ھێرشەکەی تورکیا و چەند تێبینیەک

مستەفا سۆفی

 ڕوون و ئاشکرایە کە ھێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ڕژێمی فاشیستی تورکی بۆسەر ھەرێمی کوردستان مێژوویەکی درێژی ھەیە و چەندین ساڵە تورکیا بە دڕندانە ترین شێوە ناوچە سنووریەکانی ھەرێم تۆپباران دەکات و لە ڕێی دڕۆن و فرۆکەجەنگیەکانی تەنگی بە ھاوڵاتیانی نیشتەجێی ناوچە سنووریەکان ھەڵچنیوە، تورکیا پاساوەکەی بۆ ئەو کارە ناڕەوایە بوونی چەکدارانی پەکەکەیە لەو ناوچانە ، پەکەکەش وەک کاری لەمێژینەی خۆی درێغی نەکردووە لە پاساو دانە دەست داگیرکەران و پەیتا پەیتا تورکیا زیاتر و زیاتر دەکێشێتە نێو خاکی ھەرێم و ھاوڵاتی کوردستان زیاتر دەدا بەکووشت.

بەڵام ئەم ھێرشەی ئەوڕۆ و پەرچەکردارەکانی تەواو جیاوازن لە پێشوو.   ئەم ھێرشەی ئەمڕۆ لەدوای کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکەی ئێران و ڕووسیا و تورکیا دێت کە لە بەیاننامەی کۆتای دانیشتنەکە دوو خاڵی کۆتای یەکێکیان بریتی بوو لە (ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەر سێ وڵات لە بەرەنگار بوونەوەی گروپە تیرۆریستیەکن "کە پەکەکەش بەشێکە لەوان") وە دووەمیان ( پتەو تر کردنی پەیوەندی سیاسی و ئابووری نێوان سێ وڵات). لە ھەلوومەرجی ئێستای عراق دا کە ئێران بڕیاری کۆتایی لێ دەدات و بەشێکی زۆری ھێزە سیاسی و سەربازیەکانی عراق بە پاشکۆی ئێران دادەنرێن بەدڵنیاییەوە ئەجێندایەکی ھاوبەشی ئێران و تورکیایە. تورکیا بەو لێدانەی ئەمڕۆ دەشێت کە زەرەرێکی گەورە لە کەرتی گەشتوگوزار لە کوردستان بدات و یەکێک لە جومگە ئابووریەکانی ھەرێم لاواز بکات، کە تەنھا دوای ماوەیەکی کورت ٥٠ کۆمپانیای گەشتوگوزار گەشتەکانی خۆیان بۆ پارێزگای دھۆک ھەڵوەشاندەوە کە لە داھاتوو لەوانەیە ئەو ژمارەیە تووشی ھەڵکشان ببێت کە ئەمەش لێدانە لە کەرتی گەشتوگوزار لە ھەرێم. ھەروەھا موقتەدا سەدر لە ڕاگەیێندراوێک دا داوای داخستنی ھەموو خاڵە سنووریەکانی کرد لە نێوان تورکیا و عراق دا کە عراق بە درێژایی ٣٦٧ کیلۆمەتر سنووری وشکانیان ھەیە کە زۆرینەی دەکەوێتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان کە سەرەکیترینیان مەرزی ئیبراھیم خەلیلە، کە وەک ئاشرایە ڕێژەیەکی زۆری دەرامەدی ھەرێم لەسەر داھاتی خاڵە سنووریەکانە بەتایبەتی گومرگی ئیبراھیم خەلیل کە جێگەی باسە داھاتی گومرکی دەروازە سنووریەکان لەم کابینەیەدا ١،٦٩١ تریلیۆن دینار بووە، وە ئەگەر بێت و ئەو خاڵانە دابخرێن زەرەرمەندی سەرەکی ھەرێمی کوردستان و ھاونیشتیمانیانی ھەرێم دەبن. وە ھەروەھا ھەرێمی کوردستان زۆرترین ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا ھەیە کە ئەو داخستنە ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانیانە پەک دەخات. وە لە ھەر بەپەچدانەوە یان ھێرشێکی سەربازی لەلایەن عراق بۆ بنکەکانی تورکیا دیسان ھەرێمی کوردستان و ھاوڵاتیانی کوردستان زەرەرمەند دەبن چونکە زۆربەی پێگە سەربازیەکانی تورکیا لە نێو خاکی ھەرێم و لە ناوچە سنووریەکانی ھەرێمن، وە لە ئەگەری ھەر ھێرشێکدا ھاوڵاتیانی ھەرێم دەکەونە بەر ھەڕەشەی تۆپ و تەیارەی ھەردووکلایەن و دیسان ژیان و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە ناوچە سنووریەکان پەکیان دەکەوێت کە ئەمەش دیسان سێکتەری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دوچاری کێشە دەکات و ئابووری ھەرێمیش ڕووبەڕووی ھەڕەشە دەکاتەوە.

 کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە دەکرێ دەستی پشت پەردەکانی ئەو ڕووداوە ھەوڵدانبێت بۆ لاوازکردنی جومگە ئابووریەکانی ھەرێم و بەیەکجاری پەکخستنی ھەرێم لە ڕووی ئابووریەوە وە دوای ئەوە ھەرسێک وڵات لە ١٦ ئۆکتۆبەر نەیانتوانی لە ڕێی سەربازی شکست بە ھەرێم بێنن و قەوارەی ھەرێم بسڕنەوە ئێستا ڕێگای دیان گرتۆتەبەر بۆ لاواز کردن و لەناو بردنی. ھەموو ئەوانەش لە دوای ئەوە دێن کە ھەفتەی لەمەوبەر کارنامەی سێ ساڵ کارکردنی ئەم کابینەیە ڕاگەیێندرا کە تێیدا بەڕونی ئەوە دیار بوو کە چەندە ھەرێم بەرەوپێشەوە چووە و توانیویەتی لە ڕووی ئابووریەوە تا ڕادەیەکی باش سەربەخۆ بێت و چیدی چاو لەدەستی حوکمەتی ناوەند نەبێت، کە ئەوەش زەنگی مەترسیە بۆ ھەرسێ دەوڵەتی فاشی ئێران، تورکیا، و عراق کە ھیچ کات گەشەکردن و بەرەو پێش چوونی ھەرێمیان ناوێت بۆیە دوور نییە کە ئەو ڕوداوە ھەوڵێک بێت بۆ لە ناوبردنی قەوارەی ھەرێم.  

 ھاوکات دیوێکی ئەرێنی ئەو ھێرشەی تورکیا ئەوەبوو کە شەقامی عراقی و سەرکردایەتی عراق سەلماندیان کە کورد بە بەشێک لە عراق نازانن و کورد ھاوڵاتی عراق نییە، چونکە بە پێی ڕاگەیندراوی CPT ئەمریکی “ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە بوونە قوربانی لە درێژەی ئەو شەڕە لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 138 کەس، 129یان هاونیشتمانی هەرێمی کوردستانن، هەروەها 204 کەسیش برینداربوون کە 195یان هاونیشتمانی هەرێمی کوردستانن." تا پێش ئەو ڕوداوەی دوێنێ ١٢٩ ھاوڵاتی کوردستانی شەھید بوون و تا ئێستا شەقامی عراقی و سەرکردایەتی عراق خۆیان بەخاوەنی نەزانیوە و ھیچ پەرچەکردارێکیان نەبووە، بەڵام کاتێک کە قوربانیەکان عەرەبی عراقی بن شەقام دەجوڵێت و سەرۆک بەیاننامە دەدات و سەدر ھەرەشە دەکات و سوپا دەچێتە ئامادە باشیەوە! ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد چ لەلایەن شەقام و تاکی عراقی چ لەلایەن پارت و لایەنە سیاسیەکان بە بەشێک لە عراق ھەژمار ناکرێت.   ئەوەی لەو ڕوداوە زۆر خەمبارکەر و ناخۆشە ئەوەیە کە خوێنی کورد لەلای جیھانیان و سیاسیەکان چەنش ھەرزانترە لە خوێنی ئەوانی دی لە کاتێک ھەمان ئەو عەرەبە عراقیانە بوون کە لەبەرامبەر داعش ڕایان كرد و نیوەی خاکی عراقیان پێشکەش بە داعش كرد و پێشمەرگەش چۆن بە خوێن و گیان بەرگری کرد و ئەفسانەی داعشی تێک شکاند و جیھانی لەو مەترسیە پاراست بەڵام ھێشتاش جیھان خوێنی ئەوانی لە خوێنی ئێمە پێ سوورتر و گرانترە.