گۆڕانكارییەكانی رەخنەی ئەدەبیی فێمینیستی

تیشكە

پێشەكی وەرگێڕ
پووختەیەك لە تێروانین و تیۆری ئەدەبی بۆخوێندنەوەی دەقە ئەدەبییەكان لە ڕوانگەی فێمینستی قەدەرعەیامێكی زۆربوو خەیاڵی منی دایگر كردبوو، بۆیە دووەم ساڵی خوێندم لە زانكۆی ئۆپسالای سوید هاوتەریب لەگەڵ خوێندنی تیۆری ئەدەبی دەستمكرد بەخوێندنی (جێندەر ستەدیس). لایەنێكی گرنگی تیۆری فێمینستی بۆ من سیستەمی جێندەر بوو لەناو زمان و ئەدەبیاتدا، هاوكات كۆدەكانی زمان و دەق لەناو دوانەدژبەیەكەكانی(باینێری ئۆپۆزشن) بیركردنەوە و زمان كە دووتیۆری دژبەیەكن و فكر و فەلسەفەی رۆژئاوای لەسەر دارێژراوە و (ژنایەتی) و (پیاوەتی)ن لەناو كۆنتێكستێكی ئەدەبیدا ئەم سیستمە دوانە دژ بە یەكییە بەرهەمی هێناوە. بۆ ئەوەی بتوانم دەقەكان لە روانگەیەكی رەخنەی ئەدەبی فێمینیستییەوە شرۆڤە بكەم پێویستم بە ‌دوانەی دژبەیەكی سترەكچەری بیركرنەوە و زمان هەبوو، بۆیە بۆ لێكۆڵینەوەی بەكەلۆریسەكەم كە بریتیبوو لە‌ شرۆڤەكردنی یەكێك لە رۆمانەكانی (ماریا گریپێ)ی سویدی بەناوی (سێبەری سەر كورسییە بەردینەكە) كە خوێندنەوەیەكی نزیكی دەقی فێمینستیم بۆ كرد بوو كەڵكێكی زۆرم لە تیۆرییەكانی جێندەرسیستێم و دوانەی دژبەیەكی فكر و زمان وەرگرتبوو. بەهەمان شێوە بۆ لێكۆڵینەوەكەی ماستەرم كە لەسەر چوار رۆمانی كوردی بوو (بەختار عەلی و عەتای نەهایی) خوێندنەوەیەكی نزیكدەقی فێمینستیم كردوە و كەڵكم لە جێندەر سیستێم و دوانەی دژبەیەكی فكر و زمان وەرگرتووە. لەرێگەی رەخنەی ئەدەبی فێمینستی دەتوانین بگەرێین بەدوای شوناسی ژن و پیاو لەناو دەقگەلەكاندا، بەتایبەت لەناو دەقگەلی بەكانوونكراوی پیاواندا، ئەم جۆرە خوێندنەوەیە تیشك دەخاتە سەر تێگەیشتنی باو لەسەر ژنێتی و پیاوەتی. رەخنەی ئەدەبی فێمینستی جۆرێك لە لێكدانەوەی دەقە كە بناغەیەكی باشە بۆ لێكدانەوەی دەقەكان لە روانگەی كۆمەڵایەتی و كولتوری، دەروونناسی و زمانەوانەوانی. رەخنەی ئەدەبی فێمینستی ئیش لەسەر تێكشكاندنی نۆرم و كۆدەكانی باوی جۆری (ژنایەتی) و (پیاوەتی) دەكات. بەشێكی تری رەخنەی ئەدەبی فێمینیستی گرنگی دانە بە دەقگەلی ژنان، لە رێگەی شیكاری و لێكدانەوەی ئەم دەقگەلە هەوڵدەدرێت بەكانوونكراوبوونی دەقگەلی پیاوان جێگایان پێلەق بكرێت و خوێندنەوە بۆ تێكستەكانی ژنان بكرێت و دنەی جۆرێكی تر لە نرخاندنی ئەدەبی بدرێت و لەپەراوێزخراوەكان بگوێزرێنەوە سەنتەر. لەم دەقەی خوارەوە كە لەسەرەتادا هەوڵێكە بۆ وەرگێرانی دەقێكی ئەكادیمی لە بواری ڕەخنەی ئەدەبی فێمینیستیدا و هەوڵمداوە تا ئاستی گەنجاو بتوانم ووتارەكە بۆ زمانێكی پاراوی كوردی وەربگێڕم، بەڵام وەك خویایە زمانی كوردی بەداخەوە بەهۆی ستاندارنەبوونی و هەبوونی كێشەی چەمك و تیۆری مەجبوور بووم لە هەندێك شوێندا، كۆمەڵێك چەمك وەك خۆی كە نوسەرەكەش رەچاویكردووە بە زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی بەكار بهێنمەوە.
