گەنجانی سۆران كاركردنی 3 ساڵی كابینەی نۆیەم بەرز دەنرخێنن

گەنجانی سۆران كاركردنی 3 ساڵی كابینەی نۆیەم بەرز دەنرخێنن

مەهدی محەممەد – سۆران
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دروشمی (چاكسازی و خزمەتگوزاری) لە 10 - 7 - 2019 بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكار بوو، بەرزكردنەوەی دروشمێكی لەو جۆرە تا رادەیەك گران و قوڕس بوو بە لای هاونیشتمانیان، دوای سێ‌ ساڵ لە تەمەنی پڕ لە دەستكەوت و چاكسازی و خزمەتگوزاری بەردەوام و بەڕەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تێپەڕكردنی قەیرانەكان، لە ئێستادا روانینی هاونیشتمانیان بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی گۆڕاوەو پێیان وایە كابینەی نۆیەم جیاوازتر لە كابینەكانی پێشوو دەركەوتوو و لە واقیعدا و بە كردار دروشمەكەی جێ بەجێ كردووە و بوێرانە هەنگاوی ناوە.
كامەڕان حەمەدەمین كابینەی نۆیەم بە كەشتیی فریادرەس ناو دەبات و دەڵێ‌"كەشتییەك بە هۆی نەشارەزایی كاپتنەكەی لە نێو قۆڵایی دەریا نەغرۆ ببوو و سەرنشینەكانی لەبەرامبەر توڕەیی شەپۆلەكان، بێ‌ ئومید و بێ دەسەڵات مابوون و چاوەڕێ چارەنووسێكی نادیار و ناخۆشیان دەكرد، ئا لەو كاتە كابینەی نۆیەم وەك كەشتییەكی فریادرەس دەركەوت و تەواوی سەرنشینەكانی بەرەو كەنارێكی ئارام گواستەوە"،
ئەوەش دەڵێ‌"هەرێمی كوردستان بارودۆخێكی پڕ لە قەیران و گەندەڵی و نائارامی و نەبوونی موچە و بێ خزمەتگوزرای تووش هاتبوو، هاونیشتمانیان لە رەوشێكی سەختی دەروونی دەژیان و نەیاندەزانێ ئاخۆ چارەنووسیان بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت و چیان بەسەر دەهێت، سەدان پرسیار دەكرا و وەڵام نەبوو، بە هەزاران گەنج و لاو رێگەی هەندەرانیان گرتەبەر، رەوشی سیاسی و ئابووری و سەربازی رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو، ئەزموونی ئەو هەرێمە لە مەترسی دابوو، هەموو ئەمانە جۆرێك لە رەشبینییان لای هاونیشتمانیان دروستكردبوو و پێیان وابوو هەرگیز ئەو كێشانە چارەسەر نابن، بەڵكوو خراپتریش دەبێت، كوردستان پێویستی بە كەسێك بوو گۆڕانكاری بكات و ئەزموونەكە بپارێزێت و ئاسوودەیی و ئارامی بگەڕێنێتەوە نێو هەموو ماڵێكی ئەم نیشتمانە، ئەوەش مەسرور بارزانی و كابینەی نۆیەم كردی، هەموومان لە ماوەی سێ ساڵ تەمەنی ئەو كابینەیە بینیمان كە چی كراوە و چۆن قەیرانەكان تێپەڕكرا و ژیان و گوزەرانی خەڵك لە خراپترینەوە گۆڕا بۆ باشی و گومانیشم نییە لە داهاتوو باشتریش دەبێت".
"ئێمە تەنیا بەڵێن نادەین، بەڵكو بەڵێنەكانیشمان جێبەجێ دەكەین"، ئەمە قسەی مەسرور بارزانییە ئەو كاتەی بوو بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كارێز عەبدوڵڵا دەڵێ‌"كەسایەتی مەسرور بارزانی لەوەدایە قسە و كرداری یەكە، هیچ قسەیەك بە بێ كردار ناكات، لە ماوەی سێ ساڵی سەرۆكایەتی ئەودا چەندین كاری باشمان بینیی، ئەو كوردستانی لە قۆناخێكی پڕ لە دەردەسەری و قەیران و ناخۆشییەوە گۆڕی بۆ كوردستانێكی ئارام و بەهێز و پڕ لەسەروەری، لە ناوخۆ سنووری لەبەردەم گەندەڵكاران دانا و لە دەرەوەش شكۆی كوردستانی پاراست و ئامادە نەبوو مساوەمە لەسەر بچووكترین لە مافەكانی گەلەكەی بكات و كوردستان هەرزانفڕۆش بكات"، كارێز ئەوەش دەڵێ‌"ئیدی دڵخۆشین بە بوونی كابینەی نۆیەم و لە دڵەوە شانازی پێوە دەكەین، لە رێگەی زاری كرمانجی یەك داوكاریم لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمەكەی هەیە، كە لەسەر چاكسازییەكانی خۆیان بەردەوام بن و رووحم بە هیچ كەس و لایەنێك نەكەن كە دەست بۆ گەندەڵی درێژ دەكاتن".
تاهیر قادر كارەكانی سێ ساڵەی كابینەی نۆیەم بەرز دەنرخێنێت و دەڵێ‌"هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم كابینەی نۆیەم بتوانی ئاوا بە خێرایی سەركەوتوو بێت بە سەر قەیرانەكان و دەستی گەندەڵكاران دوور بخاتەوە لە نێو بەشی زۆری وەزارەتەكانی حكومەتەكەی و جارێكی تر شكۆ بۆ كورد و كوردستان بگەڕێنیتەوە، ئەوان سەلماندیان كە لە بەرەی گەلەكەیانن و هەموو كارێك دەكەن بۆ ئەوەی جارێكی تر ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزرای روو لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە"،
ئەوەی تاهیری نیگەران كردووە لە كابینەی نۆیەم، گرانی نرخی بەنزینە، بۆیە داواكارە لە حكومەت بە هەر شێوەیەك بێت كار لەسەر ئەوە بكات بەنزین هەرزان ببێت و نرخەكەی جێگیر بكرێت بۆ ئەوەی رۆژانە بەرز و نزمی نەكات.
سەرەڕای بوونی قەیرانەكانی ئابووری و تەندروستیی، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ ساڵی كاركردنی، توانی لە بەشێكی زۆری سێكتەرەكان كار و پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام بدات و هیچ قەرزێك نەكات و بگرە زیاتر لە ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار قەرزی كابینەكانی پێشووش بداتەوە، ئەمە بە لای گەنجانەوە جێگەی دڵخۆشییە و بە سەركەوتنێكی مەزن ناوی دەبن.
نەریمان ئەحمەد باس لەوە دەكات كە سیاسەتی بەشێك لە كابینەكانی پێشوو جگە لە نەهامەتی و دروستبوونی قەیرانی یەك بە دوای یەك، هیچی بۆ هاونیشتمانیان پێ نەبوو، بەڵام كابینەی نۆیەم بە هەمووانی گووت"ئیدی ئێوە ئاسوودە بژن"،
نەریمان ئەوەش دەڵێ‌"تەواوی كار و پرۆژە و هەنگاوەكانی چاكسازی كابینەی نۆیەم و پێدانی مووچە لە كات و ساتی خۆی دا، ئومێد و هیوای گەڕاندەوە بۆ خەڵك و وایكرد جارێكی تر خۆشبەختی و كامەڕانی و رۆشنایی روو بكاتەوە نێو ماڵە تاریكەكانی نیشتمان و حكومەت ببێتەوە بە ئی هەمووان و شانازی پێوە بكرێت"، 
نەریمان باس لەوەش دەكات"حكومەتی هەرێمی كوردستان لێهاتووانە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخێكدا كرد كە تەنگژەی ئابووری و كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و كەمیی داهات و گەمارۆ و فشاری بەردەوامی حكومەتی عێراق خەریكبوو بە یەكجاری هەرێمی كوردستان بخنكێنێت، بەڵام ئەو رووبەرووی هەموو ئەو ئالنگارییانە وەستایەوە و توانی لەسەر پێی خۆی راوەستێ و ئەو قۆناخە سەختە بەسەر سەركەوتوویی دەرباز بكات".  
ئەوەی زیاتر نەریمان ی دڵخۆشكردووە دوا بڕیاری قەدەخەكردنی هەڵگرتنی چەك بوو، دەڵێ‌"ئەو بڕیارە دەبوایە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا درابوایە، چونكە كەسانێكی نابەرپرس و تێكدەر چەكیان لە دەست بوو و هەموو كارێكی قێزەون و خراپیان دەكرد، چەك دەبێ تەنیا لای حكومەت بێت و هیچ كەسێكی دەرەوەی دەزگا ئەمنییەكان نابێت چەكی لە دەست بێت، بۆیە پێویستە بە تەواوی دیاردەی چەكداری و بازرگانیكردن بە چەك بنبڕ بكرێت".
هاودەنگ فاروق جوانی نوسیووە كە دەڵێ‌:(ئـــەم كابینەیە بە نـــاو مێرگ و چیمەندا، حوكمی نەكرد، بە ناو تونێلی كێشـــە و قەیراندا گوزەری كرد، لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بەربەســـتی زۆری بۆ دروست كرا، زۆر ئازار درا، بەڵام رۆژبەرۆژ زیاتر پێشكەوت و لە كاروانی چاكسازی و سیاسەتی خۆبژێوی و فرە سەرچاوەكردنی داهات و كار و خزمەت و بووژانەوەدا هەنگاوی مەزنی نا.)
بۆیە سازان بەهرام دەڵێ‌"كابینەی نۆیەم بە نێو تونێلێكی تاریك و پڕ لە كێشە و گرفت و قەیراندا گوزەری كرد و توانی بەسەركەوتوویی و بێ برینداربوون بگاتە ئامانجەكانی، ئەو ئێستا بە شانازییەوە لەبەردەم هەموومان وەستاوە"، سازان داواكارە لە كابینەی نۆیەم لە پێناو زیادكردنی داهاتی ناوخۆ باری هاونیشتمانیان قوڕس نەكرێت و باج و غرامەكان كەمتر بكرێتەوە، ئەو دەڵێ‌"قەیرانەكانی پێشوو هەموومانی هیلاك كردووە، لە ئێستادا ناچاركردنی هاووڵاتیان بەوەی پارەی قەرزی كارەبا و غرامەی پێشینەكان بدەن، بارەكە قورستر دەكات و جۆرێك لە نیگەرانی لای هاونیشتیمانیان دروست دەكات، بۆیە دەكرێ‌ رێگە چارەیەكی تر بدۆزرێتەوە".