یاریزانێكی چۆمان پلەی سێیەم و گەیشتنی بە هەڵبژاردەی عێراقی مسۆگەر كرد

یاریزانێكی چۆمان پلەی سێیەم و گەیشتنی بە هەڵبژاردەی عێراقی مسۆگەر كرد

زاری كرمانجی-چۆمان: هەینی رابردوو لە رێورەسمی پاڵەوانییەتی عێراق لە شاری بەغدا بۆ یاری تایكواندۆ، یاریزانێكی دانیشتووی چۆمان پلەی سێیەمی بەدەستهێناو خۆی گەیاندە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.
عەلی عەبدولموتەلیب، لە لێدوانێكیدا بۆ زاری كرمانجی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەم سەركەوتنەو رایگەیاند: لە كێشی 74 كیلۆگرامی پلەی سێیەمم لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا، ئەمەش دوای ئەو هەوڵ و ماندووبوونە دێت لەگەڵ هاوپیشەكانم، لێرەوە سووپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەكەم كە هاوكارمان بوون بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، بەتایبەتی دایك و باوكم، راهێنەرو مامۆستاو هاوپیشەكانم لە هەڵبژاردەی هەولێرو یەكێتی تایكواندۆی هەولێر، بێگومان ئەو سەركەوتنە بەشێكی بۆ هەوڵ و پاڵپشتی ئەوان دەگەڕێنمەوە".
ئەم یاریزانە ئاماژەی بەوە كردوو گووتی" كاریگەری قسەی نەرێنی خەڵك كاری لێنەكردووم و بەردەوام باوەڕی تەواوم بەخۆم هەبووە بۆ گەیشتن بە پلەی بەرزتر، هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەكان پاڵپشتی بەهرەی وەرزشی و جەستەیی گەنجانمان بن بۆ ئەوەی ناوی هەرێمی كوردستان بگەیەنینە وڵاتانی جیهان".
عەلی كە ئێستا تەمەنی 20 ساڵەو قوتابی قۆناغی دووەمە لە كۆلێژی پەروەردە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی سۆران، وەكخۆی گووتی" پێشتر لە پاڵەونییەتی رواندزو هەڵبژاردەی هەولێرم بەشدارییم كردووەو پلەی یەكەمم بەدەستهێنا".
گووتیشی" بۆ ئەم جارەش لە بەغدا ئێمە چەند یاریزانێكی تایكواندۆ وەك یاریزانی هەڵبژاردەی هەولێر بەشداریمان لەم پاڵەوانەتییە كرد، كە خۆی دەبینییەوە لە هەشت كێش، لە كێشی 74 كیلۆگرامی پلەی سێیەمم بەدەستهێنا لەسەر ئاستی عێراق، راستەوخۆش براوەی پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم بووین بە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ تایكواندۆ لەسەر ئاستی گەوران".
جگە لە عەلی عەبدولموتەڵیب، دوو یاریزانی كورد لە هەرێمی كوردستان بەناوەكانی یونس موخڵیس بە پلەی یەكەم لە كێشی 54 كیلۆگرامی و عەلی سەڵاح بە پلەی دووەم لە كێشی 63 كیلۆگرامی توانیان بگەنە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.

زۆرترین بینراو