای منی چۆڵ كردووە, ژەمەكان درەنگ تێدەپەڕن, بیری ئەو پەتاتە كوڵاوە دەكەم، كە هەڵمان دەكۆڵی و گۆشتی وردكراومان دەخستە ناوی، بە بەهاراتەوە چێژێكی زۆری هەبوو. نازانم تاقەتی خوێندنەوەشم نییە بە تاقە چاوێك. بەڵام ئەوانە تێدەپەڕن، داراش پێی وتووم، كە زوو دەگەڕێتەوە و زۆر لەمەراقا جێم ناهێڵێت.
هاوڕێ‌ گیان سپاس بۆ هاتنت، بێتاقەتیمت ڕەواندەوە. هەركاتێك قسە لەگەڵ دارا بكەم، غەمگینیی خۆمی پێشان نادەم، نەوەك داراش لەوێ‌ خەفەت بۆ دڵتەنگیییەكانم بخوات, بەڵام هەستیشم پێدەكات.
.......
من باسی خەمی لەدەستدانی ئەو چاوەم بۆدارا كردووە، ماڵە باوانیشی بەوە قایل نەبوون، بەڵام لەئێستادا دێن بۆ دیدەنیم، پەرۆشن و خێزانێكین..
هەر لە قسەكانی بەردەوام بوو، منیش گوێم بۆ گرتبوو: دەزانی خۆشویستنی كەسێك لە تەمەنێكی زوودا، كە دەرك تەنیا بە حەزەكانت دەكەی، ئەگەر ئەو كەسە بێباكانە جێی هێشتبیت، وا هەست دەكەی ئیتر پارچەپارچه بوویت و چاك نابیتەوە, بۆ ئەوەی بتوانیت دیسانەوە دەست پێبكەیتەوە، دەبێت‌ تەواو خۆت ڕابماڵیت لە كەسی پێشتر و هەموو شتێكی ‌بیرخۆت بەریتەوە.
ئێستا دارا لێرە نییە، لەبری ئەو زوو زوو گوڵەكانی حەوشەكەمان ئاو دەدەم تاوەكو چیتر وشك نەهێنن و واهەست بكەم ئەویش لێرەیە، كەچی تەنیای تەنیا پیاسە بەنێو باخدا دەكەم. هەتا ئەو دێتەوە لەو ماڵە چۆڵەمدا، گوڵی نوێ‌ دەڕوێنم, خۆم جوان دەكەم و بەدیار چاوەڕوانیییەوە بێباك ماتە لە گەڕانەوەی دەگرم: با ڕووناكاییی چاوەكەی دیكەشم بەدوایەوە بچێت!

زۆرترین بینراو