گۆڕانكارییەكانی ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیستی
گوتارێك لە كتێبی (ڕەخنەی ئەدەبی سەرەتایەك- 2002)
لیسبێت لارسۆن- وەرگێڕان لە سویدییەوە: تیشكە مەرەسەنە
كەیت میلێت لە پێشەكی كتێبەكەی (سیاسەتی سێكسوال (1969) نوسیبووی "من ئیشم لەسەر ئەو پێشفەڕزە كردووە كە دەبێت فەزایەك هەبێت بۆ ڕەخنەیەك كە حیساب لەسەر لایەنی كولتوری و شوێنی لەدایكبوون و نووسینی ئەدەبیات دەكات".
نامەی دكتۆراكەی كەیت میلێت كە لەسەر تیۆری ئەدەبیات بوو لە نەو‌عی خۆیدا شتێكی تازە بوو. تەنێ لەبەر ئەوەی نا كە به ئاگاییەوە باس لە ئەو نامێژووبوون و سەربەخۆیی دەقی ئیدیال‌ دەكات كە زاڵبووە بەسەر ئەو بوارەدا لە سەردەمی دوای شەڕدا، بەڵكو لە پێش هەموو شتێكەوە لەبەر ڕوانگەی سیاسیی جنسیی ئەو و لەبەر وزەی لەڕادەبەدەری ئەو كە لە دەقە زانستییەكەیدا دەریبڕیووە.
‌‌لە (سیاسەتی سێكسوال) میلێت بە وردییەكی لە ڕادەبەدەروە تاوتوێی ئەوەی كردبوو كه لەناو ئەو سازییە ئەدەبییەی كە هەیه چۆن‌ بەشێكی زۆر لە نووسەرە پیاوە بەرزنرخێندراوەكان باسیان لە ژن و سێكسوالیتێت كردوە. زۆر كەس نامەی دوكتۆراكەی میلێتیان وەك هێرشی لە پێشەوەكراو نه تەنیا بۆ سەر ئەو كانوونیبوونی ئەدەبییە و ئەو ئەنجومەنی زانستیەی كە هەیە دەدیت، بەڵكو هەروەها وەك دەربڕینێك یان هەڵوێستەیەكی ئاشكرای سیاسیشیان دەبینی. میلێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەو ئیدیالە زانستییە زاڵانە پچراندبوو، ئەوەش بە جەختكردن لەسەر ئەوەی لە ناو تێكستەكاندا چی دەگوترێت تا ئەوەی چۆن دەگوترێت، لە رێگای دووبارە دروستكردنەوەی‌ پەیوەندی لە نێوان ژیان و شێعردا كە لە تیۆریی‌ ئەدەبیی باو و جێگرتوودا‌ پچڕابوو. بەڵام ئەوەی میلێت لەپێش هەموو شتێكەوە كردبووی ئەوە بوو كە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئیدیالی مەوداگرتوو، ناشەخسی و بەئۆبجێكتراوی زانستی پچڕاند، میلێت ئەوەشی لە ڕێگای دەربڕینی ئازادانەی سەرسامی و ئازارەكانی خۆی بەڕێوە برد. ‌نامەی دكتۆراكەی كەیت میلێت دەروازەیەكە بۆ چوونە ناو لێۆڵینەوەی ئەدەبیی فێمینیستی. ئەم بەرهەمە هەتا ئێستاش لە چەشنی خۆیدا شتێكی شاز و دانسقەیە و ڕوانگەی ڕەخنەی كولتوری و هۆگریی بە‌سنووربەزاندنی زانستییانە بەیەكەوە گرێ دەدات.
‌بەمجۆرە ئەم بەرهەمە بوارێكی لیكۆڵینەوە نوێنەرایەتی دەكات، بوارێك كە سەرەڕای مێژووی كورتی خۆی گەشەكردنێكی بەربڵاو و پڕ ناوەرۆكی بەخۆوە بینیووە. ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیستی كە من ئەو ناوەم بۆ ئەو بوارە راستەوخۆ لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە، لەوێدا چەمكی “ڕەخنە" كە مانایەكی بەرفراوانتری هەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەو مانا باوەی كە لە زمانی سویدیدا هەیەتی، بەتایبەت ئەگەر مرۆڤ بەرفراوانبوونەكە لە ڕوانگەیەكی نێونەتەوەییەوە تەماشا بكات دەزانێت كە یەكێك لە بەشە هەرە گرنگەكانی تیۆری ئەەبی لەو دەیانەی دواییدا ڕەخنە بووە. ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیستی بەهۆی پێناسەكردنەوە بەردەوامەكانی خۆی و لە ڕەخنە بنەرەتییە ئاراستەكاروەكانیدا بە زۆر شێوەی جیاواز سازكردنی تیۆری ئەدەبی بەرەو پێشوە بردووە. ‌
هاوكات ئەو لێكۆڵینەوە دیاریكراوانەی كە لەسەر دەق و نووسەر كراون سەركەوتنێكی بەرچاویان بەدەستهێناوە. نامەگەلی دكتۆرا، لێكۆڵینەوە و بەتایبەتی ئەو بەرهەمانەی كە لەسەر مێژوویی ئەدەبیات بە مۆركی فێمینیستیەوە نووسراون بە بەردەوامی سەرنجراكێش بوون‌، نەك تەنیا لە ئاستی ئەكادیمیدا بەڵكو بەڕادەیەكی زۆر لە دەرەوەی دنیای ئەكادیمیش سەرنجیان راكێشاوە.‌زاراوەی (ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیستی) لە حەفتاكاندا جێگای خۆی دا بە (لێكۆڵینەوەی ئەدەبیاتی ژنان)، كە ئەویش بە نۆرەی خۆی لە كۆتایی هەشتاكاندا جێگای خۆی دا بە (لێكۆڵینەوەی جێندەر). ئەم جێگۆڕكێ زاراوەییانە و‌ ئەو گۆڕانكارییە رادیكاڵ و تیۆریانە كە لەو مەیدانەدا كراون، نیشان دەدات. لێكۆڵینەوەی ئەدەبیاتی ژنان كە هەر بە ناوەكەی ڕا دیارە كە جەختی لەسەر ئەدەبیاتێك دەكرد كە ژنان نووسیویانە و لە ڕوانگەی جیاوازەوە هەڵسەنگێندراوە.
بەڵام لە (لێكۆڵینەوەی جێندەر)دا زیاتر فۆكۆس دەخرێتە سەر چۆنییەتی دروستبوونی جنس و شوناسی جنسی بەهۆی گوتاری زمانی و كولتوری.‌میتۆدی كەیت میلێت ڕەخنەی ئایدۆلۆژییانە بوو. ئەو حەزی دەكرد ئەو ئایدۆلۆژیایانە بەرچاو بخات و حاڵی بێت لەو تێگەیشتنە ناراست و درۆزنانەی كە دەربارەی ژنان و سێكسوالیتێت لە ئارادا بوون، كە لەلایەن نووسەرانی پیاوەوە نووسرابوون، نووسەرانێك كە ڕەخنەی ئەدەبیی و مێژووی ئەدەبی خستوونیەتە ناوەند. بچووكترین ژێری هاوبەش لەم بوارەشدا سەرەڕای هەبوونی گۆڕانكارییەكان بریتی بووە لە ڕەخنەگرتن لەو‌ ڕێكەوتنە زاڵانەی كە لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی سێكس بەگشتی و مەسەلەی ژنییەتی بەتایبەتی لە دەقەكاندا دەردەبڕدرێن و دەئافرێندرێن. لەوێدایە كە ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیستی میلێت قورساییەكی زۆری خستە سەر ڕەخنەكردنی سێكسیسم لە كۆمەڵگای سەردەم دا و لە دەقی نووسەرانی پیاودا. بەرهەمێكی دیكەی سونەتی لەو بارەوە كتێبەكەی مەری ئێلمان ە بەناوی بیركردنەوە دەربارەی ژنان Thinking About Women (1968)، ما‌ری ئێلمان لەو كتێبەیدا چۆنیەتی تێكچڕژاوی كولتوری ئێمەی نیشان دابوو كە لە ڕێگای بیركردنەوە لە پێوانە سێكسوالییەكاندایە و هاوكات باسی لە نالۆجیكبوون و نائاساییبوونی ئەو شێوە بیركردنەوەیە كردبوو. ئێلمان بەگاڵتەجارییەوە باسی ئەو ستێریۆتیپانە دەكات كە تا ڕادەیەكی زۆر نووسەرانی پیاو و رەخنەگران سەبارەت بە ژنان نووسیوویانە و دەینووسن. ئەو ستێریۆتیپانە بریتین لە بێفۆڕمی، پاسیڤیزم، ناسەقامگیری، سنوورداری، شێوەداری، ماتریالیزم، روحانیبوون، ناعەقڵانییەت و وەپشتگوێخراو. شتێك كە دواجار بەتایبەتی دەتوانرێت باسی لێ بكرێ وێنەی ئەو سێحربازە لەچارە نەهاتووەی كە لە نوسینی پیاوان و ڕەخنەكانیاندا بەرجەستە كراوە لە ژنان.
‌تایبەتمەندی ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیستی لە قۆناغی دەستپێكیدا بریتی بوو لە خوێندنەوەی گومانئامێز و نارەفیقانەی ئەدەبیات و ڕەخنەی ئەدەبی باو. مەبەستی ئەم جۆرە ڕەخنەیە بریتی بوو لە لەهەڵادانی دەقگەلی باو و خۆپاراستن لەم دەقانە. لە كتێبی خوێندنەوەی بەرهەڵستكار The Resisting Reader(1978)جۆدیس فیتێرلی كاریكی زۆری كردبوو لەسەر ئەو پرۆگڕامەی كە نابێ تەنیا هاوبیری لەگەڵ ئەو تێكستانە دابكرێت كە هی پیاوان و تێكستی بەرجەستە و بەناوەندكراون، بەڵكو دەبێ دژخوێندنەوەش هەبێت، واتا هەوبیرنەبوون لەگەڵ ئەو جیهانەی كە دەقەكان بەرجەستەی دەكەن. بەگوتەی فیتێرلی ئەو تێكستانە خوێنەری ژن مەجبوور كە "لەو ئەزموونانەدا بەشداری بكات كە ژن خۆی به ‌ئاشكرا نیەتی و لێی بێبەشە."‌ ڕەخنەگرتن لەو وێنانەی ژن كە ئەقڵیەتی نوسەرانی پیاو سازی كردوون. ڕەوتێك كە به ‌"دیمەنی ڕەخنەی ژنانە" ناوزەدكرا، بوو بە دەستماییە‌كی سنووردار لە ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیستیدا. هەر زۆر خێرا هۆگریی ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیستی دەچێتە سەر نووسەرانی ژن. مرۆڤ پرسیاری لە خۆی دەكرد تۆ بڵێی نوسەرانێكی ژن هەبن و ئەگەر هەن بۆ نەهاتوونەتە ناو ئەو مێژووی ئەدەبیاتانەی كە نووسراوون؟ ئایا ژنان ئەوەندە خراپیان نووسیوە كە بۆتە هۆكاری ناونەهاتنیان لە مێژووی ئەدەبیدا؟ یان بە شێوەیەكی جیاواز نووسیوویانە؟ تۆ بڵێی نۆرمە كولتورییەكانمان و پێوەرەكانمان بووبێتنە هۆكاری نەبینینی ئەو دەقانە و بەمانایەكی مێتافۆری بوونە هۆكاری ئەوەی ئەم دەقانە شیاوی خوێندنەوە و لێتێگەیشتن نەبن؟ ئەو پرسیارانە بوونە هۆی كرانەوەی بوارێكی لێكۆڵینەوەی تەواو نوێ و بەنرخ لە تیۆری ئەدەبیدا.
