گەنجانی ئێرانی لە نێو تۆنێلێكی مەترسیدار بەناوی دوواڕۆژ

گەنجانی ئێرانی لە نێو تۆنێلێكی مەترسیدار بەناوی دوواڕۆژ


شەهلا رەشید

بە هۆی ئاڵۆزبوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری ئێران، بەشێكی زۆری چین و توێژەكان رووبەرووی كێشەی زەقی ئابووری و دابینكردنی بژێوی ژیان بوونەتەوە، بە جۆرێك كە بێكاری بەرۆكی بەشێكی هەرە زۆری تاكەكانی ئێرانی گرتووە لە نێویاندا توێژی گەنجان.
خۆزگە بەرپرسانی ووڵاتی ئێران لەخۆیان دەپرسی بۆچی كەمی ڕێژەی هاوسەرگیری بە ڕادەیەك گەیشتووە كە كچان و كۆران نایانەوێت هاوسەرگیری بكەن، لەم ڕۆژانەدا هیچ هەواڵێكی خۆش نابیسترێت. هەمیشە هەواڵی ناخۆش زۆتر دەبیسترێن، بیر لە كێشەكانی ئەم ماوەیە بكەنەوە. بارودۆخ باش نییە، تەواوی ئەو پەنجەرانەی هیواو وزە دەبخشنە خەڵك بەڕویان داخراون، كاتێك گەنجان بیر لە بەیانی دەكەنەوە هیچ ئۆمێدێكیان نییە، كێشەی دارایی، بێ ئیشی و زۆر كێشەی دیكە وای لە گەنجانی ئێران كردووە بیر لە داهاتوو بكەنەوە، كە چۆن داهاتووی خۆیان دروست بكەن، چەند ساڵێك پێش ئێستا گەنجان بەیارمەتی خێزانەكانیان دەیانتووانی بە سادەی بژین، بەڵام ئەگەر بیر بكەینەوە ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە ئەمەش بەهۆی زۆربوونی داواكاری گەنجان بۆ مۆدیلی نوێ و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و زۆر داوای دیكە، كە لەم دۆخەدا بەهۆی باری لاوازی دارایی گەنجان ناتوانن ئەو ژیانەی حەزیان پێیە بۆ خۆیان دابین بكەن، ئەگەریش بیان ویستبێت ئەم ژیانە دابین بكەن یان هاوسەرگیری بكەن ئەوە دەبێت بكەونە ژێر باری قوورسی قەرز.
گەیشتن بە هاوسەرگیریش زۆر ئاسان نییە، كۆمەڵێكی كێشەی هەیە كە دەبێ بن بڕبكرێن لەوانە مەشقی سەربازی ئیجباری، دابینكردنی كارێكی گۆنجاو، مۆچەیەكی باش، و....هەتد، هەموو ئەوانە هۆكارن كە گەنجان نەتوانن لە كاتی خۆیان هاوسەرگیری بكەن. لە ئێران گەنجان بۆ چەند توێژ یا دەستە و چینێك دابەشكراون، دەستەی یەكەم ئەو گەنجانەن كە بەهۆی یارمەتی باوكیانەوە ژیانی خۆیان بەڕێ دەبەن، ئەوان ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكان لێدەخۆرن و ئەم لاو ئەو لای شار دەسۆرێنەوە، كێشەی ئەم دەستەیەی كە باسمان كرد خراپی داراییان نییە و تەنها هەڵێكیان بۆ رەخساوە بە یارمەتی باوكیانەوە، تا لە رووی ماددییەوە كێشەیان نەبێت بەڵام ئەوانە ناتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خۆیان بناسن و زوو یا درەنگ رووبەرووی كۆمەڵێك كێشە دەبنەوە و وەك باقی گەنجانی دیكە تۆقێكی چاوەروان نەكراو دەخرێتە ملیانەوە.
دەستەی دووەم كۆمەڵە گەنجێكن توانیویان لە ناو بازاڕەكان ئیش و پیشەی خۆیان هەبێت و ژیانێكی سادە بەڕێوەببەن و رۆژانەی خۆیان و خێزانەكەیان دابین بكەن.ئەم دەستەیە هەمیشە ئیش دەكەن تا لە دوا رۆژی خانەنشین بوونیان بێمنەت و ئاستەنگ ژیانی خۆیان بەسەر ببەن.
دەستەی سێیەم ئەو گەنجانەن هیچ پیشەیەكیان نیە‌و هیوایەكیان بە دوواڕۆژ نییە. ئەم دەستەیە رووبەڕووی كێشەی دارایی دەبنەوەو خۆیان وونكردووەو لەسەر پێی خۆیان ناوەستن و ئیش ناكەن. ئەوان بە نائۆمێدی بیر لە دوارۆژی خۆیان دەكەنەوەو بەهۆی ماندووبۆنێكی زۆر بۆ گەڕان بە دوای كار دەگەنە رێگایەكی داخراو، ئیتر هیچ ئۆمێدێكیان نییە و چارەنووسی ژیانیان دەگۆڕێت. ئەم دەستەیە رووبەڕووی بارودۆخێكی خراپ دەبن. گەنجانی ئێران لەگەڵ ئەم باروودۆخە ناهەموارە دەست و پەنجە نەرم دەكەن، زۆربەیان ناتوانن بەشداری خۆشییەكانی ژیان بن، كە ئەمەش حكومەت لێی بەرپرسە گەنجانی ئەم ووڵاتە بە ترس و گومانەوە دەڕوواننە دوواڕۆژی خۆیان. هیچ بەرپرسێكیش نییە بیر لەو گەنجانە بكاتەوە خەریكە ئەم ووڵاتە و ئەم گەنجانە زیاتر بەرەو هەڵدێر دەچن، گەنجان بوونەتە قوربانی بڕیاری بەرپرسان و لە جیاتی ئەوان بیر دەكەنەوەو خەون دەبینن و رۆئیان هەیە، ئەوان سنووریان بۆ بیر كردنەوەی گەنجان داناوە، دەبێ زووتر بیر لە چارەنووسی گەنجانی ئەم ووڵاتە بكرێتەوە.

 

زۆرترین بینراو