گەنج لە كوێی سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستاندایە

گەنج لە كوێی سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستاندایە

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ
زۆرجار لە وتارە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا گەنج بە كۆڵەگە و بنەمایەكی گرنگی كۆمەڵگا دادەنرێت، بەڵام دەكرێت لە راستیدا ئەم توێژە پشتگوێ خرابێت و نەك كۆڵەكەیەكی گرنگ نەبێت، بەڵكو دەكرێت هەر حسابی بۆ نەكرێت.
هۆژین فەهری، گەنجێكی سۆرانە و سەبارەت بە ڕۆڵی گەنج لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان دەڵێت: لە هەرێمی كوردستان گەنج وەك هەر توێژێكی تری كۆمەڵگا دەتوانێت دەنگ بدات، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەینێت گەنج بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسیدا، چونكە ئەگەر بڵێین گەنج بەشدارە لەو پڕۆسەیەدا، ئەوا دەبێت بزانین بەشداریكردن تەنها بە وەرگرتن و پڕكردنەوەی پۆستە و پلەكان نییە، بەڵكو بەشداریكردنە لە بڕیار و بەرنامە سیاسییەكانی كوردستان، بەڵام ئەوەی ئێمە دەبینین چەند گەنجێكیان لە ناو پەرلەمان و پۆستە حكومییەكاندا داناوە، بەڵام ئەمە تەنها ڕووكەشییە و بەڕێژەیەكی زۆر كەم بەشدارن لە بڕیار و بەرنامە سیاسییەكاندا.
ئەم كچە گەنجە گووتیشی: حزبە سیاسییەكان وایان لە گەنج كردووە، تەنها دانیشن و خەریكی نێرگلە كێشان و موبایل بن، ئەگەر نا، گەنجی كوردستان زۆر بەهێزن و توانایەكی زۆریان هەیە.
ئەم وتانە لە كاتێكدانە كە بەهێز سالح دەڵێت: ئەوەی لەم وڵاتەدا حسابی بۆ نەكرێت گەنجە، جا لە هەموو ڕوویێكەوە، حزبە سیاسییەكان كۆمەڵێك گەنج پیشانی خەڵك دەدەن و لە بانگەشەكانی هەڵبژاردن دەنگیان پێ كۆدەكەنەوە، بەڵام دواتر ئەوەی حسابی بۆنەكرێت گەنجە.
چونكە لە كوردستان زیاتر كار بە تەمەن دەكرێت، نەك كارامەیی و زیرەكایەتی.
بەهێز گووتیشی: شەرمەزارییەكی زۆرە بۆ ئەو كەسانەی لە پۆستە باڵاكانن بەناوی گەنجەوە، چونكە ئەوان دەبێت زیاتر كار بۆ توێژی گەنج بكەن، ناكرێت كوردستان گەنج هەر خەریكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بێت، كاتی ئەوە هاتووە بەجددی گەنجی كوردستان بەشدارییەكی گرنگیان هەبێت لە بڕیار و بەرنامەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەوانەی دەڵێن سیاسەت شارەزایی و ئەزموونە، دەبێت خۆیان وەڵامی ئەوە بدەنەوە بۆچی لەو هەندە ساڵەی ئەوان بڕیار و پلان دادەنێن كورد نەبووتە دەوڵەت؟
هەڵبەت یان ئەوەتا ئەوان كەم ئەزموونن، یا سیاسەت پەیوەندی بە ئەزموون و تەمەن و شارەزایەتییەوە نییە.
وتەی ئەم گەنجانە لە كاتێكدایە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەم خولەی پەڕلەمانی كوردستان ڕێژەی هەرە زۆری وەزیر و ئەندامانی پەرلەمان گەنجن، بەڵام وەك كەكشار حەمەد دەڵێت: چی لە وەزیر و ئەندامێكی پەرلەمان بكەم، كە نەتوانن كار و پڕۆژەیەك بۆ گەنجان دابین بكەن، دەبوایە ئەوان چیتر ئەوە قەبول نەكەن گەنج بێكار بێت، بەڵكو دەبوایە زیاتر لە هەمووان خەمی ئێمەی گەنجی پشتگوێ خراودابانە.

زۆرترین بینراو