لە زنجیرە لێكۆڵینەوەیەك لەو بوارەدا كۆمەڵێك نوسەری ژن كە پێشتر ناسراو بوون هەڵسەنگێندرانەوە و لێكۆڵینەوەی تازەیان لەسەر كرا، نوسەرە لە بیركراوەكان هێندرانە بەر باس و تواناییان پێ بەخشرایەوە. مرۆڤ دەستی كرد بە گەڕان بەدوای ترادیسۆنی ئەدەبی ژنان، بۆ ئەو مەبەستەش ڕەخنەگری وەك ئێلێن مۆرس لە كتێبی ژنانی ئەدیب Literary Women (1976) باسی لەو ترادیسۆنە كردبوو و پاشان ئێلین شواڵتێر لە كتێبی ئەدەبیاتی خۆیان A Literature of Their Own (1977 ) هەمان كاری كردبوو. مرۆڤ لێكۆڵینەوەی لەسەر گێڕانەوه و‌ تایبەتمەندییە ژنایەتییەكان كردبوو. بە بۆچوونی شواڵتێر و مۆرس ترادیسۆنێكی دیكە هەبووە كە جیاوازە لەو ترادیسۆنە پیاوانە كە لە مێژووی ئەدەبی باودا نیشاندراوە، ترادیسۆنێك كە تێیدا نووسەرانی ژن "بەردەوامییەكی خیاڵیان" پێكهێناوەو كە تێیدا ئۆلگو، تێما و كێشەكان نەوە بەدوای نەوەدا، بەردەوام دووبارە دەبوونەوە( شواڵتێر،1977).‌ ئێلین شواڵتێر‌ دەورێكی سەرەكی هەیە لە نیشاندانی ئەو دەستمایە زۆرەی لە ناو ئەدەبیاتی ئەنگلۆساكسی ژناندا هەیە.
شواڵتێر لە كتێبی ئەدەبیاتی خۆیان (A Literature of Their Own (1977) دا خوێندنەوەیەكی ڕەسەن و بەگشتی بەرەوپێشچووی لە مێژووی ئەدەبی ژناندا هەبووە. شواڵتێر مێژووی ئەدەبی ژنانی بەسەر سێ قۆناغدا دابەش كردبوو، كە بریتین: یەكەم: "ژنایەتی" (feminine )، دووهەم: ”فێمینیستی" ( Feminist ) و سێهەم: ”ژنێتی" (female)، شواڵتێر دەیهەوێت نیشانبدات كە چۆن ژنان خۆیان بە شێوەیەكی كەم یا زۆر ڕەسەن دەربڕیوە. لە قۆناغی یەكەمدا واتا ژنایەتیدا نووسەرانی ژن لەژێر كارتێكەری گێڕانەوەكانی نوسەرانی پیاودا بوون و لاسای ئەوانیان دەكردەوە. بەڵام نوسەرانی ژن گێڕانەوەی خۆیان لە قۆناغی دووەم، واتا";فێمینیستی"دا لە ڕێگای دژایەتیكردن و شۆڕشكردن دژی پیاوان شێوەگیر كردووە. قۆنا‌غی سێهەم كە شواڵتێر بە "ژنێتی" (female ) ناوی دەبات سەرەتایەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نێوان جەنگی جیهانی یەكەم و دووهەم. ئا لەوێدایە كە ژنان بە بۆچوونی شواڵتێر ئازادن بۆ خۆدۆزینەوە و بۆ گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆیان. ‌لەهەمانكاتدا لێكۆڵەرەوەی ئەدەبیاتی ژنان بۆ نموونە شواڵتێر و مۆرس باسیان لەوە دەكرد كە بەسەرهاتی ژنان لە كولتوردا بەزۆر شێوەی جیاواز بێدەنگكرابوو و توان و دەستبەری و هەلومەرجی ژنان بۆ (خۆد- دەربڕین) زۆر سنووردار كرابوو، سەرەڕای هەموو ئەوانەش ژنان جێگای باشیان لە لێكدانەوەی ئەدەبی و نوسینی مێژوودا گرتووە.
