گەنجی كوردستان چیدیكە توانای چاوەڕوانكردنی لە حكومەت نەماوە

گەنجی كوردستان چیدیكە توانای چاوەڕوانكردنی لە حكومەت نەماوە

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ
سەڕەڕای ئەوەی هێزی گەنج لە هەرێمی كوردستان زۆرە، بەڵام تا ئێستا بەپێی پێویست سوود لە توانای گەنجان نەبینراوە، وەك هەندێك لە شارەزایان دەڵێن، تا ئێستا گەنج لە كوردستان بەكارهێنەرە و نەتوانراوە سوود لە تواناكانی گەنج وەربگرێت، ئەمە لە كاتێكدایە بەشێك لە چاودێران باس لەوە دەكەن چیدی گەنجان خۆیان لەوە تێگەیشتوون دەبێت خۆیان پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن و چیدی بەكارهێنەر نەبن.
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان ڕێژەی لەسەدا شەست و هەشتی دانیشتوانانی كوردستان گەنجن، ئەمە لە كاتێكدایە گەنج بە بڕبڕەی كار و بەرهەمهێنان دادەنرێت لە هەر وڵاتێكدا، بەڵام لە كوردستان سەڕەڕای ئەوەی هێزی كاری گەنج زۆرە، تا ئێستا بەرهەمی ناوخۆی كوردستان كەمە.
سەبارەت بەوەی بۆچی دوای نزیكەی سی ساڵ لە هەبوونی حكومەتی سەربەخۆ.
سیاكو برادۆستی، مامۆستای زانكۆ و بەڕێوەبەری پێشووی سەنتەری گەشەپێدانی كاری زانكۆی سۆران دەڵێت“ بەداخەوە گەنجی كوردستان گەنجێكی بەكارهێنەربووە، ئەمەش وایكردبوو گەنجانمان بۆ ژیان پشت بە كەسانی تر و لایەنی تر ببەستێت، بەڵام هاتنی قەیرانی دارایی، سەڕەڕای ئەوەی كاریگەرتی خراپی لەسەر هەندێك سێكتەر و لایەنی كوردستان هەبووە، بەڵام هاتنی قەیرانی دارایی وایكرد كە گەنجانمان پشت بە توانای خۆی ببەستێت، ئەمە جگە لەوەی حەزی گەنجانمان بۆ كاری سەربەخۆ و جیاواز زۆربوو، تەنانەت لەم ماوەیەدا خواست لەسەر كاركردن لە كارتی گشتی كەمبووەتەوە، بەتایبەت لە شارە گەورەكان“
ئەو مامۆستایەی زانكۆیە دەشڵێت“ دوای هاتنی قەیرانی دارایی و دەستپێكردنی كارەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گەنجانمان كار بۆ ئەوە دەكەن كە كار بە بیرۆكە و پڕۆژەی نوێ بكرێت، هەڵبەت ئەمە وادەكات گەنج بۆ بۆنیاتنانی داهاتووی خۆی پشت بە خۆی ببەستێت“
سالار كازم، خاوەنی كێڵگەیەكی بەخێوكردنی ئاژەڵ دەڵێت“ ئەگەرچی ماوەیەكی زۆربوو بیرۆكەی دروستكردنی كێڵگەیەكی بەخێوكردنی ئاژەڵم هەیە، بەڵام لەتوانامدا نەبوو ئەو پڕۆژەیە بەجێ بگەینم، بەڵام بەرە بەرە هەوڵمدا ئەم بیرۆكەیە بكەمە راستی“
ئەو گەنجە گووتیشی“چیدیكە ناكرێت گەنجان چاوەڕێی لایەنی حكومی بكەن بۆ ئەوەی كاریان دەستكەوێت“
دانا جەبار، بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە كۆمپانیایەكی بواری بیناساسی لە كوردستان دەڵێت“ لە كوردستان نەتوانراوە سوود لە توانای توێژی گەنج وەربگیرێت، هەڵبەت ئەمەش لەلایەكەوە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، لەلایەكی ترەوە گەنج خۆی نەیوویستووە بەشداربێت لە كاروانی داهێنانی جیهانیدا“
ئەو شارەزایە دەشڵێت“ لە كوردستان گەنجی زۆر بەتوانا هەیە، كە لەتوانایاندا هەیە داهێنانی گەورە بكەن، بەڵام حكومەت و كەرتی تایبەت نەیتوانیوە سوود لە توانای ئەم گەنجانە وەربگرێت.
گەنجی كوردستان چیدیكە توانای چاوەڕوانكردنی لە حكومەت نەماوە، خۆیان روویان لە جێبەجێكردن و هێنانەدی خەونەكانی خۆی دەكات“.

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو