گۆڕانكارییەكان بەردەوام دەبن

گۆڕانكارییەكان بەردەوام دەبن

ڕائیب شێروانی- سۆران: سەوری عیسمەت عەبدال، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد :" ئێمە وەكو ئەنجوومەن چاودێری و بەدواداچوون بۆ پرۆژەكان دەكەین، بەتایبەتی ئەو پرۆژانەی وەكو پێویست كاریان لەسەر ناكرێت، وێنەیەك وەردەگرین و لە پارێزگادا بەدواداچوون بۆ دەكەین بۆ نموونە لەو چەند مانگەدا چەند پرۆژەیەكی سنووری سۆران لە پارێزگار ماونەتەوە لە رێگەی لیژنە پەیوەندیدارەكانی ئەنجوومەنەوە بەدواداچوونمان بۆ كردووە. دەشڵێ:" لە رابردوو چەندین گۆڕانكاری كراون، لە داهاتوودا گۆڕانكاریەكان بەردەوام دەبن، هەر شتێك لە بەرژەوەندی خەڵكدا بێت كابینەی نوێ دەكات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند:" پێشكەشكردنی كارو پرۆژەكان كاری حكوومەتە، ئێمە وەكو ئەنجوومەن چاودێری و بەدواداچوون بۆ پرۆژەكان دەكەین، ئەو كاروپرۆژانەی قایمقامەكان پێشكەش بە ئەنجوومەنەكان دەكەن، ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین، زۆر جار ئەو كاروپرۆژانەی وەكو پێویست كاریان لەسەر ناكرێت، ئێمە وێنەیەك وەردەگرین و لە پارێزگادا بەدواداچوون بۆ دەكەین، بۆ نموونە لەو چەند مانگەدا چەند پرۆژەیەكی سنووری سۆران لە پارێزگا ماونەتەوە لە رێگەی لیژنە پەیوەندیدارەكانی ئەنجوومەنەوە بەدواداچوون بۆ دەكەین، ئەنجوومەن لە 15 لیژنە پێك دێت، هەر لیژنەیەك تایبەتە بە بوارێكەوە لەو بوارەوە ئەو لیژنانە بە دواداچوون دەكەن.
سەوری عیسمەت، جەختی لەوەشكردەوە:" بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین، پێنج ساڵ پێش ئێستا بابەتێكی لەو شێوەیە پێشنیار كرا، كە سۆران وەكو شوێنەكانی دیكە ببێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ، بەڵام ئەگەر ئێمە تەماشای ناوەڕۆكی یاساكە بكەین، بەپێی یاسای ژمارە 3ی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هیچ شتێك لەناو ئەنجوومەن بەناوی ئیدارەی سەربەخۆ نیە، تەنیا یەك شت هەیە ئەویش شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە بۆ خوارەوە كە ئەوە یەك لە پێشنیارەكانی ئێمە بووە، لامەركەزیەت دروست بێت، دەسەڵات شۆڕبێتەوە لە وەزارەتەكانەوە بۆ پارێزگا، لەوێش بۆ قایمقام و ناحیەكان، دەسەڵاتی ئەوانە زیاتر بن.
سەوری عیسمەت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتیشی:" باشترین پرۆژە كە لە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێشكەش بە حكوومەت كراوە، پرۆژەی پاشەكەوتی مووچەخۆران لە ساڵانی 2015، 2016 و 2017، پێشنیارمان كرد كە ئاو، كارەبا، زەریبە ئەو باجانەی كە حكوومەت هەیە لە پاشەكەوت سوود وەربگیرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حكوومەت رەزامەندی لەسەر ئەو پرۆژەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نەداوە، ئەمە لە كاتێكدایە تەنیا پرۆژەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر نەبوو، بەڵكو پرۆژەی هەموو ئەنجوومەنەكان بوو، هەموو ئەنجوومەنەكان لە هەولێر كۆبوونەوە و پێكەوە ئەو پرۆژەیان پێشكەش بە حكوومەت كرد، كە باشترین پرۆژە بووە و زۆر لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بوو، هەر بۆیە پێویستە پەرلەمانی كوردستان ئەوە بكاتە پڕۆژە، چونكە ئەوە وا دەكات كە هەم حكوومەت لە مافی خۆی خۆش نەبێت، هەمیش مووچەخۆران لە پاشەكەوتی خۆیان سوود وەربگرن.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكراشی كرد:" ئێمە سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر خەڵكی سنووری سۆرانین، هەر یەك لە ئێمە لە چەند لیژنەیەك ئەندامین، ئێمە ئەو سێ كەسە بەردەوام بەدواداچوون بۆ پرۆژەكانی قەزاكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز دەكەین.
سەوری عیسمەت، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر زیاتر گوتی :" لە كابینەی نوێ چەند گۆڕانكاریەك كران، پارێزگار گۆڕدرا، سەرۆكی شارەوانی هەولێر و سۆران گۆڕدران، ئەو گۆڕانكاریانە بەردەوام دەبن، ئەو شتەی كە لە بەرژەوەندی خەڵكدا بێت كابینەی نوێ دەكات".

بیروڕا

زۆرترین بینراو