ساندرا گیلبێرت و سوسەن گیوبار لە كتێبی "ژنە شێتەكەی ناو هەورەبانەكە” ((The Madwoman in the Attic(1979)دا تیۆرییەكی جوانیناسییان فۆرمۆلە كرد كە لەوێدا گرنگیەكی زۆریان دابوو بە جێگا و شوێنی ژنان كە بەشێوەیەكی كۆمەڵایەتی و كولتوری ژێردەستەن. لە كۆمەڵگایەكدا كە لە بنەڕەتەوە نكۆڵی لە هەبوونی ژن دەكات، چ وەك تاك چ وەك نوسەر، دەبێ بەسەرهاتی ئەوان هەمیشە دوولایەنە بێت، بەواتایەكی تر دەبێ هەم لایەنی مرۆڤایەتی هەم لایەنی ژن بوون تێیدا ڕەنگبداتەوە. ‌
گیلبێرت و گیوبار بۆ ئەوەی تایبەتمەندی دەقی ژنان دەستنیشان بكەن چەمكێك بە ناوی پالیمپسێست (Palimpsest) بەكار دێنن. ‌گیلبێرت و گیوبار لەو باوەڕە دابوون كە دەقی ژنان دروست هەروەك پالیمپسێست بریتییە: لە دوو توێژاڵ، كە تێیدا دەقی ژێرەوەی یان دەقی سەرەكی داپۆشراوە و كەوتۆتە ژێر نووسراوەیەكی تر. لە گێڕانەوەی دەقی ژناندا كە تەواو لەبەردەستدان و خۆیان لەگەڵ نۆرمە كولتورییەكان رێكخستووە بەردەوام تێكستێكی تر لەودیو نۆرمەكان هەیە كە سەربزۆزانەیە.
هەرچەند ئەم توێژاڵە شاراوەیە بەڵام دەتوانێت هەرچۆنێك بێت هەستی پێ بكرێت. گیلبێرت و گیوبار بۆ بەهێزكردنی ئەو تێزەی خۆیان كە لەسەرەوە ئاماژەی پێكرا نموونەیەكی پڕ بە پێست دێننەوە، نموونەی بەرجەستەی ئەوان بریتییە لە " ژنە شێتەكەی ناو هەورەبانەكە” The Madwoman in the Attic كە لە ڕۆمانەكەی جەین ئێر ی شارلۆت برۆنتێ- وەرگیراوە، دیارە ناوی كتێبەكەشیان هەر لەو ڕۆمانە وەرگرتووە. لەو ڕۆمانەدا پیاوەكە ژنە شێتەكەی خۆی (خودی ژێرینی جین)ی لە هەورەبانەكە شاردۆتەوە، بەڵام ئەو ژنە شێتە بە قیژەیەكی لەناكاو كە بە هەموو ژوورەكەدا بڵاو دەبێتەوە هەستی جین و پیاوەكە تێكدەدات. بە باوەڕی گیلبێرت و گیوبار هەروەك لەو ڕۆمانەدا دیارە هەمیشە ژنێكی شێتی تووڕەی سەربزێوی شاراوە لە تێكستی ژناندا هەیە، كە قیژەكەی هەر وەك قیژەی ژنە شێتەكەی رۆمانی برۆنتێ جارجار دەبیسترێ. ئەوە ئەركی ئەدەبیاتناسی فێمینیستە كە گوێی لێبگرێ و ئەو دەقانە لێكداتەوە كە ئەم گێڕانەوانە لە خۆ دەگرێت. ‌بەبەراورد لەگەڵ دەقی پیاوان دەقی ژنان بەردەوام بە هۆگری و هەستیاری دەخوێندرانەوە. ئێلین شواڵتێر لە وتارێكیدا بەناوی “ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیستی لە زەویی بەیار" (1981) دا‌ لە كتێبی تیئۆری ڕەخنەی مۆدێرن(1991) دا بۆ ئەو شێوە خوێندنەوەیە چەمكێكی تایبەتی دانا بەناوی “ڕەخنەی جێندەری” (gynokritik). كاری ئەو چەمكە تازەیە بەگوتەی شواڵتێر ئەوەیە كە بەدوای دەربڕین یان گێڕانەوەی ژنانەدا‌ بگەڕێت.
