یاری بەچارەنووسی نەتەوەی كورد مەكەن

ئیسماعیل ئیبراهیم

سیاسەتی لە خۆباییانەی پەكەكە لە زاری سەركردە باڵاكانیان بەجۆرێك بووە كە هەمیشە هانی هاتنی هێزی توركیایان داوە بۆ باشوور، جەمیل بایك و قەرەیلان، دەیان جار لە كەناڵەكانی راگەیاندنی خۆیان بە دەنگی بەرز هاواریان دەكرد، ( ئەگەر توركیا مەردە با بێن، ئەگەر شەرفسز نین بابێن، ئەگەر ئازان با بێن)، باشە فەرموو ئەوە هاتن دەستیان بەسەر دەیان گوندی دیكەدا گرت، چەند هاووڵاتی دیكەیان شەهید كرد، چەند گوندی دیكەیان خاپوور كرد، سەدان خێزانی دیكەیان ئاوارە و بێ جێ و رێ كرد، كوا هەڕەشەكانتان؟ كوا خۆ پفدانتان؟
لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت, پەكەكە هۆكاری سەرەكی پەلكێش كردنی هێزەكانی توركیا بووە بۆ باشووری كوردستان، هۆكاری ماڵ وێرانی و گیان لەدەستانی دانیشتووانی باشوور بووە، سەدان گوند بە هۆی هێزەكانی ئەوانەوە چۆڵ كران، زیانێكی زۆری ئابووری بەر ژێر خانی خۆ جێیی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازی كوردستان داوە، سەرانە لە هاووڵاتییان وەردەگرێت، هەزاران منداڵی باشوور لەلایەن ئەوانەوە هەڵخەڵەتێندران و زۆربەیان بێ سەروشوێنن و كەس نازانێ تەرمەكانیشیان لە كوێیە، زیانێكی زۆری سیاسییان بەر دۆزی رەوای نەتەوەی كورد داوە، بەهۆی سیاسەتە هەڵەكەیانەوە دۆخی كورد لە باكووری كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، بەجۆرێك بەشێكی زۆری كوردانی باكوور بێزار بوونە, لەم جۆرە شۆڕش كردنەی پەكەكە، لەبەر ئەوەی هەر ئەوانن نەیانهێشتووە لە رووی ئیداری و سیاسییەوە هێزە یاساییەكانی باكوور خەباتی مەدەنی بكەن، بیرمانە كاتێ بەهیمەتی لایەنە سیاسی و سەركردەكانی باشوور هەدەپە توانی لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر 81 كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێ, چەند لووت بەرزانە هەموو جۆرە دیالۆگێكیان لەگەڵ ئاكەپە رەت كردەوە لە پێكهێنانی كابینەی حكومی، هەر چەندە سەركردە سیاسییەكانی باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا داوایان لێ كردن سیاسەتی ژیرانەتر بگرنەبەر و لەگەڵ ئاكەپە بگەنە رێككەوتن، بەڵام قەندیل بە هەموو شێوەیەك رەتی كردەوە، بۆیە لە هەڵبژاردنی دواتر 31 كورسی لەدەستدا و ئاكەپە بێ منەتانە حكومەتی پێكهێنا و كەوتە گیانی تۆڵەكردنەوە لە هەدەپە كە كەوتبووە ژێر هەیمەنەی قەندیل، دواتریش هەموو ئەو شارەوانییانەی لە هەڵبژاردنەكانەوە بردبوویانەوە لێیان سەندرایەوە و قەیوومیان بۆ دانان، سەدان رۆژنامەنووس و چاڵاكوان و سیاسی كورد, بە تۆمەتی هاوكاری كردنی پەكەكە خرانە كونجی زیندانەوە، رۆژانە پارێزبەندی لە پەرلەمانتارە كوردەكان وەردەگیرێتەوە، ئاكەپە بۆ تۆڵە كردنەوە لە هەدەپەی ژێر هەژموونی پەكەكە تەنها لە توركیا و باكوور كوردستان نەوەستا، پەلی بۆ رۆژئاوا هاوێشت و بەشێكی زۆری خاكی ئەوێی خستە ژێر چەنگی داگیركاری خۆی، بۆ باشووریش بە هەمان شێوە دەستی بە بەر فراوانتر كردنی هێرشەكانی كردووە، لە كاتێكدا ئەگەر ئەو كاتە رێنماییەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی و رێزدار نێچیرڤان بارزانییان بە هەند وەرگرتبایە، بێ گومان پرۆسەی ئاشتی لە توركیا تا ئێستاش بەردەوامی دەبوو، بێ گومان پێگەی كورد پێچەوانەی ئەم دۆخەی تێیكەوتووە لە باكوور, لە رووی سیاسی و ئابووری و بەهێزتر كردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان, لە قۆناغێكی زۆر باشتر دەبوو، چونكە لە سەرەتای دەست پێكردنی پرۆسەی ئاشتی قسە لەسەر ئەوە كرا، عەبدولڵا ئۆجەلانیش ئازاد بكرێت، پەكەكە نەك هاوكاری پرۆسەی ئاشتی نەبوو، بەڵكو بووە هۆی تێكدانی هەموو هەوڵەكانی پێشووتر بۆ گواستنەوەی كێشەی كورد بۆ قۆناغێكی جیاوازتری دوور لە توند و تیژی، بۆیە ئێستا هەموو كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستانەوە ناچارە باجی سیاسەتە هەڵە و تاكڕەویانەی پەكەكە بداتەوە، بەجۆرێك كە دەستكەوتەكانی رۆژئاوا و باشوور خەریكە دەكەوێتە مەترسییەوە.
ئەم قسانەی سەرەوەم بەو مانایە نییە بمەوێت شەرعییەت بە داگیركاری توركیا بدەم، بە پێچەوانەوە باش دەزانم كە توركیا وڵاتێكی داگیركەری خوێن رێژ و دووژمنی سەرسەختی كوردە لە هەر شوێنێكی جیهان بێت، پێڵاوێكی قارەمانێكی كورد هەرگیز بەسەری هەموو توركەكان ناگۆڕمەوە، بەڵام سیاسەتی هەڵشە و كورت بینی پەكەكە تەواوی دەستكەوتەكانی كورد دەخاتە ئاگرێكی بێ ئەمانەوە كە هەموومان پێوەی دەسووتێین. ئێستاش نەچووە بچێ تا زووە بە خۆتان و سیاسەتە هەڵەكانتاندا بچنەوە و یاری بە چارەنووسی ملیۆنان كوردەوە مەكەن.

 

زۆرترین بینراو