‌هەرچی دەگەڕێتەوە سەرچەمكی ڕەخنەی ئەدەبیی فێمینیسستی، شواڵتێر حەزیدەكرد كە بۆ خوێندنەوەی دەقی پیاوان بەكاری بێنێت، خوێندنەوەیەك كە باس لە شوێن و ئەو زوڵمە بكات كە لە ژنان دەكرێ لەناو دەقی پیاواندا. لە هەمان وتاردا شواڵتێر مۆدێلێكی پێشخست كە بە هاوكاری ئەو‌ مۆدێلە بەدوای پاساوێك یان هۆیەك دەگەڕا بۆ دوو‌مانایی دەقی ژنان لە كولتوردا. بۆ ئەوە شواڵتێر كەڵكی لە مۆدێلی خەڵكناسی یان مرۆڤناسی (Social anthropology ) ئێدوین ئاردینێر (Edwin Ardener) وەرگرتبوو. لەو مۆدێلەدا دەبینرێت كە چۆن دوو كولتوری هاوكات بەسەریەكدا هەن، یەكیان كولتوری سەردەست یان زاڵ و‌ ئەویتریان كولتوری ژڕدەستە وئەو‌ دوو كولتورە بەردەوام یەكتر تەواو دەكەن. ئەو بازنەیەی كە ئاردینێر لە مۆدێلی خۆیدا كێشاویەتی سیمبۆلێكە بۆ ئەو كولتورە سەردەست و زاڵەی كە كولتورێكی پیاوانەیە.
‌بە گووتەی شواڵتێر، ئەو كولتورە زاڵە كولتوری ژێردەستەی كە لەو حاڵەتەدا بە كولتوری ژنان ناوزەد دەكرێ داگیركردووە و دایپۆشیووە. ئەو‌ كولتورە زاڵە بەم شێوەیە ڕێگا دەگرێت لە كولتوری ژێردەست و خۆ دەربڕینی ئەو كولتورە. ئەو دوو بازنە كولتورییە بەو ڕادەیە ئابستراكت و جێگرتوو نین، بۆیە دەبینرێت كە كولتوری ژێردەست تەواو شاراوە نییە و هەستی پێدەكرێت. له مۆدێلی بازنەیی شوالتێر و ئاردینێر تێبینی ئەوە دەكرێت كە شێوەیەك لە شێوەی نیوەمانگ لە دەرەوەی كولتوری پیاوان واتا كولتوری سەردەستدا هەیە، كولتورێك لە دەرەوەی كولتوردا، ئەو‌ كولتورەی كە ئاردینێر بە زەوی بەیار ناوی دەبات و شواڵتێر بە "وڵاتی هیچ كەس نا، شوێنێك كە پیاوان هەقیان نییە بچنە ناوی" و دەستیان پێناگات ناوزەد‌ی دەكات. هاوكات شواڵتێر ئاماژە بەوە دەكات كە هیچ نوسینێك لە دەرەوەی كولتوردا نییە. باس لەوە دەكات كە نوسینی ژنان بەردەوام خۆی لەناو كولتوردا و لە دەرەوەی كولتوردا دەبینێتەوە. ژنان هاوكات خۆیان لە دوو ترادیسیۆندا دەدیتەوە كە ئەوەش لە نووسینەكانیاندا ڕەنگدەدات.

 

زۆرترین بینراو